سامان وەستا بەکر: یەکێتی بە بەردێک دوو پۆستی لەدەستی پارتیا کوشت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سەرەتای گەمەکە:
ئەگەر کەمێک بەووردی لە دیمەنی شانۆی هەڵبژرادنی سەرۆک کۆمار بڕوانی ئەتوانرێ بە ئاسانی لایەنی سەرکەوتووی شانۆکە ببینرێ و هەرئەوەشنا، بەڵکو ئەتوانرێ لەوەش تێبگەی کە سیاسەت چ زەلکاوێکە.
ی.ن.ک و سەرۆکەکەیان زۆر بە سانایی ی.ن.ک گەمەیەکی زۆر زیرەکانەیان کردوو و توانیان بەجۆرێک پ. د.ک فریووبەن کە نەک بەس تەنها پۆستی سەرۆک کۆماریان لێبردنەوە و جارێکی تریش مۆری موڵکی یەکێتی پێوەنایەوە، بەڵکو بەجۆرێک گەمەیان کرد کە پارێزگاری داهاتووی کەرکوکیش ئەگەر جارێکیتر بۆ کوردبێ ئەوا هەر بۆ ی.ن.ک ئەبێ.
سەرەتا یەکێتی باش ئەوەی ئەزانی کە سەرۆکی پ. د.ک هەمیشە شەری کۆنەقین ئەکات و شکستی پێشووی فواد حسێنی بەرامبەر دکتۆر بەرهەم ساڵح لەبیرناچێ و بەهیچ جۆرێک بەئاسانی ڕێگە بە هەڵبژاردنەوەی دکتۆر بەرهەم نایەن، هەر بۆیە بە مسۆگەرکردنی ئەو پۆستە دکتۆر بەرهەم ساڵحیان وەک کەپشی فیدا لەدژی خواستی سەرکۆی پارتی دیاریکرد.

کەواتە ئەمەیان بۆ کرد؟
ئەوان باش لەوە تێگەشتبوون و ئەیانزانی کە هەر کەسێک بەربژێر و دیاریبکەن بێ هیچ گومانێ ڕکابەرێکی پارتی بەرامبەر دیاری ئەکرێ، بۆیە ئەبوو ئەو کاندیدە دکتۆر بەرهەم ساڵح بێت، کە بەهیچ جۆرێ شانسی متمانە وەرگرتنی پارتی و سەرۆکەکەی نابێ، لەهەمان کاتیشا ترسێکی زۆر لەدڵی پارتی و سەرۆکەکیا دروست ئەکات، بەجۆرێک کە ئەبێتە شورەییەکی گەورە ئەگەر دووجار بەرامبەر هەمان کاندید شکست بهێنن، ئەوەش وا لە پ. د.ک و سەرۆکەکەیان ئەکات کە بۆ دەربازبوون لە شکست داوای کشانەوەی دکتۆر بەرهەم ساڵح بکەن، لەبەرامبەریشا هەر کاندیدێکیتر ی.ن.ک دیاریبکات ئەوان دەنگی پێئەیەن، ئەمەش نهێنی ئەو گەمەیە بوو کە یەکێتی کاری لەسەر ئەکرد.
بەو جۆرە ی. ن.ک پۆستی سەرۆک کۆمار هەر لای خۆیان ئەهێڵنەوەو بۆ جاری چوارەم، بەڵام ئەمجارەیان بە ڕەزامەندی پارتی و سەرۆکەکەیان مۆری مۆرکی یەکێتی بوونی ئەو پۆستە بەدەستی خودی پارتی و سەرۆکەکەی لە کۆشکی کۆماری عێراق بۆ یەکێتی ئەنەخشێنن، سەرنجامیش یەکێتی کاندیدە دڵخوازەکەی خۆیان و گەیاندنی پوری سەرۆکی یەکێتی وەک خانمی یەکەمی عێراق بە کۆشکی کۆماری بەدەستئەهێنن، بەمەش ئەوترێ زیرەکی ئەگەر وا بیریان لێکردبێتەوە.

خواستی ی. ن.ک یان بنەماڵە؟
بۆ یەکێتی و سەرۆکەکەی بێگومان کەسێک لەبنەماڵەی خۆیان باشترە تا هەر بەربژرێکیتر، بەتایبەتی ئەگەر ئەو کەسە هاوسەری کارگێڕی مەکتەبی سیاسی حیزبەکە و مێردی پوری سەرۆکی حیزبیش بێت، نابێ ئەوەش لەبیر بکرێ کە کچانی ئیبراهیم ئەحمەد هیچ کاتێ کەیفیان بە خێزانی دکتۆر بەرهەم ساڵح نەهاتووەو ناشیەت، پێشتریش ناڕەزای زۆریان هەبوو وە ڕێگری زۆریان کرد تا ڕێگەنەیەن ببێتە خانمی یەکەمی عێراق، بەڵام ئەو کاتە ناچاربوون، چونکە دکتۆر بەرهەم ساڵح بەربژێری پەسەندکراوی زۆربەی لایەنە عێراقییەکان بوو.
ئەگەر لەسەرەتاوە ی. ن.ک دکتۆر لەتیف ڕەشیدی کاندید کردایە بۆ سەرۆک کۆمار هیچ گەرەنتیەک نەبوو بۆ سەرخستنی بۆ ئەو پۆستە، بەڵام زیرەکانە و وەک بەربژێری سەربەخۆ ڕێگەیان لێنەگرت، بەڵام هیچ کاتێکیش وەک کاندیدی ئەو حیزبە ڕەفزیان نەکردەوە، بەڵکو تەنها ئەیان ووت تاکە کاندیدی ئێمە دکتۆر بەرهەمە، ئەمەش بەو واتایەی کە ئەو حیزبە بەئاگری سوتاندنی شانسی دکتۆر بەرهەم ساڵح ڕێگەی بەردەمی دکتۆر لەتیف ڕەشیدی ڕووناک ئەکردەوە.

یەکێتی چی تریشی بردەوە؟
ی. ن.ک بەم کارەی تەنها پۆستی سەرۆک کۆماری بۆ خۆی قۆرخ نەکرد، بەڵکو کارێکی کرد کە بەربژێرە دڵخوازەکەیان لەلایەن پارتی و سەرۆکەکەیانەوە وەک کاندیدی ناچاری پارتی دیاری بکرێ بۆ ڕێگریکردن لە هەڵبژاردنەوەی دکتۆر بەرهەم ساڵح، بەوەش یەکێتی نەک هەر سەرۆک کۆماری بردەوە، بەڵکو یاریەکەی بەجۆرێک زیرەکانە کرد کە لەپۆستەکانی تری حکومەتی داهاتوو بێبەش نەبێ، لەهەمان کاتیشا پۆستی داهاتووی پارێزگاری کەرکوکیش هەر بۆ ئەو حیزبەبێت.
لە نەخشە ڕێگای بەرەو کۆشکی کۆماری ی. ن.ک، بەجۆرێک پ. د.ک فریویرا کە بەربژێرە دڵخوازەکەی یەکێتی و سەرۆکەکەیان وەک بەربژێری دڵخوازی پارتی و سەرۆکەیان دەستنیشان بکرێ، بەو جۆرەش لە داهاتووا ی. ن.ک داشی سوارئەبێ، ئەتوانێ شەڕی ئەوە بە پارتی بفرۆشێ کە پۆستی سەرۆک کۆمار بەدڵ و خواستی پارتی و سەرۆکەکەیان بووە، بۆیە لەبەرامبەرا ئەبێ پۆستی پارێزگاری کەرکوک بۆ یەکێتی بێت، واتە ی. ن.ک و سەرۆکەکەیان بە بەردێک نەک دوو چۆلەکە، بەڵکو دووجار پ. د.ک و سەرکۆکەکەشیان کوشت.

سیمای سیاسەت:
لە کۆی جیهان بەشێوەیەکی گشتی نە سیاسەت کارێکی بێ نیشانەی پرسیارە، نە سیاسەتوانانیش خەڵکانێکی بێ گومانلێکراون، ئەم نیشانەی پرسیار و گومانەش لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکیتر ڕێژەکەی ئەگۆڕێ، تا لە ڕۆژهەڵات نزیک ببیتەوە ڕێژەکە زیاد ئەکا، وە لە عێراق و هەرێمی کوردستان ڕێژەکە بەجۆرێک بەرزە تەنانەت خودی سیاسیەکان لە مێدیاکانەوە باس لە گومان و نیشانەی پرسیار لەسەر ئەو ئەزموونە ئەکەن کە خۆیان خوڵقێنەر و بەڕێوەبەرین.
یەکێک لە ناشیرنیەکانی سیاسەت ئەوەیە کە شوێنێک نیە بۆ متمانە بوون و باوەڕکردن، بۆیە هەمیشە مرۆڤە ڕاستگۆو بێ فێڵ تەڵەکەکان تیایا شکست ئەهێنن.
براوەی سیاسەت ئەوانەن کە هەمیشە لەیەک کاتا دوو ڕوو، دوو زمان و دوو دیویان هەیە.
لەسیاسەتا گرنگ نیە چەن وە بەچی پێبکەنی، گرنگ ئەوەیە لەکۆتاییا پڕ بردڵی خۆت پێبکەنی، تاکە ڕێگاش بۆ ئەمە تەنها درۆ، فێڵ، تەڵەکەبازی، فریودان، فرۆشتنی نزیکترین هاوڕێکان بۆ کڕینی کورسی زیاتر.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت