عەبدوڵا کەریم مەحمود: لۆزانیکی تر لە بەغداد.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سەرۆک خیڵەکانی کورد لە سەردەمی چاڵدێرانەوەو زۆر لەسەرۆکەکانی کورد لە دوای جەنگی جیهانی یەکەمەوە، بە دریژایی میژوو تا ئیستا، بە عەقڵێکی چەق بەستووی شەخسیی و زەلکاوی نەرجسیەت، لە چوارچێوەی داخراوی بەرژەوەندی خانەوادەو بنەماڵەو خێڵ و حیزبەوە، هەڵسوکەوتیان لەگەڵ زنجیرە پێشهاتەکان و رووداوەکانی ئەم نیشتمانەدا کردووە.
بە عەقڵێکی نائاسایی و بەگرێی دەرونییەوە، لە ململانێی رق و کینەو بوغزو بوختیان و تۆمەت و پاشقول گرتن و چاڵ هەڵکەندن بۆ یەکتریی، بۆ تۆڵەو تۆڵەکردنەوە لە یەکتریی.
ئایا ئەم سەرکردانەی کورد بەم کردەوەو هەڵویستانەیان خزمەت بە گەل و نیشتمان دەکەن؟ ئایا ئەمەیە هەڵوێستی پیشمەرگەو سەرکردەکانی کوردە؟ ئایا ئەمە وەفاو ئەمەکە بۆ خوینی شەهیدانی نیشتمان بۆ ئەنفال بۆ گۆڕە بە کۆمەڵەکان؟
ئایا ئەم هەلوێستانە، ستراتیژی وتاری نەتەوەیی و نیشمانین؟ ئایا پلان و بەرنامەو نەخشەی سیاسیی ئەم سەرکردانە بۆ پرۆژەی ئەزمونی دیموکراسی و خزمەتە؟ یا بۆ سیناریۆی سڕینەوەو تێکشکانی یەکتریی لە ناو هۆڵی پەرلەمانی بەغداد.
لە 1923 کورد و مافەکانی لەناو دەقەکانی پەیماننامەی سیڤەر لە پەیماننامەی لۆزان لە سویسرا سڕایەوە.
لە 1923ەوە لە هۆڵی لۆزانەوە 100 ساڵە کورد، کۆمەڵ کوژ و ئەنفال و ژەهر باران و جینۆساید دەکرێ، ئەوە عەقڵی سەرکردەکانی کوردە لە ناو هۆڵی پەرلەمانی بەغدادی پایتەختی هەموو بڕیارەکانی جینۆسایدی کورد، شەڕی ناشرین کردنی یەکتریی و ململانێی پاشقولی نا دیموکراسی و سیناریۆی یەکتریی سڕینەوە دەکەن بەدەنگی ئەو ئەندام پەرلەمانە رەگەزپەرستانە گەر بواریان بۆ بڕەخسێ جاریکی تر، رەشەبای ژەهرو ئەنفالێکی تری کورد لە نیشتمانەکەی دەکەنەوە.
ئایا بەو سیناریۆی عەقڵی حەکیمانەی ئەم سەرکردانەی کورد بە ڤایرۆسی سیاسەتی کرۆنای کورد، داوای 100 ساڵ ئەمجارەیان سەرکردەکانی کورد خۆیان، کوردو نیشتمانەکەی رووبەرووی کلتوری ئەنفال و یەکتریی سڕینەوە و لۆزانێکی تر لە بەغداد دەکەنەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت