بەهرۆز جەعفەر: هێماکانی گۆڕانکاریی لە ئێراندا دەرکەوتن!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەمە ئێستا بە تەواوەتی ئەتوانرێت پێی بوترێت “گڕێکە دامرکاندنەوەی بۆ-نییە. هەتا گۆڕان لە سیستمەکەدا ڕووئەدات”. تەنها لەم دوو ڕۆژەدا (14 بۆ 16 ئۆکتۆبەری 2022)دا دیارە کە گۆڕانکاریی لە ئێراندا حەتمییە:
+ گڕ تێبەردانی گەورەترین زیندانی ئێران لە تاران “زیندانی ئەڤین”. خەڵکیش بە ئۆتۆمبیلەکانییانەوە ڕژاونەتە شەقامەکان بۆ ئەوەی ڕێگە لە هاوکارییەکی ئەمنی بگرن کە بگاتە زیندانەکە!
+ ژنێک بە بێ سەرپۆش بەرانبەر ڕەوە پۆلیسێکی زۆر وەستاوە! لە کوێ؟ لە ئەردەبیل کە ئەم شارە زۆرترین و توندترین پابەندییان بە ڕژێمی ئێران و بە ئاینەوە هەبووە.
+ شکاندن و فڕێدانی ناو و ناونیشانی “سردار رشید اسلام شهید حاج قاسمی سلیمانی” هەر لە ئەردەبیل!
+ سبەی 16 ی ئۆکتۆبەریشە، ئەو ڕۆژەی لە (2017)ەدا، ئێرانییەکان و بە فەرمانی ئێرانییەکان سەری پێشمەرگە خرایە ژێر دەبابەو ئاڵای کوردستان خرایە ژێر پێی حەسەن پلایسەکان.
لەم ماوەیە، چەند کتێبێک چاپ بوون، باس لە کاریگەریی مێژوویی دەوڵەتی قووڵ ئەکەن لە ئێرانی کۆن و ئەمڕۆشدا. کە چۆن چەندین گروپی جۆراوجۆریان لە دەرەوەی خۆیان و جوگرافیا دوورەکانیش دروست کردووە. بە کورتییەکەی ئێران هەمیشە سیناریۆی زیرەکانەی ئامادەیە بۆ ئەوەی لە دەرەوەی خۆی چی و چۆن ئەکات. هەندێکیان باس لە بوونی پەیوەندیی نێوان ئێران و داعش ئەکەن، ئەوە جگە لە گروپە شیعەکانی وەکو نوجەباو حیزبوڵڵا کە ڕاستەوخۆ هێزی بەرجەستەی ئێرانن. هەندێکیشیان باس لەو مەترسییانە ئەکەن کە ئێران لە داعش هەیەتی، بۆیە بەردەوام خەمی کون و کەلەبەر و سنورەکانییەتی لە عێراقەوە، لە ئەفگانستانەوە، لە پاکستانەوە، تەنانەت لە ئاوەکانی خوارەوە. ئەمە جگە لە ترسی ئێران بەرانبەر کۆمەڵەو دیموکرات. بۆیە دەوڵەت کە دەستەڵات و هێزی ئەکەوێتە مەترسییەوە، بێگومان پەلامار ئەدات و خۆ-نوێنی ئەکات. ڕەنگە لە ڕۆژانی ئایندەدا مووشەکی زیاتر بهاوێژێته کوردستان و، هەر شوێنێک خۆی گەرەکییەتی (لەم ڕووەوە هەمووان ئامادەبن).
بیرتان نەچێت، گۆڕانکاریی لە ئێراندا، گۆڕانکارییە لە (5) دەوڵەتی ناوچەکەدا: ئێران، عێراق، سوریا، لوبنان، یەمەن. ئینجا ئەم گۆڕانە تەنها لێدان نییە لە پیاوانی سیستمەکە، بەڵکو جەزرەبەیەکی گەورەیە لەو “حیکایەت-Narrative” ەی دەوڵەت لە ئێراندا لەسەر بنەمای ئاین و، ئاین لەسەر بنەمای شیعەگەرێتی و، شیعەگەرێتی لەسەر بنەمای دەستوەردان لە دەستەڵات و چاوەڕێ نەکردنی هاتنەوەی موحەمەدی مەهدی بونیاد نراوە.
شیعەگەرێتی ڕاست و ڕەوان ئەوەیە کە ئیمامی شەشەم (جەعفەری سادق) پێش هەزار ساڵ فتوای داوە، دەست لە کاروباری دەستەڵات وەرنەدەن، تا ئیمام موحەمەدی مەهدی دێتەوە! ئەوەش بە پێی بیروباوەڕەکە کاتێک دێتەوە، کە خراپەکاری زۆر بێت و فەساد بڵاو بێتەوەو…تادوایی. لەم ماوەیە، هاوڕێیەکی-سیکۆلاری شیعەی لوبنانیم کە توێژەرە، ئەیوت ” سەرکردە شیعەکانی عێراق بە ئەنقەست ئەو (17) ساڵەی ڕابردوو لە عێراقدا گەندەڵی زۆریان کردووەو، بە ڕاست و چەپدا خراپەکاریی ئەکەن، بۆ ئەوەی دۆخەکە تەواو خراپ بێت، ئنجا ئیمام موحەمەدی مەهدی بێتەوە دۆخەکە چاک بکات”. تۆ بڵێی ئەمە وابێت!؟
لایەنە نێودەوڵەتیەکەی، ئەوەیە کە لە ئاستی یەکەمدا، ڕاستە ئێران 3 ملیۆن و دووسەت هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم ئەهێنێت، بەڵام ئێران بەشێک نییە لە بازاڕی ووزەو ئابوریی جیهانی، تەنها چین و هیند زۆرینەی نەوتەکەی لێ ئەکڕن، واتا دۆخی ئێران (لەم حاڵەتەدا) کاریگەری ئەوتۆ ناخاتە سەر نرخی نەوت. ئنجا پرسی ئێران بەلای دونیا (بەریتانیاو ئەمریکا)وە پرسی بەرنامە ئەتۆمییەکەیەتی، ئیتر لەمەولا خۆرئاوا ئەوەندە ئەم پرسە بە گرفت نابینن. ئەوەش سەرباری بێت شەوانەو ڕۆژانە سەدان ئاژانسی گەورەی میدیایی ئەم وێنانەی ئێران ئەگوێزنەوە و، لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپاو ئەمریکا ئێرانییەکان لە ڕێگەی خۆپیشاندانەوە، پەلاماری باڵوێزخانەکانی ئێران ئەدەن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت