شوان خورشید: 16ی ئۆکتۆبەر خیانەت بوو یان ڕاستی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بۆ قسەکردن لەسەر 16ی ئۆکتۆبەر،گەر هەر لایەنێک چۆنی ڕاڤە ئەکات یان موزایەدە بەسەر لایەنێکی ترەوە دەکات، تەنها جۆرێکە لە کێبڕکێی سیاسی و حیزبی، چونکە ئێمە وەک هەرێمی کوردستان لەچوارچێوەی حکومەتی عێراقین و بەشێک لەسیستەمی حوکمڕانی عێراقی فیدڕاڵ پێک دەهێنین، وەک و دەشبینین سەرۆک کۆمارو جێگری پەڕلەمان و چەندین وەزیرو بەڕێوەبەری گشتی و سەفیرو کاربەدەستی عێراق کوردن، لەگەڵ ئەوەش دا لەسەروبەندی ڕزگارکردنی موسڵ لە دەستی داعش، ڕێکەوتنێک لەنێوان عێراق و هاوپەیمانەکان و هەرێم مۆرکرا لە دوای تێکشاندنی داعش هێزی پێشمەرگە بگەڕێنەوە شوێنی پێشوی خۆیان و ناوچە جێناکۆکەکان بۆ مادەی دەستوری 140جێبهێڵن، بەڵام گەر بڵێین خیانەت لەو ڕۆژە کراوە ئەوە تەنها موزایەدەیە, چونکە جارێ کوردو هێزی پێشمەرگە ئەو هێزە کاریگەرە ڕێکخراوە نین بتوانن شەڕی بەرەی سوپایەکی ڕێکخراو پڕلە چەکی پێشکەوتو بکەن، سەرەڕای ئەوەی کۆدەنگیەکی ناوچەی و جیهانی و ناوخۆی هەبو بۆ گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ شوێنانی پێشوی خۆیان، جگە لەوە گەر 16ئۆکتۆبەر بە ڕێکەوتنیش کرابێت و هەر کەس و لایەنێک کردبێتی باشترین هەڵبژاردەی کردوە،گەر وا نەبوایە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان لە ئەنجامی شەڕ هێڕشی هەردولا وەک و عەفرین و موسڵ و شنگالی لێ بەسەر دەهات و ئەوەی زەرەرمەندی سەرەکی دەبوو خەڵک و دانیشتوانی ئەو ناوچانە دەبون، لەبەر ئەوەی هێزی پێشمەرگە لەبەر ئەوەی هێزی حیزبین و سوپای نیشتمانی نین، ناتوانن و ئەزمونی شەڕی بەرەییان پێ ناکرێت چەند ڕۆژێک و دوای زیانێکی زۆر و قوربانی دان و وێران بونی ناوچە جێناکۆکەکان دوبارە دەکەوتەوە دەستی هیزە عێراقیەکان، بۆیە با لایەنە سیاسیەکان واز لە تاوانبارکردنی یەکتربهێنن و گەر لە خەمی کەرکوک و ناوچەجێناکۆکەکانن با شەڕی مادەی 140 بکەن کە مادەیەکی دەستوریەو هەموو مافە ڕەواکانی گەلی کورد لە باشوری کوردستان فەراهەم دەکات، بەڵام بەداخەوە ئێستا ئەو مادەیە کە کورد لەوپەڕی بەهێزی دا بوو، کەرکوک و ئەو ناوچانەی خستە قوماری دەستورەوە، لە ئێساو ڕابردو تەنانەت ئەتوانم بڵێم داهاتوش دا لە کولەکەی هیچ حیزبێک بە تایبەت ئەوانەی نوێنەرو قورساییان لە بەغدا هەیە نیە، کەواتە 16ی ئۆکتۆبەر گەر ڕێکەوتنی لایەنێک یان چەند کەسێک بوبێت باشترین کاری کردوەو جێگای دەستخۆشین، چونکە بەو کارەیان توانیان خەڵکی کەرکوک لە کوشت و بڕوو ماڵوێرانی و ئاوارەی بپارێزن، لەبەرئەوەی گەر شەڕ درێژەی ببوایە هەم ماڵوێرانیەکە دەبوە ڕاستی و کەرکوک و باقی ناوچەکانیش دەکەوتنەوە ژێر دەسەڵاتی عێراق، جا باشترین بژاردە بۆ مزایەدە چیەکان ئەوەیە گەر بەخەمی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکانەوە دێن بفەرمون لە جیاتی شەڕی پۆست و پلەو پارە شەڕی مادەی 140 بکەن و هەوڵ بەن ئەو مادەیە زیندو بکەنەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت