عیماد عەلی: لەم وێستەگەیەش دۆرٍاین.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عیراق، عەرەب و بە تایبەتی چوارچێوە هەماهەنگی و بە تایبەتیتر مالیکی گۆڵی خۆیانان کرد و گرەویان بردەوەو براگەورەیی خۆیان نواند و بە کردەیی خۆیان کرد بە دەمراستی کورد. کوردیش بە ویست و ئیرادەی خۆی جڵەوی کارەکەی دایە دەست ئەوانەوە. ئا ئەمەیە کورتبینی و چاوت تەنها بەرپێی خۆت ببینێت و، دووهەنگاوی دواتر لە هیج کونجێکی بیرکردنەوەتدا نەبێت.
ساڵێکە پرسی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لە نێو ژوورەکانی کۆبونەوەی ئەم دوو لایەنە دەسورێتەوە و هیچ دەرچەیەکی لێ دروست نەبوو. نەزانین و کەلەرەقی ، بە فەرامۆشکردنی ستراتیج و تەنها بە بیرکردنەوەی حزبی، مامەڵەیان لەگەڵ پرسەکەدا کرد و گەیاندیانە ئەوەی بەخۆیان براگەورەیی ئەویتری جیاواز قبوڵ بکەن، ئەگینا ئەگەر هەردوو لا مەبەستیان بوایە دەکرا بەدەست و رەفتار و بیرکردنەوەی خۆیان بگەنە چارەەسەر، پارتی لەسەر رای خۆی دانەبەزی و برا گەورەیی گەورەی نەنواند و یەکێتی بە دروستی مامەڵەی نەکرد و لایەنە گرنگەکەی پرۆسەکەی نەخوێندەوە و لەسەر تاکە رای خۆی مکورٍ بوو، خاڵی ناوەراستی لەبەرچاو نەگرت و بیرکردنەوەی لەسەر ئەوە یەکلایی بووە کە سیناریۆکەی 2018 دووبارە دەبێتەوە، لەویَِشدا کە بەرهەم ێاڵح زانی ئەم دوو لایەنە لەسەر ئەم رابۆچونە بەردەوامن و هیچ رێگەیەکی لێکتێگەیشتن و رێککەوتنیان نیە، ئەویش نەرجسیەت و خۆویستیی زاڵکرد بەسەر خۆیدا و بە هیوای دووبارەبونەوەی ئەو سیناریۆیەی پێشتر هەڵوێستی کەورەی مێژوویی خۆی نەنواند، کە خۆی بکێشێتەوە و وەکو سەرکردەیەکی مێژوویی خۆنەویست دەرکەوێت و هەموو تاکێکی ئەم کوردستانە حسابی سەرکردەی مێژووییی راستەقینەی بۆ بکەن و ئایندەی سیاسی خۆیشی دەستەبەربکات. بۆیە گرتنەبەری چارەسەری ناوەراست بە دەست و ویستی خۆیان خستە دەست ئەوانی عیراقی و ئەوان گرەوی یاریەکەیان بردەوە. ئەگینا ئەوەی راستی بێت، ئەگەر ئەندامانی ێەدر نەکشابایەوە و چوارچێوەی هەماهەنگی تەنها ویستی ئەوە نەبوایە ئەم پرۆسەیە بە خێرایی برٍوات، کارەکە وا بە ئاسانی مەیسەر نەدە بوو و دکتۆر عەبدوللەتیف بە ئاسانی دەرنەدەچوو و پارتیش دەکەوتە نێو سیناریۆی دیکە و رازی نەبوو بە دەرئەنجامی دیکە و لێکەوتەی زیانبەخشتری لێدەکەوتەوە و ئەم قەیرانەش ساڵانی تری دەکێشا.
ئەوەی جێگەی داخە ئەوەیە کە کورد لە ژیانیدا بیری لە بەرژەوەندی میلەتەکەی نەکردۆتەوە و هەمیشە کێشەکانیان گەیاندۆتە مریشکە رەشە و هاوکێشەکانیان لە رووبەرێکی تەسکدا لێکداوەتەوە وخەڵکی نەیار دەستی تێوەرداوە و ئەمان بە زەلیلی تۆپینی کەرە دێزە و زیان گەیاندن بە خاوەنەکەی رازیبوون و کۆتاییان بە هەموو پرسێک هێناوە. مێژوومان پرە لەم شێوە بیرکردنەوە و گوفتار و رەفتارە و ئێمەش لەو ناوەدا گیرۆدەی عەقڵ و بیرو دەستی ئەمانەین و ئازاری بێ کەسی و نەبونی سەرکردەی راستەقینە گەیشتۆتە سەر ئێسقانمان و هەمیشە چاوەرێی بارودۆخی ئاڵۆزیی زیاترین.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت