کەمال محەمەد: مرۆڤ و گەشەی فیکری و دەرونی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ھەروەک ئاشکرایە دەرون ئامرازی بیرکردنەوەیە و بنەمایەکە بۆ ژیان و فیکری مرۆڤ، چون دەرونی مرۆڤە دەرک بە ھەمەکییەکان ئەکات و کاری بیرکردنەوە ئەنجام ئەدات، دەرون و فیکر لە روانگە فەلسەفییەکەیەوە زۆر لە مێژە بۆتە باس و خواسی فەلسەفەکاران و بیریاران، ئەوەتا ئەرستۆ لە کتێبێکیدا لەباسی دەرون و ھێزی فیکر و عەقڵی مرۆڤی بەستۆتەوە بە خودی ژیانەوە.
فیکر و دەرون بنەرەتێکن بۆ گەشەپێدانی فیکر و تێرامانە نوێیەکان و فەلسەفە دەربارەی پەیوەندییەکانی نێوان مرۆڤ و جیھان و چۆنییەتی دروستبونی گۆڕانەکانی دونیاو ژیان و راوەستانەکانیان لەسەر تێرم و کایەکانی جیھانی فیکر و مادەکان، دەرون و فیکر جەوھەرێکی ئیلاھین و ھەمو چالاکییەکانی مرۆڤی لەسەر دەوستێتەوە و وزەو ھێزی خەیاڵکردن و بیرکردنەوەو تواناو وزەی دواندن و ھەستەکیانەن.
دەرون لە دیندا ھێزێکی نامادییە و نەمرە ئەکرێ لە جەستەو دەرەوەی جەستەشدا بمێنێتەوە، دەرون لەگەڵ فیکردا وشیاری دروست ئەکات ھەرئەمەشە وایکردوە ئەفلاتۆن بە فیکرەی ئەبەدی ناوی بنێت و و لای ھیگڵیش ببێتە بابەتێکی ھەستیار و کارا، دەرون بەلای زۆرینەوە رۆحەو رۆحیش ھەر دەرون، بیرکردنەوە لە دەرون بۆتە بنەمایەک بۆ ئەخلاق چون کاتێک دەرون زیندو نەبوو ویژدان و ئیرادە و تەنانەت فیکریش بە زیندویی نامێننەوە بۆیە کاتێک چەندە دەرون بەرز بێت ھێندەش فیکرو مۆڕاڵ.
دەرون فیکری مرۆڤ کاتێک گەشە ئەکات کە دەرک بە ھەمەکییەکان بکات و کاری بیرکردنەوە ئەنجام بدات و ببێتە جەوھەرێک بەدەر بێت لە شتە مادییەکان و بگەرێت بەدوای شتە عەقڵییەکان و قبوڵی عەقڵ بکات. بۆیە ئیبن سیناش لە باسی دەرون و فیکردا رای وایە دو ھێزی بنەرەتی ھەن یەکێکیان ھێزی کارکردنە و ئەمەش بە عەقڵی کردارەکی و پراکتیکی دێتە ئەژمار و ئەوی دیکەش ھێزی زانینە کە بریتییە لە عەقڵی تیۆریایی.
مرۆڤ ناتوانێت بەتەواوی ھەمو شتەکانی دەوروبەری بناسێت و فیکری فراوان بێت تاوەکو دەرونی ئارام نەبێت، بۆیە گەشەی فیکری و دەرونی خۆگەیاندنە بە ئاییندە و دەستبەرنەدانە لە روبەروبونەوی ئەو رۆح و نەفسەی کە لە نێو خودی خۆیدا ھەڵیگرتوە تالەبەردەم زانینی پرسی پەیوەندییەکانی خۆی و سروشت و شتە زیندووەکان رانەوەستێت چون گەردون و ھەمو شت لە جەرەیان و رێکردندایە.
ئێمەی مرۆڤ لەدەرونێکی ئارامدا ھەر ئەبێت مامەڵە لەگەڵ بیرەکاندا بکەین و پێی بزانین کە گیان و رۆح چۆن بە قوژبنەکاندا رۆچوەو چۆتە نێو قوڵاییە تایبەتەکانەوە تاکو بەین بە ھوشیاری خۆیی، ئێمە بۆ ئەوەی بەو ھوشیارییە خۆییە بگەین ئەوا پێویستە بە گەشەیەکی فیکری و دەرونییەوە لەنێو ئەم پرۆسەیەدا ئامادەبین و خۆمان بۆ پرسیارکردن لە چییەتی ئامادە بکەین، پرسیاری چییەتیش دواجار ھۆکارە بۆ دروست بون و سەرھەڵدانی پرسیاری دیکە و دەربازبونە لە قەیرانی فیکری، بۆیە تێڕامان بۆ خۆی ھەم تیۆریاو ھەمیش ئایدیایە کەوائەکەن حەقیقەت ببینرێت و دیارچاو بێت و مرۆڤ خۆی بناسێت و جەوھەری خۆی بۆ ئاشکرا ببێت بۆیە دەوترێت ھەمیشە گەران بەدوای حەقیقەت بەرەتکردنەوەی چەوتی چەقبەستویی دەست پێ دەکات،ئەمە گەوھەری واتاکەیەتی گەشەی فیکری و دەرونی مرۆڤ کە داناییەو پەیوەندی بە ھۆشەوە ھەیە و ناودێرکردنێکە کە پەیوەندی بە ئاست و توانستی ژیرییەوە ھەیە، لە ئەنجامدا گەشەی فیکری و دەرونی گوزارە لە گۆڕان و وەرچەرخانیش ئەکات و لەگەڵیشیدا بونیادنانی زانیاری و بونیادنانی حەقیقەت لە مرۆڤدا زیاتر قاڵدەکاتەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت