سەرکۆ یونس: دۆلاری نەوت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت
  1. دۆلاری ئەمەریکی زیاتر لەنیو سەدەیە باڵاترینی دراوەجیهانییەکانە، نرخی زۆربەی کاڵا و شمەکەکان لە ئابووری جیهانیدا بەدۆلار ئەژماردەکرێت، نەوتی خاویش بەهەمان شێوە بەدۆلار کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکرێت. عێراق ئەندامی ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوتە(ئۆپیک)، لەپاش شانشینی سعودیە بە دووەم هەناردەکار دادەنرێت. لەڕێگەی هەناردەکردنی نەوتەوە کەبڕەکەی بەنزیکەی 4.3 ملیۆن بەرمیل لەڕۆژێکدا دەبێت دۆلاری دەست دەکەوێت. لەهەشت مانگی رابردودا؛ داهاتی نەوتی فرۆشراوی ئێراق، کە لەلایەن سۆمۆوە بەبازار دەکرێت، بەرزترین داهاتی بەدەستهێناوە. بەپێی بڵاوکراوەی کۆمپانیای بەبازارکردنی نەوت، (سۆمۆ) لەمانگی یەکەوە تا کۆتایی مانگی هەشتی 2022. داهاتی نەوت نزیکەی 82 ملیار دۆلار بووە، ئەم دەستکەوتە داراییانە لەئەنجامی بەرزبونەوەی نرخی نەوتەوە بەدەستهاتووە. هەروەها تێکڕای داهاتەکان لەچەند مانگی ڕابردوودا، نزیکەی 11 ملیار دۆلار لەمانگێکدا بووە، لەمانگی هەشتدا، داهاتی نەوت 10 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار بووە، بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە کەمیکردوە، بەڵام لەمانگی شەشی رابردودا، 112 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بووە، لە تەموزدا بۆ هەر بەرمیلێک نزیکەی101 دۆلار بووە، بەڵام لەمانگی ئابدا، تەنها 96 دۆلار بووە.
    لەڕاپۆرتی سندوقی نەختی نێودەولەتیدا هاتووە، ئێراق بە بەراوردی وڵاتانی عەرەبی لەساڵی 2022 دا خێراترین گەشەی ئابووری بەخۆوە دەبینێت، بەڕێژەی(9.3%) کەسەرچاوەکەی دۆلاری نەوتە. لەمانگی ڕابردوودا بانکی ناوەندیی ئێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، یەدەگی دراوی بیانی لە بانکی ناوەندی ئێراق بۆ زیاتر لە 85 ملیار دۆلاری ئەمەریکی بەرزبووەتەوە، ئەوەش بەرزترین ئاستە کە لە ساڵی 2003وە تائێستا تۆمارکرابێت. هەروەها یەدەگی زێڕی بانکی ناوەندیی ئێراق بووەتە 130.4 تۆن، کە بایی 7 ملیار دۆلارە. ئێراق لە یەدەگی زێڕ چووەتە پلەی 30 لە ئاستی جیهان و چوارەمیش لە ئاستی وڵاتانی عەرەبی. تاکە سەرچاوەی سەرەکی بەدەستهێنانی دۆلار لە ئێراقدا فرۆشتنی نەوتە، چونکە لەتەرازووی بازرگانی ئێراقدا تاکە کاڵای نێردراو، هەر نەوتە، زیادبوونی یەدەگی دراوی بیانی و یەدەگی زێر بەهۆی دەستکەوتنی دۆلارەوەیە. بە پێی داتاکانی سۆمۆ، زۆربەی نەوتی هەناردەکراو بۆ بازاڕەکانی ئاسیا بووە، بەو پێیەی کە بازاڕی ئاسیا، بازاڕێکی گەشەکردوو و هەروەها زۆرترین بەکاربەری نەوتی خاوە. ئەمەش بەسەرچاوەیەکی دڵنیایی داهاتی نەوت دادەنرێت.
    هەرچی پەیوەستە بەبازاڕی ئەوروپییەوە، ئەوا ڕێژەی(17-15)%، هەناردەی نەوتی ئێراق پێکدەهێنت، بەڵام پێشبینی دەکرێت دوای ئالۆزییەکانی یەکێتی ئەوروپا و ڕوسیا لەسەر کێشەی ئۆکرانیا و سەپاندنی سزای دارایی و ئابووری بەسەر مۆسکۆدا، لەساڵی داهاتوودا قەبارەی هەناردەکردنی نەوتی خاوی ئێراقی بۆ بازاڕی ئەوروپی زیاتر ببێت. شایانی باسە؛ ئێراق وەک دووەم بەرهەمهینەری نەوت لەئۆپیکدا بەبڕی بەرهەمهێنانی (4.6) ملێۆن بەرمیل لەڕۆژێکدا و، بڕیارەکانی ئۆپیک بەبێ ئێراق ناچنە پێشەوە، لەئێستادا بڕیاری کەمکردنەوەی قەبارەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت، هەنگاوێکە بە ئاراستەی گەڕانەوەی هاوسەنگی بۆ نرخی نەوت دەرکراوە و ئێراق پاڵپشتی دەکات، چونکە بەدابەزینی نرخی نەوت، ئێراق داهاتی کەمتری دەست دەکەوێت وەک ئەوەی لەساڵی 2020 دا ڕوویدا، ئەمەش لەبەرژەوەندی ئێراق نییە، چونکە ئێراق بەڕێژەی 92% پشت بەداهاتی نەوتی فرۆشراو دەبەستێت بۆ بودجەی گشتی، بەبێ بوونی داهاتی نەوتی فرۆشراو ئێراق ناتوانێت خەرجی مووچە و پرۆژەکان دابین بکات.
  2. هەرێمی کوردستان و دۆلاری نەوت
    هەرێم زیاتر لە دە ساڵە نەوت بەشێوەی فەرمی و نافەرمی نەوت هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکات، کێشە و ئاڵنگارییەکانی بەردەم ئەم پرۆسەیە زۆر و ئاڵۆزن، لەلایەک لەگەڵ بەغداد و لەلایەکی ترەوە شێوازی گرێبەستەکان و هەناردەکردن و فرۆشتنی، کە بە نزیکەی 10 بۆ 11 دۆلار بەکەمتر لەنرخی بازاڕی جیهانی دەفرۆشرێت. حکومەتی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیای دیلۆیت گرێبەستی هەیە، بەمەبەستی ووردبینی کردن و ئاشکراکردنی بڕو قەبارەی بەرهەمهێنان و بە بازاڕخستن و داهات وخەرجییەکانی نەوتی هەرێم. کۆمپانیای دیلۆیت ڕاپۆرتەکانی وەرزانە بڵاودەکاتەوە، لەساڵی 2021 بڕی هەناردەکردن و خەرجی گواستنەوە و داهاتەکانی ئاشکراکردووە، بەم شێوەیە:
    لە راپۆرتەکەدا هاتووە، کەمترین نرخی نەوت لە چارەکی یەکەمدا بووە، کە بە 48.9 دۆلار بووە، زۆرترینیش لە سێ مانگی کۆتاییدا بووە، کە بە 68.4 دۆلار بووە. کۆی داهاتی نەوتی هەناردەکراو 9 ملیار دۆلار بووە، زیاتر لە 5 ملیار دۆلار خەرجیی نەوت بووە، لەو بڕە 3.115 ملیار دۆلار دراوە بە بەرهەمهێنەرانی نەوت. هەروەها بۆ گواستنەوەی 152.5 ملیۆن بەرمیل نزیکەی یەک ملیار و 305 ملیۆن دۆلار دراوە بە کرێی بۆری. بەداخەوە کرێی بۆری گواستنەوەی نەوت، زۆر و گەورەیە، تەنها لەساڵێکدا 840 ملیۆن دۆلار خەرجکراوە، هەرچەندە 74% ی بۆری نەوتی هەرێمی کوردستان لەسنووری تورکیایە و 26% لەسنوری هەرێمی کوردستانە، بەڵام کرێی بۆری سنوری هەرێم دوو هێندە زیاترە بەبەرارود بەکرێی بۆری سنوری تورکیا. بەڵام لە2022 دا، هەرێمی کوردستان دۆلاری زیاتری دەستکەوت، بەهۆی بەرزی نرخی نەوتەوە، بەپێ ی ڕاپۆرتی هەمان کۆمپانیا (دیلۆیت) هەرێمی کوردستان، لەچارەکی سێیەمی ساڵی (2022) بڕی (38 ملیۆن و 120 هەزار) بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە، بە تێکڕا هەر بەرمیلە نەوتێکی بە زیاتر لە (88) دۆلار فرۆشتووە، لە کاتێکدا تێکڕای نرخی بەرمیلێک نەوت زیاتر لە (100) دۆلار بووە، بۆیە کۆی ئەو داهاتەی لە ڕێگەی فرۆشتنی نەوتەوە بە بۆری بەدەستهاتووە بریتی بووە لە (3 ملیار و 383 ملیۆن و 667 هەزار و 600) دۆلار. کە بەرامبەرە بە (4 ترلیۆن و 906 ملیار و 318 ملیۆن و 20 هەزار) دینار. بەپێی ئامارەکان؛ هەرێمی کوردستان بەڕێژەی 88% پشت بەداهاتی نەوتی هەناردەکراو دەبەستێت بۆ پێدانی مووچە و خەرجییە بەردەوامەکانی حکومەت، پاشان داهاتی ناوخۆ و هاوکاری هاوپەیمانان و ناو بە ناویش بڕی 200 ملیار دینارەکەی بەغدا.
    لەم داتایانەی سەرەوە بۆمان دەردەکەوێت، هەردوو حکومەتی بەغداد و هەولێر، سەرچاوەی سەرەکی دەستکەوتنی دۆلار، لەڕێگەی فرۆشتنی نەوتی خاوەوە دەستدەکەوێت، هەموو ئەو دۆلارانە دەچنە بانکی ناوەندییەوە، پاشان بانکی ناوەندی بەشێوەی نرخی جێگری ئاڵوگۆڕی دراو، دۆلار دەخاتە بازاڕەوە لەڕێگای بانکەبازرگانییەکانەوە. بەشێوەیەکی گشتی هەتا نرخی نەوت بەرز بێت. دۆلاری زیاتر دێتە ناو خەزێنەی ئێراقەوە.
  3. * ئابوریناس
ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت