ئارام هادی: گۆڕانکاریە جیهانیەکان بەرە و کوێ؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ڕووسیا- ئەمریکا- ئەوروپا
پێشتر سۆڤیەت و ئەمریکا هاوسەنگی جیهانیان دەپاراست و قەیرانە جیهانیەکان ئەم دوو زلهێزە چارەسەریان دەکرد، بەڕووخاندنی سۆڤیەت هاوسەنگیەکە تێکچوو، سێ دەیە ئەمریکا فەرمانڕەوای جیهانی گرتەدەست بەڵام شکستی هێنا لەوەی ببێتە “کلیلی چارەسەر”ی قەیرانەکان، ئێمەش بوینە سەیرکەری دەرئەنجامەکەی کە بە شەڕی (ڕووسیا- ئۆکرانیا) دەستی پێکرد و بەم زستانە سەختەی ئەوروپا یەکلا دەبێتەوە کە کێ سەرکەوتودەبێت، وەزیری دەرەوەی نەمسا پەیوەندیدار بە شەڕی ئۆکرانیا ڕایگەیاند: پێویستە لەوە تێبگەین جیهان لەو قۆناغی دۆستایەتیەدا نەما کە ئاواتمان بۆ دەخواست بەردەوام بێت”، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت “سەردەمی هێزی نەرم بەسەرچوو، ئێستا مەیدانی جەنگ بڕیاردەری سەرەکی دەبێت لە یەکلاکردنەوەی کێشە و قەیرانەکان”.
شەڕی ڕووسیا ئۆکرانیا هاوکات فشارەکانی ڕووسیا لەسەر وڵاتانی ئەوروپا درێژەیان کێشا، ئەم زستانە بۆ هەموولایەک یەکلا کەرەوە دەبێت، ئایا ئەوروپیەکان دەتوانن سەختی زستان تێپەڕێنن، لەکاتێکدا بەپێی لێدوانی بەرپرسانی کۆمپانیای گازپرۆمی ڕووسی ئەوروپیەکان بەشی یەک هەفتە گاز لە کۆگاکانیاندا هەیە، کارەبا بڕین لە ژمارەیەک لە شارە گەورەکان دەستی پێکردووە، ملیۆنان هاوڵاتی وڵاتەکانیان بەرە و ئەمریکا و کەنەدا و ئوسترالیا جێدەهێڵن، نرخی بەنزین و خواردەمەنی و کاڵاکانیتر بەراورد بە پێش جەنگ چەند جار بەرزبۆتەوە) ئەمە ئەو ڕاستیانەن کە بەرۆکی ئێستای ئەوروپیەکانی گرتووە و گرەوی ڕووسیا و چین ئەوەیە دواجار ئەوروپیەکان بە مەرجەکانیان ڕازی بکەن، ئەمریکاش لەو دوورەوە بەپێی پێویست توانای قەرەبوکردنەوەی زیانەکانی ئەوروپای نیە.

ناڕەزایەتیەکانی ئێران بەرە و کوێ
ئاڵۆزیەکان شەش هەفتەیە ئێرانی گرتۆتەوە و تا ئێستاش نەبونی ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێز چارەنوسی ناڕەزایەتیەکانی بە نادیاری هێشتۆتەوە، هەرچەندە ناڕەزایەتیەکان بەردەوامن بەڵام وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتەش ڕایگەیاند “لە کپکردنەوەی ناڕەزایەتیەکان نزیک بونەتەوە!”.
لەسەرەتای هێرشەکانی ڕووسیا بۆ ئۆکرانیا “ئەحمدی نەژاد”ی سەرۆکی پێشووتری ئێران لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ڕۆژنامەی (ئیندی پێندت)ی بەریتانی هۆشداریدا لە دابەشکردنی وڵاتەکەی لەلایەن ئەمریکاوە هاوکات (هنری کیسینجەر)ی سیاسەتمەداری ئەمریکی پێشتر ئامۆژگاری بە وڵاتەکەی داوە کە” پێش ئەوەی لەئێران بدەن پێویستە ڕووسیا سەرقاڵ بکەن، چونکە ئەو وڵاتە هاوپەیمانی ئێرانە و ڕێگەنادات بکەوێت” گەرکاتی لێدان لە ئێران هاتبێت و ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بەڕاستیان بێت و ناڕەزایەتیەکان سەرەتای گۆڕانکاریەکەبێت ئەوا ئەمریکا لە پێناو ئیراندا ئۆکرانیای کردۆتە قوربانی و ڕووسیای پێوە سەرقاڵ کردووە تا خێراترگۆڕانکاری لە ئیراندا بکات، گەرنا ڕووسیا هاوشێوەی سوریا ڕێگردەبێت لە کەوتنی کۆماری ئیسلامی، گریمانەی بەهێزیش ئەوەیە ساڵی داهاتوو چین بە داگیرکردنی تایوان سەرقاڵبکەن!.
بە هەرحاڵ سیستەمە جیهانیەکە لە نوێبوونەوەدایە و گەر ڕووسیا لە ئۆکرانیا و ئەمریکا لە ئیران و چین لە تایوان سەرکەوتوبن جیهانی دوای شەڕەکە فرە زلهێزی جێگەی تاک زلهێزی دەگرێتەوە و نەخشەی نوێی جیهانی گۆڕانکاری ڕیشەیی بەدوای خۆیدا دێنێت، ئەوروپیەکان زەرەرمەندی یەکەم دەبن و ئیسرائیلیش زۆر زیاتر لە ئێستای بەهێزتردەبێت و وڵاتەکەشی فراوانتردەکات، ئێمەی کوردیش لەبری (دانانی ستراتیژ و پرۆژە و ئامانج و پلانی هاوبەش بۆ ئایندەی نەتەوەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست) هەر خەریکی شەڕە گەڕەکەکەی خۆمانین!.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت