دلێر محەمەد نوری: کامێرای چاودێری یان چەواشەكاری؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگەر هاتوو ڤیدیۆی زەلامێکیان پێ نیشاندان، کە سەرەتا لە سەر پێیەکانی وەستا بوو، پاشان پێنج شەش جار و لە سەر یەک، بۆ دواوە و بەک یەک ئەندازە و بە ڕێکی تەقلەی لێدا و دواجار دیسان، لە سەر قاچەکانی، بە بێ کێشە وەستایەوە. ئەوە بزانە، ڕەنگە ئەمە زۆر مەحاڵ بێ، بەڵام ئەکرێ ئەمە ڕووی دابێ. بەمەرجێک تەقلەلێدانەکان، بەرەو پێشەوە بووبن، نەک بەرەودواوە. بەڵام خاوەن کامێرا، لە دواوە بۆ پێشەوە، دیمەنەکەی نیشاندابن و چەواشەی کردبن.
خۆ ئەگەر لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی، وێنەیەکیان بۆ دەرهێناین، یاخود بەشی کۆتایی گرتەیەکیان نیشان داین و پێشەکەیان سڕییەوە و مێمۆرییان ون کرد و کامێرا و دام و دەزگاکانیان گۆڕی بە دانەیەکی نوێ. ئەوا لامان ڕوون بێت کە کردەی چاودێری ڕاستییەکانیان لێ گۆڕیوین بە چەواشەکاری. بۆ نموونە ئەگەر تەواوی گرتەکە بەم جۆرە بێت (پێاوێک بێت و لە جادەیەکدا، لە کاتێکی ناوەختدا، چەقۆیەک لە سەر سنگی پیاوێکی دیکە گیر بکات و چەقۆکە جێبهێڵێت لە سنگیدا و بڕوات. پیاوی ژمارە سێش بە سەردا بێت و توند چەقوکە دەربهێنێ و دەستێک لە شادەماری ملی بدات و گوێچکەیەک بنێ بە دەمێوە. بۆی ڕوون بێتەوە کە ئەم کەسە مردووە و بەختی رزگارکردنی نەماوە. ئەوسا ترس دایبگرێ و بۆ ئەوەی بە هەڵە نەکرێ بە تاوانبار و چەقۆکە ببات و بیخانە ئاوێکەوە و هەڵبێت. گەر تەواوی ڤیدیۆکە ئەمە بێت و بە جۆرێک کەرتی بکەن و لەو چرکەساتەوە نیشانمانی بدەن کە پیاوی سێیەم چەقۆکە لە سنگی مردووەکە دەردەهێنێ و… هەڵدێت. بەم دیمەنە تاوانبار ون ئەکرێت و ئەشاردرێتەوە و پیاوچاک و بێتاوانیش ئەبێت بە تاوانباری ڕاستەقینە.
هەر بۆیە بینەر دەبێت، تێبفکرێ و چاک بزانێت، کە کامێرای چاودێریش وەکو زۆرێک لە کەرەستەکانی دیکەی ژیان، چەکێکی دوو سەری دژ بە یەکە.
هەر وەکو قەڵەم، کە ئەکرێت هەواڵ و زانیاری و ئامۆژگاری هەڵە و درۆ و چەواشەکاری پێ بنووسرێت. ئەشکرێ وشەی لە گووڵ و ژیاندۆست و ڕێک و بەجێ و سودبەخشیشی پێ بنووسرێ. هەر وەکو ئەتۆم ئەکرێ بەکارهێنەری ژیانی لێ دروست بکات و ئەشکرێ بیکات بە مەرگ بۆ مرۆڤەکان. وەکو کتێب و وەکو چەک و زۆر کەرەستەی دیکەی ژیان. خاوەن و کارپێکەر و بەرپرسەکانی ئەم کەرستانە، ئاراستەیان ئەکەن بەو جۆرەی دڵیان ئەیخوازێت. بۆیە کامێراکانی چاودێریش گەر لە دەستی ئەمیندا نەبن، ئەتوانن تاوانباری مەترسیدار بشارنەوە و بێ تاوانیش بکەن بە تاوانباری ڕاستەقینە.
ئاشکرایە کامێرا و کەرەستە و دەزگا و هۆکارەکانی سێکتەری ئاسایش و پۆلیسی وڵاتان، زۆر لە جاران زیاتر و گەڵێ کاری قورسیان بۆ دەزگا ئەمنییەکان ئاسان کردووە. تەکنەلۆژیای کامێرای چاودێری یەکێکە لەو تەکنەلۆژیایانەی کە بە نرخی گونجاو، کاری مەزن بۆ پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵگا ئەنجام دەدەن.
ئەمڕۆ شارەکانی کوردستان، وەکو زۆربەی شارەکانی جیهان، تەنراوە بە کامێرای چاودێری. بە جۆرێکە خو ئەگەر لە هەر شوێنێکی ئەم شار و شارۆچکانەدا، ڕووداوێکی کوشتن یان شەڕ یاخو تەقینەوە ڕوو بدەن، دوای چەند کات ژمێرێک یاخود ڕۆژێک، ڤیدیۆی ڕووداوەکە، تەواوی میدیا جۆراوجۆرەکان دەتەنن، بەڵام دوای مۆنتاج و دۆبلاج و تێکست کردن و بە ڕەنگی سور بازنە بەدەور کێشان و خەت بەژێردا هێنان و پرتەپرتی تیری سوری ئاراستەکراو. یاخود به بیانووی لە کارکەوتنی کامێراکان، نە ڤیدیۆ ئەبینین و نە مێمۆری، هەر وەک ئەوەی هیچ شتێک ڕووی نەدابێ و نە نیسکە شووشەی کامێراکە هیچی دیبێ و مێمۆریش هیچ لەو ڕووداوە لە بیر مابێ.
ئاشکرایە کامێراکانی چاودێری ئەم بەر لە دەستی دەزگا ئەمنییەکانی ئەمبەرە و هی ئەوبەریش وا له دەستی دەزگا ئەمنییەکانی ئەوبەرە. ئەپرسم ئاخۆ، بەو پاشخانەی ئەم دوو دەسەڵاتە هەیانە، لە ململانێی ناشرینی یەکتری و لە ململانێ لە گەڵ ئەوانی دیکەدا. ئەپرسم ئاخۆ میمۆری ئەو کامێرانە کە لە دەستی نادادپەروەر و نا ئەمیندا بێ، لە دەستێکدا بێ ئامادەبێ بە ئاسانی دەستەکەی دیکەی با بدات و بیشکێنێ. ئامادەبێ بۆ بەرژەوەندییەکی بچووک یاخود فشار بۆ هێنانێک، لە پێناو دەسکەوتی سیاسیدا دژ بەوی دیکە، سەر بکات بە کۆشی، کام دوژمنە سەختە له ناوچەکەدا، ئەتوانین ئێمە وا بە ئاسانی چاوەدێری و چەواشەکارییان، ڕاستیان لە درۆیان، تاوانبار و بێتاوانیان جوێ بکەینەوە!؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت