شــــــوان خورشـــــید: بازاڕی قەیسەری کەرکوک.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کاتێ لە قەیسەری کەرکوک دەڕوانین دەبینین بوەتە ماڵێک بۆ کۆکردنەوەی هەموو پێکهاتەکانی شارەکە بێ جیاوازی ڕۆژانە هەموو پێکهاتەو چین و توێژێکی کەرکوک ڕوی تێ دەکەن، بۆیە قەیسەری کەرکوک وەک باقی شوێنەوارە مێژوییەکانی تری کەرکوک بوەتە بەشێک لە مێژووی شارەکە،مێژووی دروستکردنی قەیسەری کەرکوک دەگەڕێتەوە بۆ 184 ساڵ لەمەوبەر کە دەکاتە دەوروبەری 1828ی زاینی، سەبارەت ناوی قەیسەری زۆر ڕاوبۆچون هەیە کە ناوەکە(قەیسەری) لێبونەوەیە لە ناوی بێژەی سۆمەری(کی-سار) بە مانای شوێن یان جێگای فرۆشتن دێت، لە زۆربەی شارەکانی عێراقیش زۆر لەم جۆرە قەیسەریانە بونی هەیە بە شێوەو قەبارەی جیاواز، قەیسەری کەرکوکیش یەکێکە لەو قەیسەریانە، دروستکردنی بازاڕی قەیسەری لە سەردەمی عوسمانیەکان دا چەندین ئامانج و مەبەستی لەپشتەوە بوە، جا مەبەست بوژانەوەی ژێرخانی ئابوری بێت یان هەر مەبەستێکی تر قەیسەریەکە وەک شوێنەوارێکی مێژوویی بوەتە بەشێک لەمێژووی کەرکوک و جێگای شانازی دانیشتوانەکەی.
ئەوەی جێگای سەرنج بێت لەدروستکردنی قەیسەریەکە ئەم بازاڕە دادەنرێت بەتەرزێکی بیناسازی دەگمەن و گرنگ بەو شێوەی دروستکردن و بانگێڕانەی لە شێوەی گومەتی و کەوانەو کەوانەی تیژو مەڕمەڕی و نیوە بازنەی و نەخش ونیگاری گەچی ڕووەکی،ئەندازەیی کە چینی یەکەمی ڕازاندۆتەوە.
قەیسەری کەرکوک کەوتۆتە بەشێکی فراوانی شارەکە (10)مەتر لە خواروی ڕۆژهەڵاتی قەڵاوە دروستکراوە نزیک دەرگای (یدی قزلەرە)ی قەڵای کەرکوک، دروستکردنەکەشی هۆکارێک بوە بۆ کۆکردنەوەی ژمارەیەکی زۆری خاوەن پیشە و بازرگان و عەتاری ڕەنگکەری قوماش و خوری و چەندین پیشەی تر هەر وەک و ئێستا دەبینین چەندین پیشەوەرو کاسبکاری لە خۆی گردکردۆتەوە.
بازاڕی قەیسەری لە دروستکردنەکەی دا ڕەچاوی فەلەکی و بە شێوەی ڕێک و پێک بنیات نراوە کە (366)دوکانی لێ دروستکراوە ئاماژەیە بۆ ڕۆژەکانی ساڵ لەگەڵ چەند هۆڵێک لەسەر ژورەکان کە لە ڕابردودا بەکار هاتون بۆ کۆگا یان شوێنی حەوانەوە و خەوتنی ئەو بازرگانانەی کە لە شارەکانی ترەوە هاتون بە مەبەستی ئاڵوگۆڕی شمەک و بازرگانی کردن، وەک ئاماژەمان پێ دا قەیسەریەکە بە شێوەیەکی فەلەکی ڕێک و پێک بنیات نراوە، (366)دوکانی تیا دروستکراوە ئاماژە بە ڕۆژەکانی ساڵ، دروستکردنی (12)شوقە لە نهۆمی دوەمی قەیسەریەکە مەبەست لە ژمارەی مانگەکانی ساڵ، لەگەڵ ئەوەش دا بازاڕەکە دابەشکراوەتەسەر (24)ڕاڕاوە مەبەست لە کاتژمێرەکانی شەوو ڕۆژ دێت، بونی (7) دەرگا ئاماژەیە بۆ ڕۆژەکانی هەفتە بونی دوو دەروازە،دەروازەی یەکەم پێشوازی خۆر هەڵاتن دەکات لەگەڵ گزنگی بەیانی دا و دەروازەی دووەم لە کاتی خۆر ئاوابون ماڵ ئاوایی لە خۆر دەکات.
دروستکردنی ئەو شوێنەوارە میژویانە بەهۆی کەشوهەوا گەرمی وساردی و دابارینی باران بەرەو داڕمان و فەوتان دەچێت دیارە قەیسەری کەرکوکیش ڕوبەڕوی ئاوا داڕمانێک بوەتەوە بۆیە ساڵی(1978) بەمەبەستی بەرگرتن لە داڕوخان دەستکرا بە چاککردنەوەی ڕاڕاوەی خوارەوەی کە درێژیەکەی 22 مەتر و 14دوکانی لەخۆگرت بو لەو هەڵمەتی چاککردنەدا توانرا 1650 م2 پاشماوەی لێ فڕێ بدرێت، دوبارە دەستکرایەوە بە هەڵکەندنی بنکەکەی دروستکردنەوە پێوانە کۆنەکەی،ڕاڕاوەی هۆڵە لاکێشەیەکان بە درێژی 33مەتر مەڕمەڕی و پانی 2.5مەتر کە داپۆشراوە بە گومەتی نیوە بازنەی دوبارە دروستکرایەوە بە گەڕانەوەی گرێکانی ئەم ڕاڕاوەیە، وە دروستکردنی دوو گومەت لەسەر دەروازەی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای،لەگەڵ چاککردنەوەی هەموو دوکانەکانی چینی یەکەم لە ڕێڕەوی ڕۆژهەڵات و گومەتەکەی. بازاڕی قەیسەری و دەروازەکانی کە 7دەروازەیە ڕازاونەتەوە بە بەردی مەڕمەڕو نەخشی ئەندازەیی ووڕوکی.
لە دروستکردنی نەخشەسازی قەیسەریەکەدا گومەت و کەوانەو گرێ بەکار هاتوە، گومەت بریتیە لە گرنگترین ڕەگەزی بیناسازی ئەو سەردەمە کە دەگەڕێتەوە سەر هونەری(ئەرەج) یەکێکە لە جێ دەستەکانی بیناسازی میزۆپۆتامیا یارمەتی بڵاوبونەوەی پاڵەپەستۆی بنمێچەکە ئەدات بۆ تەنیشتەکانی وەک یەک، چونکە ئەگەر بنمێچ گومەت بوو پاڵەپەستۆ لەسەر دیوار کەمدەکاتەوە، یەکێکی تر لە سودەکانی گومەت بۆ ڕوناککردنەوەی قەیسەریەکە سود لە گومەت بینراوە بە تایبەت گومەتی تەخت کە لەسەر قەیسەریەکە دروستکراوە.
ئامرازێکی تر لە دروستکردنی قەیسەریەکە کەوانەیە کە لە دەروازەی هەموو قەیسەریەکە کەوانە بەکار هاتوە جگە لەوەی زۆربەی دوکانەکان لەسەرەوە بۆ خوارەوە بە شێوەی کەوانەی دروستکراوە، کەوانەکان یان تیژە یان نیوە بازنەییە یان لە شێوەی ناڵە بەڵام زیاتر کەوانەی تیژ بەکار هاتوە.
گرێ (عقود) شێوەی باوی تیژە،لە هەندێک شوێن ڕەگەزی نەخش و نیگار بەکار هاتوە، بە زۆری بەکار هاتوە لە قەیسەریەکە، بە جۆرێک ڕووی دەروازەکان داپۆشراوە بە چوارچێوە لە مەڕمەڕ و نەخشێنراوە بە نەخشی ڕوەکی و ئەندازەیی ڕوی دوکانەکانیش داپۆشراوە بە مەڕمەڕی ڕیزکراو لەسەر یەکتری دەرگاکانیشی دەرگای دارینن و بە بزماری گەورە ڕازێندراوەتەوە بە شێوەیەکی جوان و سەرنج ڕاکێش.
ئەوەی ماوەتەوە بیڵێن ئێستا بازاڕی قەیسەری بوەتە لانەیەک بۆ پێکهاتەکانی کەرکوک و هەموان لە چوارچێوەی ئەو سنورە دیایکراوە خەریکی کارو کاسبین بێ جیاوازی و هیچ گرژیەک لە نێوانیان دا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت