محەمەد بەرزی: درۆی منداڵان.!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

منداڵ کاتێک گەورە دەبێت فێری درۆ دەبێت. جا هەرچەندە درۆکردن لە نێو منداڵاندا کارێکی ئاساییە، بەڵام دایک و باوک بە درۆ زۆر بێزار و دڵگران دەبن. ئەم دۆخەش ڕووبەڕووی زوربەی هەرە زۆری دایکان و باوکان دەبێتەوە. بێگومان پێویستە دایک و باوک هۆکارە باوەکانی درۆی منداڵ بزانن، دوای ئەوە دەتوانن چارەسەری گونجاوی بۆ بدۆزنەوە. نابێت درۆی منداڵ پشتگویێ بخرێت، تا نەبێت بە بەشێک لە کەسایەتییان، زۆریش ئەستەم و دژوارە لە گەورەییدا بتوانرێت چارەسەری بۆ بکرێت. بە گشتی منداڵان بە چەندین هۆکاری جیاواز درۆ دەکەن، وەک:
1– دەربازبوون لە سزا. ئەو منداڵانەی لە سزا دەترسن، پەنا بۆ درۆ دەبەن، چونکە منداڵ نایەوێت دان بە شتێکدا بنێت، کە تووشی ئازاریی جەستەیی، یان زارەکی دەکات.
2– درۆدەکەن تا شتێک بە دەستبهێنن، یان تووشی کێشە نەبن، یان خۆیان لە شتێک ڕزگار بکەن.
3– داپۆشینی هەڵە بۆ دروستنەبوونی کێشە.
4– هەڵخەڵەتاندنی کەسانی گەورەتر لە خۆیان، کە حەزیان لە چارەیان نییە.
5– پێیان وایە ئەگەر ڕاستی بڵێن، باوەڕیان پێناکرێت.
6– ترسان لە کاردانەوەی گەورەکان.
7– بێ بیرکردنەوە قسەکانیان دەکەن
8– پێیان وایە درۆی دایک و باوک کارێکی چاکە و چاو لەوان دەکەن.
9– درۆ دەکەن تا سەرنجی دەورووبەر بە لای خۆیاندا ڕابکێشن.
10– لەوانەیە بزانن درۆکردن هەڵەیە، بەڵام پاڵنەری بەهێزتریان هەیە بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی تر.
ئەوەی شایانی باسە ئەرکی دایک و باوکانە منداڵەکانییان فێری ڕاستگۆیی بکەن. توێژینەوەکان پێمان دەڵێن: ( تووڕەبوون و چاوسورکردنەوە و هەڕەشە و هاتوهاوار بەسەر منداڵدا، ئارەزووی شاردنەوەی ڕاستییەکانی لا زیاتر دەکات، چونکە هۆکاری سەرەکی درۆ ترسە ، هەر بۆیە زۆر گرنگە لەو هەڵسوکەوتانە دووربکەوینەوە و بە هێمنی و ئارامی لە منداڵان نزیک ببینەوە و کەشێکی هێمن و ئارامیان بۆ دروستبکەین، تا بتوانن ڕاستییەکان ئاشکرا بکەن، چونکە تا ترس هەبێت درۆکانیش تەواو نابن. بێگومان هەنگاوەکانی چارەسەرکردنی درۆ و هاندانی منداڵیش بۆ ڕاستگۆیی بریتیین لە:
1– لە هۆکاری درۆکردنی منداڵەکەت تێبگە:
یەکەم شت پێویستە دایک و باوک ئەوە بزانن، کە درۆکردن بەشێکە لە گەشەکردنێکی ئاسایی لە منداڵاندا. کاتێکیش منداڵ درۆدەکات، ئەوا پێویستە بیربکەیتەوە، تا بزانی ئامانجی منداڵەکەت چییە. پاشان درۆکانی پۆڵێن بکە، ئەمەش ئاسانکاریت بۆ دەکات چۆن بەرامبەر هەر درۆیەک هەلسوکەوت بکەیت. بۆ نموونە مامەڵەکردن لەگەڵ درۆی منداڵدا بە هۆی خەیاڵ، یان تێنەگەیشتنێکی هەڵەوە، جیاوازە لە مامەڵەکردنی منداڵێک، کە درۆ بۆ گەیشتن بە ئامانجێک، یان بۆ گزیی و تۆڵە سەندنەوەوە دەیکات.
2– تەمەنی منداڵەکەت لەبەرچاو بگرە:
لە ڕاستیدا منداڵی بچووک لەو ڕاستییە ناگەن، کە درۆکردن کارێکی خراپە، چونکە تا گەورە نەبن، بەشی پێشەوەی مێشکیان بە تەواوی گەشە ناکات و ناتوانن لەو خووە زۆر خراپەی درۆ بگەن. هەر بۆیە پێش ئەوەی کاردانەوەی خراپت هەبێت، پێویستە تەمەنی منداڵەکەت لەبەر چاو بگریت.
3– کێشەکانی منداڵەکەت چارەسەر بکە:
بزانە منداڵەکەت چی بەسەردا هاتووە، تووشی کێشەی جەستەیی، دەروونی، یان سۆزداری بووە و لە چ بارودۆخێکدایە، تا بە پێی توانا یارمەتی بدەیت و کێشەکانی بۆ چارەسەر بکەیت.
4– لەگەڵ منداڵەکەتدا سنگفراوان و بەخشندە و لێبوردە بە:
ئەرکی تۆی گەورەیە پەیوەندییەکی توند و تۆڵی دۆستانە لەگەڵ منداڵەکەتدا دروست بکەیت. گفتوگۆی لەگەڵدا بکە و بۆی دربخە، کە باوەڕی زۆرت پێیەتی، تا هەست بە ئارامی و ئاسایش بکات و ڕێزت لێبگرێت و گویێ لە ئامۆژگارییەکانت بگرێت و بە دڵییەوە بنووسێت. توێژینەوەکان ئەوەیان دەرخستووە، ئەو منداڵە گەورانەی ئەو جۆرە پەیوەندییە باشانەیان لەگەڵ دایک و باوکیاندا هەیە، پەنا بۆ درۆ نابەن، یان زۆر کەم درۆ دەکەن، چونکە نایانەوێت متمانە و پەیوەندییە باشەکانی ئەوان لە دەست بدەن. بێگومان لە ناو ئەو خێزانانەی شەڕ و ئاژاوە و هاتوهاوار و دایک و باوکی توند و تووڕە هەیە، هەمیشە منداڵەکانیان بێزار و بێ تاقەتن و لە ترساندا پەنا بۆ درۆ دەبەن.
5– لە سزادانی منداڵەکەت خۆت بە دوور بگرە:
کاتێک منداڵەکەت درۆیەک دەکات و پاشان ڕاستییەکان دەڵێت، ئەوا لێی خۆشبە، یان سزاکەی کەمبکەرەوە، تا لەسەر وتنی ڕاستییەکان ڕابێت. ئەگەر منداڵەکەت ڕاستی وت و هێشتا سزا درا، ئەوا هیچ سودێک لە ڕاستگۆیی نابینێت و بەردەوام پەنا بۆ درۆ دەبات، تا لە سزادان ڕزگاری بێت. پاشان پێویستە دایک و باوک لە کاتی لێپرسینەوەدا پارێزگاری لە ئارامی خۆیان بکەن و نەرم و نیان و لەسەرخۆبن و هانی منداڵەکەیان بدەن سەرلەنوێ چیرۆکەکەیان بە ڕاستگۆیی بۆ بگێڕێتەوە.
6– بۆ منداڵەکەت نموونەیەکی باش بە:
لەبەردەمی منداڵەکەتدا خۆت بە دووربگرە لە فێڵ و درۆکردن، ئەوان لە تۆوە فێری فێڵ و درۆ دەبن. پاشان بەهیچ جۆرێک داوایان لێ مەکە درۆت بۆ بکەن. نابێت دایک و باوک هەتا درۆی بچووکی سپیش لەگەڵ منداڵەکانیاندا بکەن، نابێت هەرگیزیش منداڵەکانیان بـە درۆزن ناوبەرن.
7– بەڵێنەکانت بۆ منداڵەکەت بەرەسەر:
منداڵ لە پاکانە و بیانوی دایک و باوک ناگات. کاتێک بەڵێنەکانییان بۆ نابەنەسەر، لەم کاتەدا منداڵ دایک و باوکی بە درۆزن دەزانێ.
8- بە یەکسانی هەڵسوکەوت لەگەڵ منداڵەکانتاندا بکەن:
بە یەک چاو سەیری منداڵەکانت بکە و جیاوازییان لە نێوانیاندا مەکە، ئەگەر چیش یەکێکیان لەوی تریان تەمەڵ و سەرکێش و بزێو تربێت. چونکە منداڵی پشتگویێ خراو، هەست بە کەمی و ناڕەزایی دەکات و پەنا بۆ درۆ دەبات، تا ئەو جیاوازییانە نەهێڵێت و پێویستییەکانی بە دەستبهێنێت، هەر بۆیە گرنگە یەکسانی نێوان منداڵەکانتان بپارێزن.
9– منداڵەکەت فێری بەرپرسیارێتی بکە:
پێویستە منداڵ لە پاداشت و لێپرسراوێتی ئاگاداربکرێتەوە. کاتێک منداڵێک درۆ، یان کارێکی خراپ دەکات، پێویستە پاداشت و لێپرسراوێتی بۆ ماوەیەکی دیاریکراو ڕابگیرێت. ئەم سزایەش منداڵی گەورە دەگرێتەوە، کە بەردەوام درۆ دەکات. بەمەش منداڵەکە تووشی خەم و ئازار دەبێت، بەڵام دەبێت بزانیت ئەوە ئەنجامی درۆکردنە و تەنها بە وتنی ڕاستییەکان دەتوانێت پاداشت و لێپرسراوێتی دایک و باوکی سەرلەنوێ وەربگرێتەوە.
10– بیرکردنەوە لە هۆکارەکانی دەرەوە:
لەوانەیە کەسێک منداڵەکەتی فێری درۆی کردبێت، یان چاوی لە هەڵسوکەوتی کەسێکی تر کردبێت. یان لە خزمەکانییەوە فێری درۆ بووبێت، زۆر گرنگە منداڵەکەت لەگەڵ منداڵی ڕاستگۆدا تێکەڵ و هاوڕیێ بێ، چونکە هاوڕیێ کاریگەریی گەورەیان لەسەر منداڵەکانمان هەیە ، هەر بۆیە گرنگە هاوڕێکانییان بە چاکی بناسین و لە هاوڕێی خراپ و درۆزن دووریان بخەینەوە .
11– بە گشتی ئەو منداڵانەی ڕاستگۆن، زوو ڕاستییەکان ئاشکرا دەکەن. هەست بە نیگەرانی ناکەن و لە ڕوخساریاندا ئارامی هەیە، بەڵام کاتێک منداڵ درۆ دەکات، چەند نیشانەیەکی لێ دەردەکەوێت وەک: ماوەی نێوان پرسیار و وەڵامەکەی درێژە، تۆنی دەنگی بەرزترە لە دەنگی ئاسایی، بابەتەکە دەگۆڕێت بۆ بابەتێکی تر، بێ دەنگ نابێت و وتەکانی تێکەڵ دەکات، جووڵەی چاوەکانی بە ئاشکرا دیارن و شێواوی و دڵەڕاوکێ بە ڕوخسارییەوە دیارە. لێرەدا پێویستە دایک و باوک هەڵویست وەربگرن. چونکە لەوانەیە کێشەی نەفسی هەبێت، جا یان بە شێوەیەکی سروشتی گەشەی نەکردووە، یان تووشی کارەساتێک بووە ، یان هاوڕیی نییە و هەست بە تەنهایی دەکات. بۆیە پێویستە بۆ چارەسەرکردنی پەنا ببرێتە بەر پزیشکی پسپۆڕ.
12- منداڵانی ساوای پێش خوێندنگا ( 2 بۆ 4 ) ساڵ، تازە زمانییان گرتووە، هێشتا نازانن ڕاستییەکان لە کوێوە دەستپێدەکات و لە کوێشدا کۆتایییان دێت. لە مانای درۆ ناگەن و نازانن بۆچی خراپە. جا چونکە منداڵی ساوا زۆر بچووکن، ناکرێت سزا بدرێن. باشتر وایە دایک و باوک لە ڕێگای ئامۆژگاری و خوێندنەوەی گۆڤار و کتێبی بە سودی منداڵانەوە فێری ڕاستگۆیییان بکەن. بۆ منداڵی سەروو 4 ساڵیش، پێویستە هەموو دەرفەتێک بەکاربێت و بۆیان ڕوونبکرێتەوە، کە درۆ چییە و بۆچی ڕەفتارێکی زۆر خراپە.

تێبینی: بۆ ئەم بابەتە سود لە چەند سەرچاوەیەکی ئینگلیزی وەرگیراوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت