عیماد عەلی: کورد و سەربازیی زۆرەملێی عیراق.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقدا، دیسان کورد بوو لەبەر هەست بەکەمی خۆی و زاڵبونی هەستی نامۆیی لە وڵاتێکدا کە لە ناخی خۆیدا یەکلابوو کە هی ئەو نیە، وەک دەستپێشخەر و بۆ سەلماندنی عیراقیبونی خۆی، بەردی بناغەی دامەزراندنی سۆپای عیراقی دانا و بە فەوجٍێکی عەسکەری بە ناوی موسای کازمەوە و بە فەرماندەیی کوردێک بە ناوی جەعفەر عەسکەری و بەدەستی خۆمان ئەو خێو و مڵۆزمەمان بۆ نەتەوەکەمان هێنایەبەر و لەجیاتی پارێزەری سەرجەم چین و توێژەکانی گەلانی عیراق بێت، بوو بە ماری حەوت سەر و بە ناوی بنەماکانی پاراستنی دەوڵەتەوە، هیچ کارێکی خراپ نەما تاوەکو بەکارهێنانی کیمیاوی و ئەنفالکردنی گەلێکی بێ دەرەتانیشی هاتبێە سەر، بە سەرماندا نەهێنێت. ئەمرٍۆش بە پاساوی زۆرەوە، لە پێشەوەیاندا بیرو بۆچونی رەگەزپەرستیەوە، ئەمجارە خەڵکانێکی عەرەبی بەنهێنی نەتەوە پەرستی توندرٍەو، دەیانەوێت ئەو مێژووە دووبارە بکەنەوە، کە خۆمان بەدەستی خۆمان خوڵقاندمان و، هێزگەلێک بەبیر وعەقیدەی رەگەزپەرستی و توندرٍەوی و دەمارگیری بەناوی عەقیدەی عەسکەری سوپای دەوڵەت دووبارە دروست بکەن، کە تا ئەمرٍۆ جگە لە نەهامەتی و ماڵوێرانی بەسەر سەرجەم عیراقیەکاندا، هیچ بەرگریەکی لەبستێکی ئەم دەوڵەتە لە بەرامبەر هیچ دوژمنێکی راستەقینە نەکردووە و هەمیشە داردەستی دەسەڵاتدارانی بەغدا بووە بۆ سەپاندنی بیر و بۆچون و عەقیدە و سیاسەت و حزبایتیەوە، ئەوەی ناوی عەقیدەی عەسکەری بێت لەم سوپایەدا نەبووە و هەموو فکرو بیرێکی تەسکبینانەی دەسەڵاتداران و لە روانگەی فکری دەمارگیری و رەگەزپەرستی و حزبیەوە لەم سوپایەدا رەنگی داوەتەوە.
ئەمرٍۆش دەسەڵاتدارانی عیراق بە ناو و ناونیشان و پاساوی دیکەوە، دەیانەوێت سوپایەکی لەو جۆرە و بەڵکو خراپتریش بەبەرچاوی ئێمەوە بسەپپێنن و سەرەتایەکی خەتەرناکی تر لە عیراقدا دەست پێبکەن.
ئەوەی جێگەی سەرسورٍمانە تا ئێستا نوێنەرانی کورد و حزبە کوردستانیەکان ئەوەندە سەرقاڵی کێبرکێ و شەرٍە قوچان و ململانێی نابەجێی نێوان خۆیانن لە کوردستاندا و مەیدانەکەیان بۆ تەراتێنی هێزە توندرٍەوە رەگەزپەرست و دەمارگیرە نەتەوەپەرست و پان نەتەوەییە عیراقیەکان فەراهەم کردووە بۆ ئەوەی مەرامی خۆیان لە دامەزراندنی سوپایەکی زۆرەملێ بهێننە دی، هیچ هەڵویِستێکی جددی و راستودروستمان لە هیچ هێزێکی مەدەنی عیراقی بێت یان ئەوانەی بەناو کوردستانی نەبینی ئەو مێژووە خوێناویە بێننە یادی ئەوانەی رێکخستنی عیراق بە بنیاتنانی سوپاوە بەستۆتەوە و نیازیان وایە پرۆژە یاسای سەربازیی زۆرە ملێی بێ قەید و شەرت و مەرجی هیچ لایەک لە پەرلەمانی عیراق تێپەرٍێنن.
ئەوەی لە هەمووی سەرسورهێنەرترە ئەوەیە کە خەریکە ئەو فیعلە بە بێدەنگی و بەبەرچاوی هەمووانەوە تێدەپەرٍێنرێت و تەنها راگەیاندنێکیش چیە وەکو خۆی باسی نەکردووە و بواری ئەوە نەدراوە کە ئەم ئامانجە پر لە ترسناکیە بۆ خەڵک و بەتایبەتی گەلی کوردستان شیبکرێتەوە و تەنانەت راگەیاندنە سەربەخۆکانی عیراق و تەنانەت کوردستانیش ئەوەندە سەرقاڵی گۆنگرەکەی پارتین لەم کاتەدا ئەوەندە خۆیان لەم پرسە ترسناکە نەبان کردووە و چاو و گوێیان داخستووە و بەم شێوەیە بێت ترسێکی دیکە دەچێتە سەر ئەو کۆمەڵە ترسانەی بە تایبەتی لەسەر ئایندەی گەلی کوردستان کەڵەکە دەبێت .
پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا بە ریشی کێ رەوایە کە ئێمەی کورد هەڵەی مێژوویەکی نزیکی خۆمان بە دەستی خۆمان دووبارە بکەینەوە و هیچ هەڵوێستێک نەنوێنین؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت