عیماد عەلی: کۆنگرەیەک بەو شێوە دیموکراسی و هەڵبژاردنەوە بێت!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەوەی چاودێری چواردەهەمین کۆنگرەی پارتی دیموکراتی کوردستانی کردبێت، ئەوەی زۆر جوان بۆ روون دەبێتەوە کە ئەم حزبە دێرینە لە پاش زیاتر لەدە ساڵ لە نەبەستنی گۆنگرە، دیسان کتومت جوان وەکو خۆی مایەوە و ئەم کۆنگرەیەش تەنها بوو بە وێستەگەیەکی پەرٍینەوە لە قۆناغێکەوە بۆ ئەویتر، بۆ بەفەرمی کردنی بوونی حزبەکە بە پێی یاسای عیراقی و بۆ ئاهەنگگێرٍان و خۆتازەکردنەوەی رووکەشی دۆگمای بێ گۆرٍان، وەکو ئەوەی ئەم دەیە هیچ گۆرٍانکاریەک لە کوردستان و ناوچەکە و کاروباری حزبی و بیرکردنەوەی خەڵکیش رووینەدابێت. ئەگینا ئەوەی تا رادەیەک دەسەلاتی راستەقینەی هەبێت لەنێو پارتی لە سەرووی هەرٍەمەکەوە بە سەرۆک و هەردوو جێگرەکەی و مەکتەبی سیاسی و کەسو کار و خزم و ناسیاو، هەمووی بە تەزکیە و چەپڵە رێزان جێگەی خۆیان گرتەوە و توند دەستیان بە کورسیەکەوە گرت، ئەوەی مایەوە خەڵکە بی پشتو پەناو دوور لە ناسیاوی بنەمالەیە کە بەکورسیەکی نزمەوە لە خوارەوە و بە دەسەڵاتی دیاریکراوی کورتمەوداوە چووە ناو ململانێ و هەلمەتی یروپاگەندە و هەڵبژاردنەوە و، بۆ ئەوەی هیچ ساختە و تەڵەکەبازی لە پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەمانەدا نەکرێت، بە ئەلیکترۆنی هەڵبژێردران و وا دێنەسەر کورسیە نزمەکەی حزب. ئەگینا ئەوەی تۆزقاڵیک دەسەڵاتی هەبێت و توانای رێژەیەک لە گۆرٍٍین و قسەی هەبێت، بە قودرەتی قادر و پاڵپشتیی مەرجەعی شێوە (ولایەتی فەقێ) خرایەوە سەر کورسیەکەی و بۆ قۆناغێکی دیکە جێگیربوو.
ئەمەیە حزبایەتی رۆژهەڵات و جۆنێتی پەیرەوکردنی ئەو بەناو دیموکراسیە راستەقینەی کوردانەی حزبی پێشرٍەو. ئەگەر دیموکراسیەت و ئامرازەکانی پەیرەوکردنی ئازادی و دیموکراسی وا بێت، دەکرێت بڵێین شورای ئیسلام و هەڵبژاردنە سااختەکانی دیکتاتۆرەکانی ناوچەکەش هەر یەکە و بە پێی بارودۆخ و پێویستی وڵاتەکانیان ئەنجامیان دەدا، دیموکراسیەکی راست بووە و ئەو پاساوە حازربەدەستەی کە دەوترا بەو شێوەیە نەبێت، دەبێت چاوەرٍێی روودانی پشێوی هەمیشەیی وڵاتەمانیان بکەین، پاساوێکی راست بووە، بۆیە ئەو دسکتاتۆرانە حەقیان بووە نزیک نەبوونەتەوە لە دیموکراسی راستەقینە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت