عەتا قەرەداخی: لە نێوان پەیوەستبوون و رەخنەگرتندا بۆ کۆچی مەولانا لە شیعری ( بۆچی؟) ئەنوەر قادردا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دیسان بۆ مەولانا خالید
بۆچی” ناونیشانی شیعریکی ئەنوەر قادر محەمەدە، کە لە کۆمەڵە شیعری “نسار” و دواتریش لە کۆی بەرهەمە شیعرییەکانیدا لە لاپەڕە (٢٧٠-٢٧٢)دا بڵاوکراوەتەوە. هەر لەگەڵ ناونیشانەکەشدا نووسراوە” دیسان بۆ مەولانا خالید”، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ئەم شاعیرە پێشتر بۆ مەولانای نووسیووەو ئێستا دیسان جارێکی تر ئەم شیعرەش بۆ ئەو دەنووسێت. دیارە ناونیشانەکە راستەوخۆ دەرگای کردنەوەی دەقەکەی ئاواڵا کردووە، واتە دیارە ئەم دەقە پەیوەستە بە مەولانە خالیدی نوێکەرەوەو رابەری رێبازی نەقشبەندیەوە. بەڵام ناونیشانی دەقەکە کە وشەی پرسیاری ” بۆچی”ە، سەرباری ئەوەی دەزانرێت کە دەقەکە لەبارەی مەولاناوە دەدوێت، ئەم ناونیشانە مانای گەڕان و پەیجوور بە دوای نەزانراودا هەڵدەگرێت. ئاشکرایە وشەی پرسی ” بۆچی” بۆ پرسیارکردن لە هۆ یان لە هۆکار بەکاردێت. کەواتە لەم رووەوە ئەوە ئاشکرایە کە ئەوی پرسیارکەر کە کەسی شاعیرە پرسیار لە هۆکاری روودان، یان روونەدانی رووداو یان کارێک دەکات، کە بەلای ئەوەوە نەزانراوە یان وای وێنا دەکات کە نەزانراوە. ئەمەش ئەوە نیشان دەدات کە وشەی پرسی “بۆچی” وەکو ناونیشانی ئەم دەقە هەم ئەرکەکەی خۆی هەڵدەگرێت کە ئەرکی پرسین و پرسیارکردنە، هەم ئەرکی” ناونیشان” هەڵدەگرێت کە ئەرکی دەوربینین کلیلە بۆ کردنەوەی دەرگای دەقەکە.
“بۆچی” وەکو وشەی پرس دەشێت بۆ پرسیارکردن لە کەسی دووەم واتە گوێگر، یان بەرامبەر بەکاربهێنرێت، یان بۆ پرسیارکردن لە کەسی سێیەم، یان لەبارەی هۆکاری هەر رووداوێکەوە کە ئەمەشیان دەچیتە خانەی کەسی سێیەمەوە. لێرەدا ئەگەرچی کەسی پرسیار لێکراو نزیکەی دوو سەدەیە ماڵئاوایی لە ژیان کردووە، بەڵام ئەمی پرسیارکەر راستەوخۆ وەکو ئەوەی پرسیارەکانی ئاراستەی کەسی دووەم بکات بەوجۆرە لەگەڵی دەدوێت، کە ئەوەش بارێکی ئاساییە لە رووی زمانەوە. لە هەمان کاتدا ئەو دەلالەتە بەرهەمدەهێنێت کە سەرباری تێپەڕبوونی مێژوویەکی دوورودرێژ بەسەر نەمانی فیزیکی پرسیارلێکراودا بەڵام هێشتا لە روانینی ئەوی پرسیارکەرداو تەنانەت دەشێ لە روانینی گشتی خەڵکیشدا، هێشتا ئامادەبوونێکی تەواوی هەبێت.
دەقە شیعرییەکە بەم دێڕە دەستپێدەکات:
من دەمەوێ دڵۆپێ بم لە تۆی دەریا
پرشەیەک بم لە تۆی چرا…
لێرەدا لە دێڕی دەستپێکی دەقەکەدا دووانەیەکی ناهاوسەنگ کە بریتیە لە بەش / گشت پێکدێت، کە تا چرکەساتی ئەم دەربڕینە وا دەردەکەوێت هێشتا بەش تێکەڵاوی گشت نەبووە، بەڵام لە فرمانی دەمەوێتدا خواست و ئارەزووی بەهێز بۆ ئەو تێکەڵاوبوونە دەردەکەوێت و لەناوەرۆکدا پەیوەستبوونی بەش بۆ گشت بەئاشکرا دەبینرێت. ئەمی شاعیر لە دوو لێکچوواندنی بەدوای یەکدا هاتووداو لە هەمان نیوە دێڕدا ئەو پەیوەستبوونە نیشان دەدات. ئەم خۆی دەچوێنێت بە دڵۆپ و مەولاماش بەدەریا. ئاشکرایە وابەستەبوونێکی لۆجیکی لە نێوان دڵۆپ و دەریادا هەیەو دەریا هەمیشە لە کۆبوونەوەی دڵۆپە لە ژمارەنەهاتووەکان پێکدێت. هەروەها لە نیوە دێڕی دووەمدا ئەم خۆی دەچوێنێت بە پرشەیەک و مەولاناش بە چرا. دیسان “پرشە” بەشێکی بچووکە لە تیشکدانەوەی گڕی چرا، کە سەرچاوەی رووناک کردنەوەیە. واتە لێرادا لەم دەستپێکەدا دووانەی من / تۆ پێکدێت کە خاسێتی دووانەی هاوشێوە، یان هاوڕێکی هەیە، بەڵام دووانەی نایەکسان، چونکە جەمسەری یەکەم دەیەوێت بەشێک بێت لە جەمسەری دووەم، کە بریتیە لە دڵۆپێک لە دەریا، یان پرشەیەک لە چرا. لەم دەستپێکەی دەقەکەدا ئەوی شاعیر، مەولانە وەکو گشت، دەریا، چرا وێنا دەکات، خۆیشی کە دەشێ شاعیر یان هەر کەسێکی تری غەیری مەولانا بێت، کە هەمان تێڕوانینی بۆ مەولانا هەبێت، وەکو بەشێک یان خوازیاری ئەوەی ببێتە بەشێک لەو گشتە سەیردەکات، کە لە پشتی کۆی ئەم وێناکردنەوە گەورەیی و پایەبەرزی مەولانا نیشان دەدات، کە دەشێ لێکچواندنی مەولانا بە دەریا هەم فراوانی مەعریفەی باڵای مەولانا نیشان بدات، هەم ئارامی و دانبەخۆداگرتنی بخاتە ڕوو. هەروەها لێکچواندنی مەولانا بە چرا، ئەوە نیشان بدات کە مەولانا لە روانینی ئەمەوە رێنیشاندەرو رێبەر بووە بۆ رووناککردنەوەی رێگای بەرەو ئایندە.
کۆچی تەنیای رووەو ( شام)ت
کڵۆمی دا لە وەڵامی گەورەترین پرسیار،
ئاشکرایە مەولانا خالید لە پایزی ساڵی ١٨٢٠دا بەیەکجاری سلێمانی بەجێدەهێڵێت و سەرەتا دەچێتە بەغداو پاشان ساڵی ١٨٢٣ کۆچ بۆ شام دەکات. هەرچەند لە دەقەکەدا باسی کۆچی تەنیای مەولانا دەکرێت، بەڵام بەپێی سەرچاوەکان و بە تایبەتی بە قسەی ریچ کە ئەوکاتە لە سلێمانی بووە، مەولانا لەگەڵ هەر چوار ژنەکەیدا سلێمانی بەجێهێشتووەو پاشان لەگەڵ چواردە خەلیفەیدا رێگای بەرەو شامی لەبەرگرتووە. بەهەرحاڵ ئەوەی گرنگە چۆنێتی کۆچکردن و هۆکاری کۆچکردنی مەولانا نیە، بەڵکو مانەوەی یان هێشتنەوەی پرسیارێکە بەبێ وەڵام، کە دەشێ مەبەست لە پرسیار لێرەدا پرس- دۆز- بێت، چونکە ئەوەی لە مەولاناو رێبازەکەی چاوەڕوان دەکرا، وەکو رێبازی بەشی خوارەوەی کۆمەڵگا یان رێبازی ئەهلی کارو هێزی کارو بەرهەمهێن، ئەوە بوو کە ببێتە یەکێک لە پایەکانی پرۆژەی بنیادنانەوەی کەسێتی تێکشکاوی کوردی، بەهەمان ئەو شێوەیەی کە شیعەگەرێتی بوو بە یەکێک لە بنەماکانی بنیادنانەوەی کەسێتی فارسی. بەڵام مەیدان چۆڵکردنی مەولانا بۆ نەیارانی پشتگیریکراوی لە لایەن میرانی بابانەوە ئەو ئەگەرەی بۆ کورد لەباربرد. بۆیە رووی لێکدانەوە بۆ کڵۆمدانی دەرگای ئەو پرسیارە، یان ئەو پرسە بەم ئاراستەیە زیاتر بەلای راستیدا دەشکێتەوە. لێرەشەوە جارێکی تر دڵنیایی لە بۆچوونی منی قسەکەری دەقەکە لەسەر گەورەیی مەولانا دەکرێتەوە، کە هەم دەریاو هەم چراش بوو. بەڵام ئەو کۆچەی ئێمەی میللەتەکەی ئەوی لە فەڕی ئەو دەریایەو لە رووناکی ئەو چرایە وەکو ئەوەی لێی چاوەڕوان دەکرا بێبەش کرد.
دیسان وشەی پرسی “بۆچی” لەبەردەمی چەند رستەیەکی راگەیاندندا دادەنرێت، بەڵام ئەرکی وشەی پرس هەڵناگرێت، بەڵکو لە کۆتایی ئەو رستانەدا، بە وشەی پرسی ” بۆ” پرسیارێک دەکرێت، کە دەخوازێت بە دیاریکردنی هۆکاری کۆچکردنەکەی وەڵام بدرێتەوە.
بۆچی؟ / تیشکی باڵات نیازی هەموو دڵێ بوو
فرمێسکی شەوان بێداریت ئاونگی هەموو گوڵێ بوو…
ئەی تۆ نەتویست ئاگر بەردەی لە شەوەزەنگی نەزانی،
لە گەندەڵی، لە زەخەڵی… بۆ جێتهێشتین؟
کەسێتی مەولانا لای هەمووان پەسەندو دڵگیر بوو، ئەمەش ئەوە نیشان دەدات کە هەژموونی بەسەر پانتاییەکی فراوانی کۆمەڵگادا کردووەو هۆکاری ئەوەش دەگەڕیتەوە بۆ گرنگیدانی مەولانا بەخەڵک و بەئاگابوون لە خەم و کێشەکانیان و هەولدان بۆ چارەسەرکردنیان. ئەو لەبەرئەوەی لە تاریکستانی ژیانی ئەو کاتەی کۆمەڵگاکەیدا چرایەک بوو، چرای زانست و زانیاری، چرای رێنیشاندان، دەیویست شەوەزەنگی نەزانی شەق بکات، خراپەکاری و درۆو نادڵسۆزی و چاوچنۆکی لەناوببات. ئەمەش لە ئاستی قوڵتردا ئاماژەن بۆ بوونی پرۆژەیەک لای مەولانا، کە پرۆژەی تێکشکاندن و سڕینەوەی هەموو ئەو کۆسپ و بەربەستانەیە کە رێگایان لە هەنگاونانی بەرەو ئایندەیەکی باشتر گرتووە، بە مەبەستی دامەزراندنێکی نوێ. لە کاتێکدا قسەکەری دەقەکە لە رێگای دەربڕینی زمان و وێناکردنی کەسێتی مەولانا وەکو بکەرێکی کارا کە بتوانێت شتەکان بگۆڕێت، ئەرکی ئەو گۆڕانکارییە دەخاتە ئەستۆی مەولانا. بەڵام کاتێ مەولانا سەنگەرەکەی چۆڵ دەکات و پرۆژەکەی بەجێدەهێڵێت، ئەم بە مکوڕییەوە دەڵێت ئێمە چواەڕونیی گەورەمان لە تۆ هەبوو، ئومێدی گەورەمان لەسەر بنیادنابوویی، کەچی تۆ بەجێتهێشتین. ئەم ئێستا پرسیار لە هۆکاری بەجیهێشتنمان دەکات. هەرچەند رەنگە ئێستا وەڵامەکە هیچ بەهایەکی کرداری بۆ ئێمە نەبێت، چونکە گرنگی مەولانا بۆ ئێمە ئەوە بوو کە پرۆژەکەی جێبەجێ بکردایەو ئێمەی لەوبارە ناهەموارەی تێیدابووین دەربازبکردایە، بەڵام دیارە ئەوە رووینەدا، واتە هەر لە سەرەتاوە ئەوەی لە دەقەکەدا وەکو پرۆژەی مەولانا بۆ گۆڕانکاری و بنیادنانەوە بەرجەستە دەکرێت، لە کۆچی یەکجاری مەولانادا بۆ شام لەباردەچێت.
شامیل پشکۆیەک بوو،
لە مەشقەڵانی بەرزی تۆ،
خەنجەرەکەی بەربەرۆکی،
ساوێ بوو لە جەوهەری تۆ…
شامیل کێیە؟ کە پشکۆیەک بووە لە مەشقەلانی بەزی مەولانا؟ شێخ شامیل (١٧٩٧-١٨٧١)، رابەرێکی سیاسی و ئایینی ئاڤاری بوو لە باکووری قەوقازو یەکێک بوو لە موریدەکانی مەولانا خالیدی نەقشبەندی، کە لە گوندی گیمری داغستان لە دایکبووە، لە جەنگی قەوقازدا سەرکردایەتی خەڵکی قەوقازی کرد دژی زەبروزەنگی روسیاو سەرکردەیەکی ئازاو نەبەرد بووە، هەربۆیە نازناوی شێری قەوقازو هەڵۆی ئاڤاری لینراوە. شاعیر روودەکاتە مەولاناو دەڵێت ئەو سەرکردە لێهاتووە تەنیا پشکۆیەک بووە لە کڵپەی ئاگری ئازایەتی تۆ. شاعیر دەڵێت چەکی سەرەکی شامیل کە خەنجەرەکەی بەربەرۆکی بووە بەشێکی زۆر بچووک بووە لە گەوهەرو توانای مەولانا. ئەوێک کە سرۆشی ئازایی و نەبەردی لە مەولاناوە وەرگرتبوو، لە رووی زەبروزەنگی روسیادا راوەستاو میللەتەکەی خۆیی بە تەنیا بۆ گورگی روس بەجێنەهێشت. بەڵام تۆی سرۆش بەخشی بەرخوردان و زانین بەخش بە شامیل کە بووەتە نموونەی باڵای بەرگری و خۆڕاگری، ئێمەت بەجێهێشت. واتە لە ئاستی نەبینراوی دەقەکەدا جۆرێک لە رەخنەگرتن لەو هەڵوێستەی مەولانا دەبینرێت.
بۆ شار دەبێ، ئێواران و بەربەیانیان
بڕوانێتە رێگاکانی نەهاتنەوەت؟
مەولانا شارو وڵاتی بەجێهێشت و هیچ ئاماژەیەکیش بۆ گەڕانەوەی نەبوو. بەڵام ئەمی شاعیر ناڕاستەوخۆ باسی ئەوە دەکات کە هێشتا خەڵک ئومێدێکیان بەگەڕانەوەی مەولانا هەیەو لە پرسیارێكدا لە مەولانا دەپرسێت خەڵک ئارەزووی گەڕانەوەت دەکەن، کەواتە بۆچی بەردەوام خەڵکت لە چاوەڕوانیدا راگرتووە. راستە پرسیارەکە لە شێوەی داڕشتنیدا داوای ئاشکراکردنی هۆکاری راگرتنی خەڵکی لەوباری چاوەڕوانیەدا دەکات، بەڵام لە ئاستی قوڵتردا پرسیارەکە ئەو مانایە هەڵدەگرێت کە مادەم خەڵک هێندە تۆیان خۆش دەویست، نەدەبوو لە بوونی خۆت بێبەشیان بکەیت و لە چاوەڕوانیدا بیانهێڵیتەوە. هەروەک لێکدانەوەیەکی تریش بۆ ئەم بابەتی هاتنەوە، یان نەهاتنەوەیە هەیە، ئەویش ئەوەیە کە مادەم تۆ خەڵکت بەجێهێشت، پێویست نناکات چیتر خەڵک ئومێد لەسەر گەڕانەوەی تۆ هەڵبچنن، بەڵام لە راستیدا پەیوەست بە روانینی قسەکەری دەقەکەو ئەو پێگەیەی بۆ مەولانای دادەنێت، ئەگەری ئەم لێکدانەوەیان لە ئاستیکی لاوازدایە.
ئاگرێکی بێئامان بووی بۆ تاریکی
دەریایەکی بێکەنار بووی بۆ رووناکی
ئەی رۆژهەڵات لە دوای هەموو هەنگاوێکت گری نەگرت؟
ئەی نوور هەموو کوێرە دێیەکی پێ نەکرد؟
شەپۆل شەپۆل زانست و خۆشەویستی تۆ،
ئەمپەڕو ئەوپەڕی نەگرت؟
من تێناگەم کێ بوو هێشتی گەرد بنیشێ لە دڵی تۆ؟!
کێ بوو وای کرد ڕێی غەریبی بگرێتەبەر هەنگاوی تۆ؟!
شاعیر لە دوو وێنەدا تواناو لێهاتوویی مەولانا نیشان دەدات بۆ رەواندنەوەی تاریکی و بۆ پەرشکردنی رووناکی بەجۆریک کە هیچ سنوورێکی نەناسیووەو ئەوەش هێزێکی ئەفسوناوی ئەوتۆی پێداوە کە لە دوای هەر هەنگاوێکی رۆژهەڵات خرۆشاوەو رووناکی و پرتەوی هێزی ئەفسوناوی ئەو هەموو لایەکی رووناک کردۆتەوە. زانستی بەربڵاوی ئەو هەموو لایەکی گرتۆتەوەو لەبەرامبەر ئەوەشدا خۆشەویستی خەڵکی بەدەستهێناوە. لێرەدا مەولانا تەنیا وەکو رابەرێکی تەسەوف یان گۆڕانکاری وێنا ناکرێت، بەڵکو وەکو بوویەکی ئەفسانەیی نیشان دەدرێت، بووەیەک لە روانگەی ئەو وەسفانەوە دەکرێت، دەکەوێتە سەرووی مرۆڤەوەو جۆرێک لە تواناو لێهاتوویی رەهای پێدەبەخشرێت. ئەمەش روانینی هەر سۆفی یان موریدێکە بۆ شێخەکەی. ئەوی شاعیر کاتێ بەمجۆرە لە مەولانا دەڕوانێت، یان مەولانا دەبینێت، لە بەردەم پرسیارێکدا رادەمێنێت ئەویش ئەوەیە کاتێ ئەمە کەسێتی مەولانا بووە، ئایا کێ بوو پڕکێشی ئەوەی کرد رێگا بدات ئەو زویر بێت یان لە راستیدا کێ بوو ئەوی بەجۆرێک زویر کرد، کە کۆچی هەتاهەتایی بکات؟ بێومان ئەم پرسیارەی دەقەکە داوای وەڵام ناکات، یان لە راستیدا بەدوای وەڵامدا ناگەڕێت، چونکە لە دەرەوەی دەقەکە وەڵامەکە زانراوە. هەروەک لە راستیشدا دوای زویربوون و کۆچکردنی مەولاناو بەجێهێشتنی ئێمە، زانینی ئەو وەڵامە هیج بەهایەکی نیە، چونکە ئەوەی چاوەڕوانمان دەکرد رووبدات یان مەولان ئەنجامی بدات، لە دەستچوو.
تۆ لە تاریکی مەرگەوە،
بە چۆڵە چراوێکەوە هاتی…
لە چیاو چۆڵی نامۆیی و ئەوینەوە،
بە چاوی روون، بە دڵێکی وەک دەریاوە،
بە هۆشێکی لە پێداوانی خوداوە هاتی،
کە تۆ هاتی دارستانی بنار
سەمایان بۆ شنەی با بوو،
ئاگردانی ئێلات بڵێسەیان
هەتا بەرزایی حەوا بوو…
کە تۆ هاتی، ئاسکەکانی پێدەشت،
چاوی کەژاڵ و گەورەیان، ئاوێنەی جوانی خودا بوو…
بۆ جێتهێشتین؟
شاعیر باسی ئەو پاشخانە دەکات کە مەولانای لێوە هاتووە، کە پاشخانێکی تاریک و چۆڵ و پڕ لە نامۆیی بووە، کە ئەوەش مانای دواکەوتوویی و نەزانی وپەرتی و پەرتەوازەیی هەڵدەگرێت. لەو پاشخانە تاریکە و پڕ لە نەزانیەوە، ئەو بە چرایەکەوە هاتووە، کە چرا دروشمی رووناکی و زانست و رێنیشاندانە. لەم پاشخانەوە مەولانا بە ئاسۆیەکی روون و دڵێکی فراوان و بەهۆشێکی دەوڵەمەندەوە دێت. کە مەبەست ئەوەیە مەولانا لەو زەمینە ناجۆرەوە بەو هەموو تواناو لێهاتوویەوە دەرکەوتووە. ئەمەش بارێکی دەگمەنە چونکە واقیعی وا دواکەوتوو ناشێت توانای سەروئاسایی بەرهەمبهینێت، مەگەر کەسە دەگمەنەکان. پێغەمبەران وەکو کەسانی سەروئاسایی بەگشتی لە زەمینە دواکەوتوو ناجۆرەکاندا دەرکەوتوون. لەم رووەوە شاعیر ناڕاستەوخۆ هەوڵدەدات مەولانا بۆ ئاستێکی زیاتر لە ئاستی سروشتی خۆی بەرزبکاتەوەو بەجۆریک بیگەیەنێتە پێگەو ئاستی پێغەمبەران.
لە هاتن یان دەرکەوتنی مەولاندا، شتەکان دەگۆڕێن، کە سرۆشی ئەو گۆڕانانەش لە رۆحی باڵای مەولاناوە سەرچاوە دەگرێت، واتە دەرکەوتنی مەولانا دەبێتە مۆتیڤی گۆڕانکاری. دارستان بۆ شنەی با سەما دەکات، ئاگری ئاگردانی خێڵ و پێکهاتەکانی کورد بڵێسە دەسەنن، چاوی ئاسکەکان دەبنە ئاوێنەی جوانی. هەموو ئەم دەربڕینانە کە لە شێوەی وێنەی جوان و بەرهەمهێنی چێژی جوانیدا بەرجەستە کراون بە مەبەستی دروستکردنی فەزایەکە تیایدا مەولانا بە گەورەیی و بە شکۆو بە هەژموونەوە نیشان بدرێت، کە هاوتای بوون و ئامادەبوونی ئەو بێت لەسەر زەمینەی واقیع. دیسان شاعیر هەمان بۆچوون و پرسیاری پێشتری بەرزدەکاتەوەو دەڵێت کە تۆ خاوەنی ئەم هێزو تواناو زانست و پێگە بەرزە بوویت، بۆچی بەجێتهێشتین؟ واتە ئەوی شاعیرناڕاستەوخۆ یان لە ئاستی نەگوتراودا بە مەولانا دەڵێت مادەم خاوەنی ئەم هەموو خاسێتە دەگمەنانە بوویت، نەدەبوو بەجێمانبهێڵیت، یان بە دەربڕینێکی تر نەدەبوو سەنگەر بۆ نەیار، یان دژو بەرامبەرەکانت چۆڵ بکەیت.
بۆچی دەریای بێئامانی تۆ نەخرۆشا؟!
بۆچی گڕی مەشقەڵانی تۆ نەجۆشا؟!
بۆچی شارت دایە دەست چارەنووس و تاریکی؟!
بۆچی؟! بۆچی؟!
شاعیر سەرباری پەسنکردنی شکۆی مەولانا، بەجۆرێک رەخنە لە رۆیشتن و هەڵوێستی سەنگەر چۆڵکردنی دەگرێت، واتە بە تێڕوانینی ئەم مادەم مەولانا خاوەن ئەو تواناو لێهاتوویە بوو، مادەم خەڵک ئومێدیان پێی هەبوو، لەگەڵی بوون و پشتگیرییان دەکردو وەکو رابەرو رێنیشاندەر سەیریان دەکرد، سەرباری کۆسپ و تەگەرەو دژایەتیکردنی خۆی و ئەوەی کە بەگریمانە ئێمە وەکو پرۆژە ناوی دەبەین، دەبوو ئەو لەبری بەجێهێشتنی خەڵک بە بێئومێدی، رووبەڕووبوونەوەی هەڵبژاردایە. ئەوی شاعیر پێیوایە سەرباری پەرۆشی خەڵک بۆ مەولانا، بەڵام ئەو کاری لێنەکراو هەڵوێستیکی ئەوتۆی وەرنەگرتووە، کە وەڵامدانەوەی پەرۆشی و پێویستی خەڵک بێت، لە کاتێکدا دەیتوانی بە رووبەڕووبوونەوە هەموو رووداوەکان پێچەوانە بکاتەوەو دەکارا لەبری بەجێهێشتنی خەڵک، توانای لە بن نەهاتووی خۆیی بخستایەتە کارو رابەرایەتی خەڵکی بکردایە بۆ گٶڕانکاری لە دەسەڵاتی باوی سیاسی ئەو سەردەمەی میرانی بابانداو لەبری رێگا چۆڵکردن بۆ باڵادەستبوونی بیرو دیدو روانینی نەیارەکانی، هەژموونی خۆی و بیرو دیدو روانینی خۆیی بسەپاندایەو جێگای بە نەیارەکانی چۆڵبکردایە.
هەڵبەت بێجگە لەوەی لە مێژووی ئەو قۆناغەوە بۆمان ماوەتەوەو تا ئەندازەیەک ئاگاداری رووداوەکانین، دەقەکەش ئاماژەی ئەوە دەکات کە ئەگەر ئەم تواناو لێهاتووی و پێگە دینی و دنیایی و کۆمەڵایەتی و جەماوەریەی خۆیی لەناو پێکهاتەکانی خوارەوەی کۆمەڵگادا بخستایەتە کار، دەشیا رەوتی مێژووی کۆمەڵگای کوردەواری بە ئاراستەیەکی تردا بڕۆیشتایەو، چیتر لەسەر بازنەی داخراو نەخولایەتەوە.
بەڵام مەولانا ئەم هەڵویستەی وەرنەگرت، کە ناڕاستەوخۆ دەقەکە پێداگری ئەوە دەکات کە دەبوو مەولانا هەڵویستی رووبەرووبوونەوەی هەڵبژاردایەو وڵاتی بەرەو چارەنووسێکی روون و گەش رابەرایەتی بکردایە، بەڵام ئەو وڵات و کۆمەڵگاکەیی دایەدەستی تاریکی و چارەنووسێکی نادیار، چارەنووسێک هەتا ئێستاس نادیارەو ئەو هەڵوێستی سەنگەر چۆڵکردنەی مەولانا راستنەکراوەتەوەو لە ساتە هەستیارەکاندا کە دەشێ هەمان دەرفەتی ساتەوەختی کۆچکردنی مەولانا بۆ کورد بڕەخسێت، بەهەمان شیوەی مەولانا هێزی خوازیاری مانەوەی کورد لەسەر هەمان بازنەی داخراوی مێژوو، کاری خۆیان دەکەن و هێزی خوازیاری دەرچوون لەسەر ئەو بازنە داخراوەو دابڕان دروستکردن لەگەڵیدا باڵادەست نابێت. واتە هێزی خوازیاری دابڕان دروستکردن هەڵویستەکەی مەولانا وەردەگرێت و لە بری رووبەڕووبوونەوە پاشەکشەکردن و خامۆشبوون هەڵدەبژێرێت، هەرچۆن مەولانا شارو وڵاتی دایە دەستی قەدەرو تاریکی و خۆیی خستە دەرەوەی زەمینەی ئەو واقیعەی کە دەقەکە ئاماژەی ئەوە دەکات کە ئەو واتە مەولانا پرۆژەی گۆڕینی هەبووە، بەڵام وەک دەبینرێت کارایی جێبەجێکردنی پرۆژەکەیی نەبوو، کە دەشێ ئەوەش وەکو خاسیتیکی کەسیتی کوردی لێکبدرێتەوە، کە توانای رووداو درووستکردنی نیەو ئەوەش هۆکاری مانەوەیەتی لە پەراویزی مێژوودا.
شاعیر نەک لایەنگری هەڵویستی مەولانا بۆ بەجێهێشتنی وڵات ناکات، بەڵکو شێوازی دەربڕینەکانی بە جۆرێکە، نەک هەر نیگەرانی ئەو بەرامبەر بەو هەڵویستەی مەولانا نیشان دەدات، بەڵکو جۆریکە لە رەخنەگرتن لەو هەڵوێستە. ئەم بۆچوونەش بەوە نیشان دەدات لە کاتێکدا شامیلی ئاڤاری قەوقازی تەنیا پشکۆیەک بوو لە گڕو مەشخەڵانی ئەم، یان خەنجەرەکەی تەنیا ساوێ بوو لە گەوهەری ئەم، کەچی لە رووی ستەمکاریی روسدا وەستاو سەنگەری بەرەنگاری چۆل نەکرد، کەچی مەولاناکەی ئێمە بەو هەموو هێزو لێهاتووییەوەو بەو پێگە کۆمەڵایەتی و جەماوەرییە بەربڵاوەیەوە، بێ هیچ لە رووداوەستان و بەرگرییەک سەنگەری بۆ نەیارەکانی چۆل کرد، کە لەچاو نەیارەکانی شامیل دا نەیارەکانی مەولانا زۆر لاوازو ناکارا بوون. کەواتە بۆچی مەولانا ئێمەی بەجێهێشت؟
من دەمەوێ دڵۆپێ بم لە تۆی دەریا،
پرشەیەک بم لە تۆی چرا،
بریسکەیەک بم لەوانەی بەخشیتن بە چاوی شامیل،
من دەمەوێ کە خەڵفێکی روو لە تیشک بم،
لێرەکانێ، لە مۆردەکانی خاکی خانەقا…/
سەرباری نیگەرانی ئەوی شاعیر لە کۆچکردنی مەولاناو تەنانەت رەخنەگرتن لەو هەڵویستەی و داننەنانی تەواوەتی بەو پاساوانەدا کە وەکو هۆکاری کۆچکردنی مەولاناو بەجێهێشتنی ئێمەو نیشتیمان دەهێنرێنەوە، ئەوی شاعیر هێشتا وەکو رابەرو نموونەی باڵا سەیری مەولانا دەکات و لە کۆتایی دەقەکەشدا جارێکی تر دڵسۆزی و پەیوەستبوونی خۆی بەوەوە دووپات دەکاتەوەو دەخوازێت ببێتە بەشێکی هەرە بچووک لە ئەوی گەورە یان تروسکەیەک بێت لە رووناکی پەخشبووی ئەو کە نەک هەر رووبەری نیستیمانی گرتۆتەوەو بەسەر سنوورە دەستکردەکاندا پەڕیوەتەوە، بەڵکو سنوورەکانی نیشتیمان و رووبەرێکی فراوان لە جیهانی ئیسلامیشی تێپەڕاندووەو گەیشتووەتە دەرەوەی ئەو جیهانە فراوانە.
ئەمی شاعیر پێیوایە ئەوە بەشێکە لە هێزو تواناو لێهاتوویی مەولانا کە بووەتە جوڵێنەری پاڵەوانانی وەکو شێخ شامیلی ئاڤاری قەوقازی بۆ راوەستان لە رووی ستەمکاریدا. ئەم دەیەوێت تەنیا بریسکەیەک واتە بەشێکی زۆر بچووک بێت لەو بەهرەو لێهاتوویەی کە مەولانا بە شامیلی بەخشیووە، ئەم خواستنەش دەشێت بە ئومێدی ئەوە بێت کە ئەمیش خوازیاری لە ئەستۆگرتنی هەمان ئەرکی شامیل بێت، بەڵام بۆ کارێکی ئەفسانەیی لەوجۆرەی شامیل، پێویستی بەوەیە سرۆشی هێزوتواناو ئازایەتی و خۆنەویستی لە گەورەیی مەولانا وەربگرێت.
بەلای ئەمی شاعیرەوە تیشک رۆگە یان ئامانجە، کە دەشێت تیشکی پرتەوی خودا بێت، یان تیشکی زانست و زانیاری بێت بۆ رووناک کردنەوەی رێگای تاریک و پڕ لە کۆسپی بەرەو داهاتوو، یان رێگای مەولاناو پرینسیپەکانی رێبازی نەقشبەندی بێت بۆ بەدەستهێنانی خوداو دنیا یان دین و دنیا پێکەوە. ئەمی شاعیر چاوی لەو رۆگە یان ئامانجەیەو دەیەوێت لێرە لە مۆردەکانی خانەقا خەڵفێکی رووی لەو ئامانجە بێت. خەڵف یان نەمام دەلالەتی لەدایکبوون و سەرهەڵدان هەڵدەگرێت. ئاشکرایە خانەقا شوێنی جێبەجێکردنی سرووتەکانی رێبازی نەقشبەندیەو دەشێ مەبەست لە خانەقاش لێرەدا خانەقای مەولانا خالید بێت لە سلێمانی کە میرانی بابان بۆ مەولانا خالیدیان دروستکردووە. “لێرە لە مۆردەکانی خانەقا”، مەبەست ناوەوەی نیشتیمانە، واتە ئەم دەیەوێت لە ناوەوەی نیشتیمان بە سرۆش وەرگرتن لە هێزو زانست و تواناو کەسێتی مەولانا خالید شوێن پەیامەکەی ئەو بکەوێت، ئەو پەیامەی کە دەشیا ببوایەتە بنەمایەک بۆ کۆمەڵگای کوردی نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەیەم و دین و دنیای لێکبدایەو کوردی بکردایەتە خاوەنی خۆی. بەڵام دیارە کۆچی مەولانا پاساوەکەی هەرچیەک بووبێت، ئەوەی زانراوە، یان هۆکاری تری هەتا ئێستا ئاشکرانەکراو، ئەو ئومێدەی لەبار بردو کۆمەڵگای کوردی بۆ خولانەوە لەسەر بازنە داخراوەکەی خۆی بەجێهێشت. کەواتە ناونیشانی ئەم دەقە شیعریە” بۆچی؟” پرسیارێکە ئەوەندەی خەم و ئازارو نیگەرانی بەرامبەر بە رووداوی کۆچی مەولانا هەڵدەگرێت، ئەوەندە بە دوای وەڵامدا ناگەڕێت، چونکە لە دوای کۆچکردنی ئەو پاساوەکە هەرچیەک بێت، ئەو بەهایەی نیە، لە ئاستی کاریگەریە نەرێنیەکەیدا کە لەباربردنی بەرنامە، یان پرۆژەیەکی گریمانەکراو بوو بۆ گواستنەوەی کۆمەڵگای کوردی لە پەراوێزی مێژووەوە بۆ ناو مێژوو.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت