عیماد عەلی: روون دەرکەوتنی پەیامی کۆنگرەکەی پارتی بۆ هەموان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگەر بە نارٍاستەوخۆش بێت، دەرئەنجامی چواردەهەمین کۆنگرەی پارتی دیموکراتی کوردستان، کۆمەڵێک پەیامی راست و روون و بێ پێچو پەنای بۆ خەڵکی کوردستان و حزبەکان و سەرجەم کادر و هەوادارانی پارتی و بە تایبەتی بۆ پرٍۆپارتیەکانی ناو حزب و رێکخراوەکانی تری نارد، کە پارتی ئەگەر بە ئاگاییەوە ئەوەی کردبێت یان لەدەست دەرچوبێت یان بە وردی بیریان لە ئاینەدەی حیزبەکەی خۆشیان نەکردبێتەوە، یان رێباز و مەنهەجی تایبەتی پارتی ئەوەی ویستبێت و لەوە زیاتری پێ نەبوبێت و پێی نەکرابێت، ئەوەی زۆر بە روون و ئاشکرایی دەرخست کە پارتی حزبی کۆمەڵێک خەڵکە و بنەماڵە بە تەواوی قۆرخی کردووە و ئەوەی حزبایەتی راستەقینە بێت بە هیچ شێوە و هیچ کلۆچێک لە هیچ کون و قوشبنێکی ئەم حزبەدا بەدیناکرێت. دەتوانین بڵێین حزبێکی تایبەتی و بێ وێنەی کوردستانیە و تەنانەت لەم کاتەدا و بە تایبەتی لە ناوچەکەشدا شتی وا بەدیناکرێت، هیچ رێکخستنێکی مەدەنی نادۆزیتەوە رەفتار و کرداری بەو شێوەیە بێت و باسی دیموکراتی بکات و تەنانەت ناوی حزبەکەش دیموکرات بێت، واتە وەکو هەندێک رژێمی ناوچەکە بە ناوی دیموکراسیەوە حوکمێکی تاکرٍەوی بنەماڵەیی بسەپێنێت و تەنانەت منداڵی سەر بێشکەکەیان خۆی ئامادەباشی کردبێت بۆ حکومرٍانی حزبی و کوردستان بۆ چەندین دەیەی تر، ئەگەر بەو شێوەیە بمێنێتەوە. هەوڵی زەمینەسازی تەواو بۆ حوکمی پاشایەتی لەو هەنگاوانە بوون کە لەم کۆنگرەیەدا جوانتر لەوانەی پێشوو دەرکەوتن.
دەشێت بڵێین، بە بێ ئاگایی خۆیان، زیانی لێکەوتەکانی ئەء رەفتار و شێوازە بەریوەبردنەی پارتی بەو بیرکردنەوە لە چەند خاڵێکدا دەردەکەوێت:
1- ئەوەی روون دەردەکەوێت کە حکومرٍانی راستەقینە کێیە و کێش مێگەلانە بەدوای کۆمەڵێک بەرژەوەندیەوەیە و تەنها پلەی شێخی دەرباری بۆ دەمێتەوە .
2- پێکهاتنی چین وتوێژی هەمەچەشن لە ناو حزبەکەدا،قەت بەقەد ئەم کاتە وا بەروونی دەرنەکەوتووە و ئەوەی یەکلایی بووەوە کە تا دێت چەندین چینی جیاوازی نێو پارتی لە باری حزبی و مادی مەعنەویەوە هەڵدەتۆقێن.
3- بە گەورە و بچوکی بەشداربووانی گۆنگرە سەلمێنرا کە پارتەکەیان حزبێکی موخابەراتیی تۆکمەی پر لە پرنسیپی تەسکی بنەماڵەیین و بەدوورن لە حزبی مۆدێرنەن.
4- ئەوەیان بۆ دەرکەوت کە باوەرٍبوون بە حزب بە پێی پلەی ملکەچبوون و وەلاء بۆ کەس و بنەماڵەیە نەک حزب و رێباز و شیعار و ئامانج.
بۆیە، تاقە سودێکی ئەم کۆنگرە و رەفتاری ئەم حزبە لەوەدا دەبینرێتەوە کە دەرئەجامەکان تاکە سودێکی گشتی حزبی بۆ خەڵک لەوەدا دەرخست کە خەڵکی دیکەی دوور لە پارتی و بەتایبەتی ئەوانەی پرٍۆ پارتین لە ناو حزب و رێکخراوەکان و دەرەوەشیاندا، ئەوەیان بۆ روون بووەوە کە ئایندەیان لە نێو ئەم حزبە نادۆزنەوە و دڵسۆزی و ملکەچی و حزبایەتی دروست لەم حزبەدا ناخوات و تا ئەم حزبە بەم شێوە بەرێوە ببرێت موڵکی تایبەتی چەند کەسێکی تایبەتە و بۆ کەس نیە دوور و نزیک توخنی بکەوێت و مێژووەکەی لەو بازنەیەدا دەخولێتەوە و بەس، بۆیە ئەمە باشترین خاڵە کە گەلی کوردستان دەتوانێت قازانجی لێ ببینێت. ئەوە دیارە کە جەماوەری ئەم حزبە لە بازنەیەکدا بێ گەشەی رێکخستنی ئاسۆیی و ئەستونی و وەکو خۆی دەمێنێتەوە ، ئەمەش دەرفەتی باش بۆ خەڵک فەراهەم دەکات کە حزبی نوێی سەردەمیانە و یەکگرتوو بەدوور لەم حزبەو هاوشێوەکانی لەماوەیەکی دیاریکراودا دابمەزرێنن و کێبرکێی پارتی و پاشکۆ و هاوشێوەکانی بکەن و ئەو دەرەفەتە دروست دەبێت کە وەرگۆرٍان و گۆرانکاری ریشەیی هەمەچەشنی سیاسیی فراوان لەسەر ئاستی کوردستان لە ئایندەدا دروست بێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت