شاخەوان سەنگاوی: کۆمەڵگا لە نێوان سیستەمی بەڕێوەبردن و فەوزای بەڕێوەبردندا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگەر بمانەوێت خوێندنەوەیەک بۆ سیستەمی بەڕێوەبردن بکەین لە کۆمەڵگایی کوردیدا، ئەوا دەگەینە چەندین ئاستەنگی و بەربەست ئەوەش بەهۆکاری ئەوەیی لە کۆمەڵگایی کوردیدا سیستەمێکی دیاریکراو لە بەڕێوەبردن پەیڕەو ناکرێت لە بەڕێوەبردنی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمدا، تا بە پێوانەی ئەو سیستەمە هەڵسەنگاندن بۆ ئەدای بەڕێوەبرانی دامەزراوەکان بکرێت ئیدی چ لە کەرتی گشتیدابێت یاخود کەرتی تایبەت. کەواتە لێرەدا ئاستەنگیەکان بەڕوونی دەردەکەوێت ئەویش لە کاتی بەیەکدا چوونی سێکوچکەی بەڕێوەبردن ( ئەرک و ماف و دەسڵات) ـەکان لە نێوان بەشە جیاوازەکانی دامەزراوەکاکدا. کەواتە ئێمە پێویستە سەرەتا لە چەمکی بەڕێوەبردن تێبگەین کە پێناسە دەکرێت بە ( بەڕێوەبردن واتا ئاراستەکردنی سامانەکانی بەردەست لە داهات و سامانی مرۆیی و سەرچاوەکانی دیکە بە باشترین شێوە بە ئامانجی بەدەستهێنانی ئامانجە باڵاکانی تیمەکەت، دامەزراوەکەت، کۆمپانیاکەت، وڵاتەکەت کە لە چوارچێوەی پلاننامەی دامەزراوەکە داڕێژراوەتەوە.)
کەواتە لەم پێناسەیەوە دەگەینە ئەو ئەنجامەیی کە ڕۆڵی بەڕێوەبەر واتە سەرکردایەتی کارمەندان بۆ پێشەنگبوون و خۆشویستن لەئیش و کارەکەنیدا وە روحی هاوکاری و هەمەهەنگی” بەکردار” بیسەلمێنێ نەک بە قسە. کەواتە لەم پێناسەیەی سەرەوە پێنج خاڵمان بەدەست دەکەوێت بۆ بەئەنجام گەیاندنی ئەرکە سەرەکیەکانی بەڕێوەبردن کە خۆیی دەبینێتەوە لەم خاڵانەدا.
یەکەم/ پلاندانان: بریتیە لە دیاریکردنی ڕێگایەک بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانمان کە ئەویش خۆی دەبینێتەوە لە هەنگاوەکانی بیرکردنەوە كە پێش هەموو كارێك دەردەكەوێت وە كۆتایی دێت پاشان دەتوانین بڕیاربدەین ئەم پرۆسەیە چۆن ئەنجام بدرێت؟ کاتی ئەنجام دانی؟ کێ هەڵسێ بە ئەنجام دانی؟ ئەمیش بەئامانجی سەرەتایەکە بۆ ڕێکخستنی سامانی مادی و مرۆیی بەردەست لە ڕووی سەرپەرشتیکردن و چاودێریکردنەوە کە بۆ خۆی پلانیش دەبێت بە چەند ئاستێکەوە.
دووەم/ ڕێکخستن: لێرەدا ڕێکخستن دەکرێت لە نێوان سەرجەم بەشەکانی پلانەکەدا بە ئامانجی ئەوەی بە کەمترین کات و تێجوون ئامانجەکان بەدیبهێنرێت.
سێیەم/ بڕیاردان: لێرەدا هونەری بەڕێوەبردن دێتە ناو بابەتەکەوە کە ئەویش خۆی دەبینێتەوە لە پرۆسەیەکی ھزرییە کە دەبێتە ھۆی ھەڵبژاردنی کردارێک لە نێوان پێوانە جێگرەوەکان یاخود جێگرەوەی پلانەکان.
چوارەم / ئاراستەکردن (سەرکردایەتی و پەیوەندی) هاندانە بۆ بەرزکردنەوەی ورەی تاکەکانی نێو تیمەکەتە بۆ سەرکەوتن بە سەر ئاستەنگیەکاندا، کە ئەمش هۆکارێکە بۆ پێشکەشکردنی بەرهەمێکی نوێیە لە پلەیەکی باڵادا یان باشترکردنی ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی پلانەکان و دروستکردنی پەیوەندیەکی بەهێز لە نێوان تاکەکانی تیمەکەت لە لایەک و سەرکردایەتی و تیمەکەش لەلایەکی دیکەوە.
پێنجەم / چاودێریکردن: یەکێکە لە هەنگاوە گرنگەکانی بەڕێوەبردن و تەنها کارێکیشە کە لە سەرەتایی پلاندانانەوە تا هەنگاوی ئاراستەکردن و سەرکردایەتی بە بەردەوام لە کاردایە ئەویش بەو ئامانجەی لە هەر قۆناغێک لە قۆناغەکان بتوانێک دەستنیشانی کەم و کورتیەکان بکات بە ئامانجی ئەوەی بتوانرێت لە کەمترین کاتدا چارەسەرێک بۆ کەم کورتیەکان دەستەبەر بکات.
کەواتە تێ دەگەین کە زانستی بەڕێوەبردن یەکێکە لەو زانستانەیی کە بنەما و بناغەیەکی بەهێزە بۆ پێشکەوتنی سەرجەم زانست و کایەکانی دیکەی ژیانی کۆمەڵگا لە ئێستا و داهاتووماندا. هەر بۆیە دەبینین توانای دەوڵەت لەڕێی دوو لایەنەوە دیاری دەکرێت ئەویش: سەرچاوەکانی ھێز( سیاسی، سەربازی، ئابووری)، دواتر بەڕێوەبردن و بەکاربردنی ئەو سەرچاوانە.
هەر بەپێی پێناسەی فردریک تایلۆر کاتێک مرۆڤێک لەسەرویی پۆست و کورسیەوە بێت، ئەوە لەخۆبردوویی و دادپەروەری و ئامانجداری لەو کەسە دەدۆزرێتەوە لە سیاسەتیی بەڕێوەبردنیدا. بەڵام لە هەمان کاتیشدا کاتێک پۆست و کورسی باڵاتربێت لە مرۆڤەکە لووت بەرزی و نادادپەروەری و بەڕیوەبردنێکی هەڵە لەکەسەکەدا دەدۆزیتەوە. کە خۆی دەبینێتەوە لە بەڕێوەبردنی فەوزا یاخود درێژەدان بە فەوزایی بەڕێوەبەردن کەواتە لێرەدا پێویستە تیشک بخرێتە سەر چەمکی فەوزا تا ڕوونبکرێتەوە فەوزا چیە؟
فەوزا بریتیە لە سازدانی سەکۆیەک بۆ سەرجەم تاکەکانی نێو دامەزراوەکە یاخود تیمەکە، بۆ قسەکردن لە سەر کۆیی سێکتەرەکانی دامەزراوەکە کە ئەمەیان هۆکارە بۆ تێکەڵ کردنی ڕاست و چەپ، تاونبار و بێ تاوان، زانستی و نازانستی، پیشەیی و ناپیشەیی، سەراب و واقعیە، ڕۆشنبیر و عەوام، سیاسی و ناسیاسی، یاسایی و نایاسایی کە شیکردنەوەی قوڵ بۆ کۆی پلان و ئاراستە و دەرئەنجامەکانی دامەزراوەکە بکەن بە نێوی دیمکراسیەوە. کە ئەمەیان یەکێکە لە مەترسیدارترین جۆرەکانی بەڕێوەبردن، کەواتە هەمیشە فەوزا بوونی هەیە لە ژینگەی دامەزراوەکەدا چونکە سروشتی مرۆڤەکان بەم شێوەیەیە لە هەمان کاتیشدا ئەوە سەرکردەکانن کە ڕێدەدەن کە فەوزا گەشە بکات یاخود بچێتە دۆخی مت بوونەوە.
کە ئەویش بە دوو هۆکار ئەم سروشتەیی مرۆڤ دەتوانرێت بخرێتە ڕوو:
یەکەم/ ئەو مرۆڤانەی کە فەوزا بەڕێوە دەبەن، بەو ئامانجەی ئەم بەڕیوەبردنە وەکو هۆکارێک بەکاری دەهێنن بۆ داپۆشینی لایەنێک لە لایەنەکانی سروشتی خۆیی لە بەرامبەر نەیارەکانیدا هەر بۆیە ژینگەیەکی فەوزەویی دەخولقێنی.
دووەم/ ئەو مرۆڤانەی کە فەوزا بەڕێوەدەبەن وەکو هۆکارێک بەکاریی دەهێنن بۆ شکاندنی نەیارەکانی کە هەوڵدەدات لەم ڕێگایەوە نەیارەکانی بخاتە ژێر فشارێکی تەسلیم بوون.
کەواتە لێرەدا دەگەینە ئەو ڕستیە تاڵەیی لە زۆربەیی دامەزراوەکانی دەوڵەتداری کوردیدا فەوزایی بەڕێوەبردن درێژە پێدەدەین هەر بۆ بەرچاو ڕوونی لە وەها دەرئەنجامێک. هەر بۆ نموونە کاتێک بڕیارێک لە هەرەمی بەڕیوەبردنی دەوڵەتدا دەردەچێت جۆر و شێوازی نوسینی ناوڕۆکەکەیی ڕێگا دەدات بە چەندین جۆر خوێندنەوەی بۆ بکرێت بە شێوەیەک هەر لایەنێک و گروپێک بەو شیوەیەیی کە لە گەڵ ژینگەی کارەکەیدا بگونجێت خوێندنەوەی بۆ بکات. هەر بۆیە دەبینین لەم ژینگەیەدا فەوزای بەڕێوەبردن هەمیشە لە گەشە سەندندا دەبێت. کەواتە ئەمە هۆکارێکی سەرەکیە بۆ ئەوەیی کە دامەزراوەکانی دەوڵەتداریی گەشە نەکات چونکە هەمیشە لە بازنەیەکی داخراودا دەخولێتەوە نە سەرەتایی هەیە و نە کۆتایی.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت