ڕۆسته‌م خامۆش: گرنگیی شیعر لە کتێبی پڕۆگرامی خوێندندا.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

شیعر، ئەو ژانرە گرنگ و ناسک و جوان و هەست بزوێن و پڕ لە سۆز و چێژبەخشەیە، کە پانتاییەکی فراوانی لە نێو ئەدەبیاتدا داگیرکردووە و گه‌یشتووه‌ به ‌ترۆپك. لە ئەدەبیاتی منداڵانیشدا، شیعر هەر پلەی یەکەمی وەرگرتووە و پێگەی تایبەتیی خۆی هەیە و زیاتر لە ژانرەکانی تر نووسراوه‌.
بۆیە ده‌مانه‌وێ باس لە گرنگیی شیعر و ئەدەبی منداڵان بکەین کە لە کتێبەکانی پڕۆگرامی خوێندندا شوێنی بۆ کراوەتەوە و دەخوێنرێ و تا ڕادەیەکی باش بایەخی پێدراوە، بەڵام ڕەنگە وەک پێویست نەتوانرابێ باشترینی ئەو شیعرانە بخرێنە نێو کتێبەکان کە تایبەت به‌ جیهانه‌ پاک و جوانه‌كه‌ی منداڵان نووسرابن، بەڵام دانانی شیعر لە کتێبی خوێندنی قوتابخانەدا، كارێكی زۆر باش و ژیرانه‌یه‌.
وڵاتانی پێشکەوتوو سوودیان لە ئەدەبی منداڵان وەگرتووە بۆ پەروەردە و فێرکردن، چونکە ئەدەبیاتی منداڵان هاوکات لەگەڵ پەروەردە و فێرکردندا، دەتوانێ ڕۆڵ و کاریگەریی خۆی هەبێ له‌ به‌ره‌و پێشبردنی په‌روه‌رده‌دا، چونکە خاڵی هاوبەش لە نێوان ئەدەب و پەروەردەی منداڵاندا هەیە، هەر وەکو دەبینین لە کتێبی خوێندنەوەدا، لە پۆلی یەکەمی بنەڕەتییەوە هەتاکو قۆناغی ئامادەیی، شیعری تێدا جێیکراوەتەوە و بووە بە وانەیەکی گرنگ و سوودبەخش و چێژبەخش، به‌ڕاستی ئەوانەی بیریان لەوە کردووەتەوە کە شیعر بخرێتە نێو کتێبی پڕۆگرامی خوێندن و وەکو وانەیەک بخوێنرێ، دەڵێین به‌ڕاستی ئەو کەسانە شارەزا و ئاوەزمەند و ڕۆشنبیر بوون، چونکە زانیویانە شیعر، جگە لەوەی قوتابیان، وەک وانەیەک دەیخوێنن و سوودی لێ دەبینن، حەزی خوێندنەوەشیان زیاتر ده‌كات و لە بیریشیان ناچێتەوە. بۆ نموونە: ئەو شیعرانەی کە لە قوتابخانەدا خوێندومانن و ئەزبەرمان کردوون، زۆربەمان دوای تەواوکردنی خوێندن و بەڕێکردنی تەمەنێکی زۆریش، هێشتا هه‌ر لە هزرماندا ماونه‌ته‌وه‌. بۆیە پێویسته‌ ئه‌م بابه‌تە بە گرنگ بزانرێ و قسەی زیاتری لەسەر بکرێ. بە بۆچوونی من، وا باشه‌، لە دۆخێکی ئارام و کاتێکی گونجاودا، پێداچوونەوەیەکی ورد و زانستیانە بکرێ بۆ ئەو شیعرانەی، کە لە ئێستادا وەکو وانە دەخوێنرێن، ده‌بێ شیعرەکان لە بازنەی ئەدەبی منداڵاندا بن و زۆر به‌ وردی ڕەچاوی تەمەن و قۆناغه‌كانی خوێندن بکرێ. بەڵێ پێویستە: (کەسانێکی ئەدەبناس و دەروونناس و شارەزایان و پسپۆڕانی بواری پەروەردە)، پێداچوونه‌وه‌یان بۆ بكەن و ئەو جۆرە شیعرانە جێیان بکرێتەوە و دابنرێن، کە بە شێوازێکی سه‌رده‌میانه‌ منداڵانیان پێ پەروەردە ده‌کرێن و هانیان ده‌دەن بۆ: (ژینگەدۆستی و چاکەخوازی، هاوکاری و پێکەوەژیان و ته‌بایی، ئاشنا كردنیان به‌ به‌ها باڵاكان و ڕه‌وشته‌ جوانه‌كان، نیشتمانپەروەری و ئه‌مانه‌تپارێزی، ڕاستگۆیی و دەستپاکی، خۆشەویستی و لێبوردەیی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت