عیماد عەلی: ئەم سیناریۆیەی ئەردۆگان زۆر ئاشکرایە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کردەوە تیرۆریستیەکەی ئەستەنبول زۆر غەشیمانە جێبەجێ کرا، هەر لە سەرەتاوە و پێش ئەوەی ماوەیەکی دیاریکراو بۆ لێکۆڵینەوەکان دانێن، ئەردوگان بە خۆی و وەزیری نێوخۆی وڵاتەکەیەوە هاتنە سەرشاشە و یەکسەر پەکەکە و هەپەگەیان تۆمەتبار کرد و ئەوەندە بە شپرەزەیی دەرکەوتن، یاریەکەیان چۆن بە منداڵانە دەستی پێکرد، بە زۆر نەزانیش مەرامەکانیان ئاوا بە کتوپری بۆ هەمووان دەرخست.

ئەمەیان بۆ چی بوو؟
* بۆ ماوەیەک دەچێت ئەردوگان بۆ هەلێک دەگەرێت کە هەڵمەتی هەڵبژاردن گەرم بکات و ئاراستەکان لەسەر خراپی باری ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی تورکیا بەرەو خاڵێک ببات کاریگەریی خراپی لەسەر دەنگەکانی نەبێت، کەچی ئەم سیناریۆیەی بەسەقەتی جێبەجێکرد و بە پێچوانەوە بۆی دەکەوێتەوە.
* بە تۆمەتبارکردنیی هەدەپە بە هاوکاریکردنی لە لایەن پەکەکەوە، بەنیازە لە هەدەپە بدات و لەو بازنەیەدا بوار بۆ قوتاربونی خۆی لەو تەنگژانەدا بدۆزێتەوە و دەنگەکانی هەدەپەش کەم بکاتەوە.
* گرنگترین ئامانجی ئەردوگان، هەوڵی ئاڵاوسانی ئابووری و دابەزینی نرخی لێرە لە بیر خەڵک بباتەوە و ئەگەر بۆ ماوەیەکی کاتیش بێت خەلک سەرقاڵ بن و ئەویش رێستێک بکات و دەرفەتێکی کورتمەودا بۆ داپۆشینی ئەو قەیرانە بەردەوامەی بدۆزێتەوە، هەر نەبێت تاوەکو هەڵبژاردنەکانی ساڵی نوێ تەواو بێت، سوودێکی لێ ببینێت.
* بۆ زیاتر فشار خستنە سەر سوریا و ناچارکردنی بۆ گفتەوگۆ لە کاتێکدا کە زۆر پێویستی پێیە، ئەگەر نا ئەوە تۆمەتباری بکات بەوەی ناتوانێت سنوری خۆی بپارێزێت و لەوێوە تیرۆریستان دزە دەکەن، لە لایەکی تریشەوە ئەم تۆمەتەی بکاتە هۆکاری زیاتر مانەوەی لایەنگرانە ئیسلامیەکانی لە سوریا.
* وا بۆ خەڵک بسەلمێنێت کە توانایەکی موخابەراتی گەورەیان هەیە و زوو تاوانباران دەدۆزنەوە و توانای خۆیان بۆ لایەنگران و بۆ خەڵکی تورکیا بەگشتی دەردەخەن، وەکو ئەوەی کەس نەزانێت کە ئەو سیناریۆیە پێشتر وێنەشی گیراوە و تەنانەت پێش جێبەجێکردنی کردەوەکە ئامادە کراوە بۆ خستنەبەرچاوی خەڵک.
* ئەردۆگان ئەو قسانەی خۆی بسەلمێنێت کە تیرۆر ماوەو ئەو بەرگری لێگرتووە و مانەوەی لە سوریا بۆ لەناوبردنی تیرۆرە و پێویستە وڵاتان یارمەتی بدەن.
* ترسی لە زیاتر لاربوونەوەی وەزعەکەی خۆیەتی نەک وەکو رژێمی ئێران ئەمیش گڵۆڵەی بکەوێتە لێژی و ئیسلامیە سیاسیەکەی توشی تێهەڵدان بێت، بۆیە دەبێت ئەم دەستپێشخەر بێت بۆ گرتنەبەری رێکاری سەربازی و سیاسی پێش هەر جموجوڵێک.
* ئەوەی دەمێنێتەوە، کە ئەردوگان لەم کاتەدا بەو تۆمەتانەی فشار بخاتە سەر سوید و فنلەند بۆ کاراکردنی رێکەوتنەکەیان و زوو دیپۆرتکردنەوەی ئەو کەسایەتیە کاریگەرانە لەمەر سیاسەتی ئۆرپا.
بۆیە، ئەگەر بە خۆی بزانێت یان نا، ئەم سیناریۆیەی وەک رۆژی رووناک لای هەمووان ئاشکرایە و زۆر بە روونی دیارە و بۆ ناچێتە سەر و ئامانجە ئاشکرا و نهێنیەکانی بۆ ناپێکرێت و بۆ ئەردۆگان زیانی لە قازانجی زۆرترە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت