محەمەد بەرزی: کـێـشـەی بـێـکـاری.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بێکاری یەکێکە لە کێشە کۆمەڵایەتییە سەرەکییەکان، کە مەترسی ترسناک لەسەر ئارامی و ئاسایش و ئایندەی وڵاتێک دروستدەکات. بێگومان لە دوای ڕاپەڕینەوە بەردەوام لە هەرێمدا ڕێژە و پشکی بێکاری لە هەڵکشانێکی بێ سنوردایە و یەکێکە لە کیشە هەرە گەورە و گرنگەکانی هەرێم، کە بە دەستییەوە دەناڵێنی و نەتوانراوە چارەسەرێکی گونجاوی بۆ بدۆزرێتەوە، هەر بۆیە کاردانەوەی زۆر خراپی لەسەر ژیان و گوزەرانی زوربەی هەرە زۆری هاوڵاتییان و هەموو کۆمەڵگا دروستکردووە. دیارە ئەمەش ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە بارودۆخی ئابوری وڵاتەوە هەیە، کە لە لایەن حیزب و دەسەڵاتەوە تاڵان و وێرانکراو . جا ئەگەر بمانەوێت پێناسەی بێکاریی بکەین ئەوا دەڵیین: بریتییە لە نەبوونی کار بۆ ئەو کەسانەی تەمەنی گونجاو و حەز و توانای کاریان هەیە و بە پەرۆشەوە بە دوایدا دەگەڕێن، تا دەوری کارای خۆیان بگێڕن و بە شێوەیەکی کاریگەر هاوبەشی لە ئابوری گشتیدا بکەن، بەڵام بەهۆی نەبوونی هەلی کارەوە نائومێد و بێ هیوا دەبن. یان نەبوونی داهاتی تەواو بۆ ژیان و گوزەرانێکی شایستە بۆکەسی بێکار و خێزانەکەی. بێگومان بێکاریش ئەو کەسانە ناگرێتەوە، کە خانەنشین، یان بەهۆی نەخۆشی و خواستی تایبەتی خۆیانەوە بێکاربوون، یان دەوڵەمەندن و پێویستییان بە کار نییە.
ئەوەی شایانی باسە بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری زیان و کاردانەوەی زۆر خراپ لە جومگەکانی دەوڵەتدا دروستدەکات وەک:
1- لە بواری ئابوریدا ، کاردانەوەی زۆر خراپ ونەرێنی لە گەشەکردنی ئابوریی دەوڵەتدا دروستدەکات و دەبێتە هۆی بە فیڕۆدانی داهات و بارگرانی و نەهامەتی.
2- لە ناو کۆمەڵگادا کاریگەریی زۆر خراپ لەسەر تاکەکان دروستدەکات، بەشێوەیەک ناتوانن ژیانێکی شایستە بۆ خۆیان و خێزانەکانییان دروستبکەن، تووشی قەرزاری و کێشەی دەروونی و بێ هیوایی دەبن. یان لە ئەنجامی نەبوونی کاری شیاودا پەنادەبەن بۆ کارێک، کە دوورە لە پسپۆڕی و خواستی خۆیانەوە، بەمەش ئەو کەسانە تووشی نەخۆشی و فشاری نەفسی و خەمۆکی و هەژاری دەبن و بیر و توانایان گەشەناکات. لە ئەنجامیشدا ڕێژەی هەژاری و برسێتی و ئاوارەیی بەرزدەبێتەوە، وڵات و دەوڵەتیش سەرمایە زۆر بەنرخەکەی خۆیان ، کە بریتییە لە هێز و توانای ڕۆڵەکانییان لەدەستدەدەن. 3- لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتیشەوە بێکاری دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی تاوان و دزی و هەڵوەشاندنەوەی خێزان و نائارامی و خرۆشان و سەرهەڵدانی خۆپیشاندان و توندوتیژی و بڵاوبوونەوەی بازرگانی چەک و ماددەی هۆشبەر و کاری نایاسای و بەڕەڵڵایی، چونکە هەژاری پشێوی بە دوای خۆیدا دەهێنێت.
4- بێکاری وا لە گەنجان دەکات لە سەرەتای ژیانییاندا بە جارێک لە گیان و ژیانی خۆیان بێزاربن و هەست بە بێ هیوایی بکەن و بیر لە کۆچکردن بکەنەوە، لە پێناوی گەڕان بە دوای هەلی کار و ژیانێکی شایستەدا. بەمەش وڵات هەموو جۆرە تواناکانی ئەو گەنجانە لەدەستدەدات.
5- دەردی بێکاری کۆمەڵگا بەرەو دواکەوتن و دەوڵەت بەرەو لاوازبون دەبات و ئەستەمە بگاتە ئاستی کۆمەڵگا پێشکەوتووەکان.
6- نەڕەخسانی دەرفەت بۆ داهێنان و پێشکەوتن لە هەموو بوارە جیاوازەکاندا.

بە گشتی هۆکارەکانی بێکاریش بریتیین لە:
1- یەکێک لە هۆکارە هەرە سەرەکییەکانی بێکاری بریتییە لە بڵاوبوونەوەی دیاردەی چۆڵکردنی گوندەکان و کۆچکردنی بە کۆمەڵی گوندنشینەکان بۆ ناو شارەکان و بەرزکردنەوەی ڕێژەی بێکاریی و کەمکردنەوەی هەلی کار. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ گەندەڵی و نەبوونی پلان و گرنگی نەدان بە گوندەکان و کەرتی کشتوکاڵ و بەرهەمی خۆماڵی و هاوردەکردنی بەرهەمی بێگانە.
2- سەرهەڵدانی کێشەی ئابوری بەهۆی دزی و بە تاڵانبردنی سامانی وڵات و دانانی کەسانی نەشارەزای مفتەخۆر لە پۆستە گرنگەکاندا.
3- گۆڕانکاری لە تەکنەلۆژیادا و پشتبەستن بە ئامێر و ئامرازە تازەکانی وەک کۆمپیتەر و ئامێری ئەلکیترۆنی و کارەبایی و میکانیکی لە بوارەکانی پیشەسازی و بەرهەمهێناندا، کە جێگای بەشێک لە فەرمانبەر و کرێکار دەگرنەوە.
4- داواکارییە زۆر و قورسەکانی کۆمپانیاکان ، وەک بڕوانامە و شارەزایی و ساڵی خزمەت لە کەسانی بێکار.
5- بەکارهێنانی کەسانی بیانی، کە بە کریێ کەمتر لە هاوڵاتییان کاردەکەن. بەمەش خاوەن کار قازانجی زیاتر دەکات و خەڵکە ڕەسەنەکەی وڵاتەکەش بێکار دەمێننەوە.
6- بەرزبوونەوەی ڕێژەی دانیشتووان و زۆربوونی ئەو کەسانەی بە دوای کاردا دەگەڕێن و کەمی هەلی کار.
7- دواکەوتن و دابەزینی ئاستی بواری پەروەرد، چونکە ڕۆژگاری ئەمڕۆ بازاڕی کار، پێویستی بە کەسانی زیرەکە، کە لە ڕێگای پەروردەیەکی سەردەمیانەوە شارەزاییان پەیداکردووە.
8- نەبوونی پڕۆژەی تازە، بە تایبەتی پڕۆژەی ستراتیجی.

چارەسەرەکانی بێکاری:
1- بەرگرتن لە کۆچی گوندنشینەکان بۆ ناو شارەکان. هەوڵدان بۆ دابینکردنی هەلی کار بۆیان، لە ڕیگای بوژاندنەوەی کەرتی گرنگی کشتوکاڵ و دابینکردنی پێویستییەکانی ژیان بۆیان.
2- ڕاگرتنی هێنانی کەسانی بێگانە بۆ کارکردن بە یاسا. تا بەر لە کۆچیان بگیرێت و هەلی کار بۆ هاوڵاتی بڕەخسێت.
3- گرنگی دان بە کەرتی گشتی بۆ دامەزراندنی پڕۆژەی تازە و بوژاندنەوەی پڕۆژەکانی سەردەمی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عیراق. پاشان ئاسانکاری و گرنگیدان بە کەرتی تایبەت و کەمکردنەوەی باج و سەرانە لەسەریان، تا بتوانن برەو بە پڕۆژەکانییان بدەن و هەلی کار بۆ هاوڵاتییان بڕەخسێنن.
4- کردنەوەی خولی ڕاهێنان بۆ لاوان ، تا زانیاری نوێ وەربگرن و شارەزای گۆڕانکارییەکانی ڕژۆگاری ئەمڕۆبن، تا بتوانن هەلی کار بۆ خۆیان بدۆزنەوە
5- پێداچوونەوە بە پڕۆگرامەکانی خوێندندا ، بە شێوەیەک بگونجێ لەگەڵ پێشکەوتنەکانی سەردەمی ئەمڕۆدا .
6- وازهێنان لە گرنگی دان بە خزم و کەسوکاری لێپرسراوان و ئەوانەی سەر و کلک و نۆکەری خۆیانن ، لە وەرگرتنی پۆست و کارە هەستیارەکاندا، کە شارەزاییان نییە، چونکە جگە لە مووچە وەرگرتن و کات بە فیڕۆدان، ناتوانن یەک بکەن بە دوو.
7- نەبوونی پلان و توێژینەوەی ورد دەربارەی دامەزراندنی پڕۆژەی ستراتیجی، کە توانای وەرگرتنی کارمەندی زۆری هەیە.
8- وازهێنان لە دروستکردنی باڵەخانە و کۆشک و تەلار و هاندانی وەبەرهێنەکان بۆ دامەزراندنی پڕۆژەی گەورە و بچووک، بە مەبەستی زۆر بوونی هەلی کار.
9- کەمکردنەوەی مووچەی بەرزی کاربەدەستە پلە باڵاکان و ئەندامانی پەڕلەمان و بندیوارەکان، کە حاڵی خراپ و وێرانی ئەمڕۆی وڵات و کۆمەڵگاکەمان، بەڵگەیەکی حاشا هەڵنەگرە، کە کار و ماندووبوونییان شایانی ئەو مووچە زۆرانە نیین، پاشان پاشەکەوتکردنی و بەکارهێنانی بۆ دامەزراندنی پڕۆژەی تازە و زیادکردنی هەلی کار.
لە دواجاردا ئەوە ماوە بڵێم: لە ڕۆژی دامەزراندنی دەوڵەتی عیراقەوە تا ڕاپەڕین، کێشەیەک نەبووە بە ناوی بێکارییەوە. هەتا لە سەردەمێکدا شێتەکانیشییان دادەمەزراند، تەنها بۆ ئەوەی مووچەیەکی بێ پاشەکەوت و بێ بڕینیان هەبێت و دەسگیرۆیی خێزانەکانیان بکەن. شتێک نەبووە بە ناوی کێشەی مووچە و مردنی خانەنشینی هەناسە ساردەوە، دەزگایەک نەبووە خۆبەخشی بەشەرەفی ڕووسوور بچێتە ژێر باڵی و لە ئاشبەتاڵ بیپارێزێ، نەخۆشخانەیەک نەبووە ڕەفەکانی بێ داودەرمان بێ، ڕۆژێک دیواری خوێندنگایەک بەسەر خوێنکاردا نەڕوخاوە، کێشەیەک نەبووە بە ناوی ئاو و کارەبا و سووتەمەنییەوە. مەرگی بە کۆمەڵی شەپۆلەکانی دەریای ئیجەمان هەر نەبیستبوو، بەڵام سیاسییە هەلپەرستەکان، ڕاپەڕێنیان وەک گابەردێکی گەورەی خوێناویی لە لوتکە و تروپکی هەزار بە هەزاری چیاوە تلۆرکردەوە، گوند و دار و درەخت و کارگە و دامودەزگاکانی پانکردەوە، شیرازەی کۆمەڵایەتییان لەبەریەک هەڵوەشاند و هیوایەکیان نەهێشت، هەر بۆیە ڕۆڵە برسی و بێکارەکان، کە نانیان لێ پەڕیوەتە سەر پشتی شێر، بە سەرگەردانی و کڵۆڵی کۆچ دەکەن و پشت لەو نیشتمانە دەکەن، کە ڕۆژێک لە ڕۆژان، بە دڵ ئاڵاکەیان ماچ دەکرد و بـە پـەرۆشەوە سـرودی ئـەی ڕەقیب و خوایە وەتـەن ئــاواکەیان بـۆ دەووت.!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت