بەیان ئیبراهیم: بەرهەمهێنانی توند و تیژی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

توندوتیژی دژی ژن تەنیا دەست درێژی سێکسی و لێدان و خۆیناوی کردنی جەستەی ژن نییە!
توندوتیژی، بێ‌باوەڕی و نەبوونی متمانەی بنەماڵەو کۆمەڵگەیە بە ژن، توندوتیژی ئەو قەفەسە تەنەگەیە کە بە نێوی سروشت و داب و نەریت و دین بە دەوری ژنی دادەکێشن و مەجبووری دەکەن بە ئەنجام دانی ئەو کارانەی کە بەدڵ پێی خۆش نییە بیکات:
پێکهاتەی کۆمەڵگا هەر لە یەکەی پێکهاتەی کۆمەڵگاوە کە خێزانە تا چینە کۆمەڵایەتیەکان و دامەزراوەکان لەسەر بنەمای تاک و کۆمەڵگا بە کارگەیەک دەبینرێ کە بەرهەمی توانا و پاشخانی هوشیاری تاکەکان دیاری دەکات، کاتێک ئێمە قسە لەسەر کۆمەڵگایەکی نەرم دەکەین بەو واتایە کە ڕادەی ئازادی و هیومانیست و ئۆتۆرەتی تا ئاستی باڵا بونی هەیە، ئەو کات کۆمەڵگا وەک کۆمەڵگایەکی ئارام و ئازاد و هێمن بەرهەم دێت، بەڵام کاتێ لەم ڕەهەندەوە کۆمەڵگای خۆمان و بە تایبەت باشور دەخوێنینەوە، دەبینین کۆمەڵگایەکی ڕەق هەیە و بەریەککەوتنی توند بەردەوامی هەیە و خوێن و سڕینەوە و کوشتن بەردەوامە، لە بەرامبەردا ئەگەر بە شێوەی شکلیش بێ ئێمە خاوەنی دامەزارەوەکان و زۆرێک لە ناوەندی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن و پەروەردەین، کەچی ئازادی بەرەوخواردێ و توندوتیژی بەرز دەبێتەوە، ئاستی هوشیاری تاک بۆ ئازادی کەمە و ترس و تۆقاندن بونی هەیە ، خۆ ئەگەر خوێندنەوەیەکی زانستی ئەکادیمی هەبێت بۆ کێشەکان ئەوا دەتوانین بڵێین ئەوەی پێی دەوترێت نەریت و عورف و عادات بونێکی کارای هەیە و هەتا ئاستێک ناوەندە دامەزارەکانیش و ئەو شوێنانەی کە نوخبەن بە جۆرێ لە جۆرەکان بەدەر نین لە بۆچونێکی نەریتیانە و تا دەگاتە نوخبەی ڕۆشنبیر ، کاتێ توندوتیژیەک ڕودەدا و مافی تاکێک پێشێل دەکرێ نە دامەزراوە یاسایی و حکومیەکان بەرگری لە ئازادی دەکەن نە نوحبەی ڕۆشنبیر دەتوانن ڕوبەڕوی ئەم پێشێلکاریانە ببنەوە، بە واتایەکی تر مادام توندوتێژی بونی هەیە و ئامارەکان ئاماژەی ترسناک نیشان دەدەن، کەواتە هەمو پێکهاتە دامەزراوەییەکان بێبەری نین لەم تاوانانە و بەشێک دەبن لە بەرهەمهێنانی توند و تیژی بە شێوەی سێبەرێکی کارا نەریت حکوم دەکات، لە ناو ئەم توندوتیژیانەدا بە پلەی یەکەم توندوتیژی دژی ژنان کە گەیشتوەتە شوێنێک بوە بە ترۆپکی بەرهەمهێنانی توندوتیژی نەریتی، ئیتر ئەوەی هەیە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی بەرهەمهێنانی توندوتیژی هەموی له بازنەی کۆمەڵێک دروشمدا دەسوڕێتەوە یان کۆمەڵێک ئیدانەی شەرمنانەی سۆشیال میدیا یە یان کۆمەڵێک بەیاننامە، ئەوەی گرنگە چی بکرێت بۆ ئەوەی بە پلەبەندی کار بۆ کۆتایی هاتنی توندوتیژی بکرێ، هوشیاری ژێرخانی تاکە، لە بەرامبەردا ئەرکی دامەزراوەی یاسایی و جێبەجێکردنە کاربکرێت بۆ بە کردارکردنی ڕوبەڕوبونەوەی توند و تیژی و کار بۆ ئازادییەکان بکرێت، ئەگەر وا نەکەین و لێپرسراوانە ڕوبەڕوی ئەم نەریت سالاریە نەبینەوە ، ئەوا ڕوژ بە ڕۆژ کێرڤسی داتای توند و تیژی بەرز دەبێتەوە.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت