شــــــــوان خورشـــــــید: ئاخوندەکانی ئێران لە لێواری مەرگ دا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەمڕۆ حەفتا ڕۆژە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و زۆربەی شارەکانی ئێران، بەردەدوامە دژ بە نادادی و متکردنی ئازادیەکان و سەرکوتکردنی دەنگە ئازادەکان، بە جۆرێک ناڕەزاییەتیەکان لەهەڵچون دایە، کۆماری ئیسلامی ئێرانی خستۆتە دۆخێکەوە، نازانێ بە چ ئامرازێک لە ئامرازە سەرکوتکەرەکانی دەنگە ئازادو ناڕەزایەتیەکان کپ بکاتەوە، خۆپیشاندان و هەڵچون بە ڕووی دەسەڵاتدارانی ئێران کەلە سێ مانگی بەردەوام دایە،کاتێ لە تارانی پایتەختی ئەو وڵاتە ژینا ئەمینی لەگەڵ خانەوادەکەی لەسەردانی کەس وکاری لە لایەن پۆلیسی ڕەوشتی ئیرانەوە دەسگیر دەکرێت بە تاوانی خراپ بەکارهێنانی جل وبەرگ و سەرپۆشەکەی و دوای چەند کاتژمێرێک بە شێوەیەکی گوماناوی گیان لەدەست دەدات، دیارە هەر لەو ساتەوە دەنگی ناڕازی و خۆپیشاندان شارەکانی کوردستانی تەنی و پریشکی ناڕەزایەتیەکان شارو زانکۆ و ناوەندەکانی خوێندن و سەرجەم شەقامەکانی ئێرانی گرتەوە.
ڕاستە هۆکاری سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیەکان لە شەهید کردنی ژینا ئەمینی یەوە دەسی پێ کرد، بەڵام هۆکارەکە تەنها ئەوە نەبوو کە کچە گەنجێکی کورد،شەهید کرابێ و بوبێتە هۆی خۆپیشاندان و هەڵچونەکانی شەقامی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و شارەکانی ئێران بتەنی،گیان لەدەست دانی ژینا ئەمینی تەنها پاڵنانێک بوو بۆ دەربڕینی ڕق و توڕەیی خەڵکی ئێران بە تایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان، چونکە ڕۆژانە سەرجەم ژیناکان ئەمرن، ژیناکان ناتوانن هەناسە بدەن، کۆماری ئیسلامی ئێران بە جۆرێک ئازادی کۆت و بەند کردوە، هەناسەدان بوەتە ئەستەم، بێکاری و نەبونی و برسێتی تاک بەتاکی خەڵکی ئێرانی لە قالب دراوە.
دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ پیشاندانی هەیمەنەتی خۆیان و دەرکەوتنیان وەک زلهێزێکی ناوچەکە، سەروەت و سامانی ئەو وڵاتەیان خستۆتە خزمەتی ملیشیاو گروپە چەکدارەکانیانەوە لە ئێران و ناوچەکە وەک عێراق و سوریاو یەمەن و لوبنان.خەڵکی ئێران لە برسێتی دا خنکاون،کەچی بودجەیەکی زەبەلاح بۆ ملیشیاو کەرتی سەربازی ئێران خەرج دەکرێت، ئەو سیاسەتەی ئێران وای کردوە،دەرگای ژیان لەسەرجەم ئێرانیەکان کڵۆم دراوە،بەڕادەیەک ناڕەزایەتی لە زهنی هەموو ئێرانیەک دا پەنگی خواردۆتەوە،کەواتە ناڕەزایەتیەکانی ئێران تەنها شەهید کردنی ژینا نەبوە وا هەڵچون ئێران بتەنێت، بەڵکو تەقینەوەی پەنگخواردوی چەندین هۆکاری بنەڕەتی خەڵکی ئێرانە، کە جمهوری ئیسلامی ئێران خەڵقیان کردوە بۆ گەلانی ئێران.
دەسەڵاتی ئیسلامی ژینگەیەکیان خوڵقاندوە بۆ خەڵکی ئەو وڵاتە ژیان زۆر ئەستەم بوە، زیندەگی بوەتە موستەحیل،بێ کاری و گرانی و دەست نەکەوتنی پێداویستیە ڕۆژانەییەکان،زۆر بە زەحمەت دەست دەکەوێت، هەموو جۆرە ئازادیەک خنکێندراوە.
دەسەڵاتداران و دارودەستەکانیان لەوپەڕی ڕەفاهیەت دا دەژین و لەسەر سەروەت و سامانی خەڵکی ئێران هەڵدەپەڕن، کەچی خەڵکی ئێران زەمین بەبرسێتی و بێ کاری و نەبونی هەناسەی ئازادی لە چاوەڕوانی مەرگ دان، ناتوانن بچوکترین ماف داواو دەستەبەر بکەن،گەر بیانەوێ هەر هەناسەیەکی ئازادی هەڵمژن، لە گەرویان دا دەیانخنکێنن، لە هەمووی سەیر تر وا حەفتا ڕۆژە بەڕاست و چەپ دەسەڵاتدارانی ئێران خەڵکی ناڕازی دەکوژێ، لە بەندیخانەیان دەئاخنێ، بەبەرچاوی جیهان و نەتەوە یەکگرتوەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوە مرۆییەکان دڕندەترین پەلامار دەدرێن، لە لایەن دەسەڵاتی ئیسلامی هیچی لە بارودۆخەکە نەگۆڕیوەو ڕۆژبە ڕۆژ هەڵچون و ناڕەزایەتیەکان بەگوڕو تینتر ئەبن، لەلایەکی ترەوە جیهان و هەموو ڕێکخراوە مڕۆی و داکۆکیکارە ئازادی و ئیسلامیەکان تەنها بینەرن و لە دورەوە سەیری یاریەکە دەکەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەش دا دۆخەکە لە کۆنتڕۆڵ دەرچوەو ئێران هیچ چارەیەکی بە دەستەوە نەماوە، بۆ ئەوەی هیچ نەبێت بتوانێ کەمێک شەقام هێور بکاتەوە، بۆیە دەیەوێت شەرعیەت بە ڕەشەکوژیەکانی خۆی بدات لە سەکوتکردنی خەڵکی ناڕازی کوردستان و ئێران، بەو کارەشی دەیەوێت پەلکێشی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکات، بۆ ناو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکان، بۆیە دەبینین چەندبارەی پەلامارو دەستدرێژیەکانی بۆسەر بارەگاو بنکەی حیزبە کوردیەکانی ڕۆژهەڵات لە باشوری کوردستان بکاتەوە بەهەموو ئیمکانیات و چەکی پێشکەوتوو بنکەو بارەگاکانیان بکوتێت، تا بتوانێ پەلکێشی ناو خۆپیشاندانەکانیان بکات و، بۆ جیهانیشی بسەلمێنی کە دەستی حیزبە کوردیەکانی ڕۆژهەڵاتی لە پشتەوەیە، تا بتوانی زیاتر سەرکوت و کوشتاری خەڵکی ناڕازی بکات و شەرعیەتی پێ بدات.
هەرچەندە ناڕەزایەتی خۆپیشاندانەکان عەفەوین ولەلایەن هیچ جیهەتێکی سیاسیەوە ڕێبەرایەتی ناکرێن، بەڵام پشتیوانیەکی خەڵکی جیهانی بەدەست هێناوە، ڕۆژانە خەڵک لە ئەوڕوپاو ئەمەریکاو زۆربەی ووڵاتانی جیهان،بۆ پشتیوانی خەڵکی کوردستان و ئێران دەڕژێنە شەقامەکان و پشتیوانی خەڵکی ناڕازی دەکەن، بەڵام بەداخەوە لە باشوری کوردستان لە سایەی دەسەڵاتی کوردی، لە سلێمانی گردبونەوەکان بە بۆمبی فرمێسک ڕێژ بڵاوە پێ دەکرێن و لە هەولێری پایتەختی هەرێمیش ڕێگە بە هیچ خۆپیشاندان و پشتیوانیەکی کوردانی ڕۆژهەڵات نادرێت، کە دەبوایە کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان و جیهان ئەو ڕاستییەیان بزانیایە، کە جگە لە خۆیان هیچ پشتیوان و پەنایەکیان نیە گەر جاران شاخەکانیان لە پشت بوبێت، درون و چەکی پێشکەوتو سەردەم ئەو پشتیوانیەشی لەق کردوە، بۆیە باشتر وایە لە باشوری کوردستان هەموو جۆرە هاوکاریەکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و خەڵکە ناڕازیەکەی بکرێت، گوێش بە هەڕەشەو گوڕەشەی بەردەوامیشیان نەدرێت، چونکە دوژمن و داگیرکەر هەر ئەوەن کە هەن و گەر ببینە ماستی مەییویش لێ ناگەڕێن ئارامی لە ووڵاتمان هەبێت بە جۆرێک لە بەهانە پەلامار دەدرێین، وەک ئەوە ئێستا تورکیاو ئێران دەیکات، و ڕۆژانە پەلاماری باشور دەدرێت و، حکومەتی هەرێم و حیزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستانیش لە جێگای ئەوەی ببنە پشت و پەنای بەشەکانی تری کوردستان، لەم بەناو ئازادیەیی کە هەیە ڕێگای گردبونەوەو ناڕەزایەتی خەڵکیش نادەن، تەنها بۆ ئەوەی دڵی ئاغاکانیان ڕازی بکەن و لێیان زویر نەبن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت