محەمەد بەرزی: گرنگی سروشت بۆ منداڵان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا هەموو دەوروبەرمان بە تەکنەلۆژیا تەنراوە ، وەک: ئینتەرنێت، کۆمپیتەر، تەلەفۆنی زیرەک، ئایپاد و … هتد. کە منداڵان چ لە خوێندنگا و چ لە ناو ماڵەکاندا بە بەردەوامی بەکاریان دەهێنن. ئەمانەش کارێکی وایانکردووە، بە تەواوی دڵ و مێشکی منداڵان داگیربکەن، سەرئەنجامیش شاشەکانی ئەو ئامێرانەیان لە هەوای پاک و شوێنە خۆشەکانی ناو سروشت پێ خۆشتربێت، هەر بۆیە زوربەی هەرە زۆری منداڵان حەزیان لەوەیە لە ماڵدا بمێننەوە و زۆر بە کەمی بچنە دەرەوە و لە ڕێگای ئینتەرنێتەوە یاری بکەن، کە بە داخەوە زۆرجار لە لاپەڕەکانی ئینتەرنێتدا چاویان دەچێتە سەر بابەتی توندوتیژی و نەشیاوی زۆر خراپی زیانبەخش، کە تەمەنییان نەگەیشتۆتە ئەوەی تەماشایان بکەن و لێی تێبگەن. جا لەگەڵ ئەوەشدا دایک و باوک لەو بارودۆخە بێزارن و بە ترس و نیگەرانییەوە گلەیی لە منداڵەکانییان دەکەن، کە کاتی زۆری خۆیان بەو ئامێرانەوە بە فیڕۆ دەدەن، لە هەمان کاتیشدا لایان وایە، چوونە دەرەوەی منداڵیش لە ماڵ، جگە لە کوشتنی کات، هیچ سودێکی تری نییە، کە دیارە ئەمەش بیرکردنەوەیەکی ئێجگار هەڵەیە، چونکە لە ڕاستیدا ژینگەی دەرەوە بە پێچەوانەی ژینگە بچووک و سنوردارەکەی ناو ماڵەوە، شوێنێکی فراوانی بێ سنور بۆ منداڵان دەڕەخسێنێ، کە هاندەری سەرەکی جووڵەن، هەر بۆیە چوونی منداڵان بۆ پارک و دەشت و شاخ و هەڵمژینی هەوای پاکی سروشت، یەکێکە لە پێویستییە هەرە گرنگەکانی گەشەکردنیان، چونکە پیاسە و یاریکردن لە سروشتدا، متمانە بە خۆبوون لە منداڵاندا دروست دەکات، ئاسۆی خەیاڵ و داهێنانیان فراوانتردەکات، ڕادەی فشار و ماندووبوونییان کەمدەکاتەوە، ئارامی بە دەروونیان دەبەخشێت و چالاکی جەستەشیان دەبووژێنێتەوە. بێگومان ئەو منداڵانەی بە زۆری ئەو ئامێرانە بەکاردەهێنن و حەزناکەن چەند ساتێک لە دەرەوە بەسەربەرن و هەوای پاک هەڵمژن، تووشی پەتایەک دەبن، کە بە پەتای ( کەم سروشتی -Nature Deficit Disorder ) ناسراوە، ئەمڕۆش وەک نەخۆشییەک بڵاوە. جا چونکە منداڵانی ئەمەریکایی ڕۆژانە تەنها چوار تا حەوت خولەک لە دەرەوە یاریی دەکەن، بەڵام حەوت کاژێر لە ژوورەوە بەرامبەر شاشەکان بەسەردەبەن، بە زۆری تووشی ئەو پەتایە دەبن، لە هەمان کاتدا تووشی کێشەی هەڵسوکەوتی وەک: ترس لە دایک و باوک و کێشەی تەندروستیش وەک: قەڵەویی و کەم خەوی و کزیی چاو و ئازاری شان و مل دەبنەوە، سەرباری ئەوەی پەیوەندییەکی لاوازیشیان لەگەڵ دایک و باوکیاندا بۆ دروست دەبێت، چونکە کاتێکی زۆر کەمییان لە گەڵدا بەسەردەبەن.
ئەوەی شایانی باسە ئەمڕۆ زوربەی خێزانەکان لە ناو باڵەخانەدا
دەژین، کە شوێنێکی داخراوی بێ سەوزاییە و بەجارێک لە سروشت دابڕاوە و منداڵی تێدا بەندکراوە، هەر بۆیە تووشی نەخۆشی نەفسی دەبن، چونکە منداڵ تەنها لە باخچەی گشتی و پارک و ناوچەی کراوە و دەشتودەری سەوز و زەنوێردا، دەتوانن بە دڵی خۆیان یاریی بکەن و بەر هەوای پاک و بێگەرد بکەون. بێگومان ئەوەش ئاشکرابووە، لە گەورەییدا ئەگەری ئەوە هەیە ئەو جۆرە منداڵانەی تووشی پەتای کەم سروشتی دەبن، 20 لە سەدیان تووشی دڵەڕاوکێ و 40 لە سەدیشیان تووشی تێکچوونی باری دەروونی ببنەوە. بێگومان زوربەی توێژینەوەکانیش لەسەر ئەوە کۆکن، ئەو منداڵانەی لە دەرەوە یاری دەکەن، لە چاو ئەو منداڵانەی کاتی زۆر لە ژوورەوەدا بەسەردەبەن، زیرەکتر، چالاکتر، چاوکراوەتر، دڵخۆشتر و باشتر بیردەکەنەوە و زیاتریش متمانەیان بە خۆیانە و کەمتریش تووشی دڵەڕاوکێ و توندوتیژی و خەمۆکی دەبن، چونکە هەمیشە سروشتی جوان و ئاوهەوا پاکەکەی، لە شاشەکانی ئامێرەکان قازانج و سوودیان زیاترە. جا جێگای خۆیەتی لێرەدا ئاماژە بۆ هەندێک لەو خاڵانە بکەین، کە بۆچی گرنگە منداڵان کاتی زیاتری خۆیان لەناو سروشتدا بەسەربەرن؟
1 – ئەو منداڵانەی کاتی خۆیان لە سروشتدا بەسەردەبەن، زیاتر دەجووڵێن، چونکە ڕووبەرێکی فراوانتریان لە ماڵەکانی خۆیانیان لەبەردەمدایە و دەتوانن بە ئارەزووی دڵی خۆیان تێیدا بجووڵێن و یاری تێدا بکەن، ئەمەش خۆی لە خۆیدا بەشێکە لە وەرزش، کە تەندروستی بە لەش دەبەخشێت و پارێزگاری لە جوانی لەشیان دەکات و لە قەڵەوی دەیانپارێزێت و بەهێز و خێراتریان دەکات و باشتر هاوسەنگی خۆشیان دەپارێزن. بە پێی بابەتێک ، کە لە بڵاوکراوەی ( تەندروستی زانکۆی هارڤارد) ی ئەمەریکییدا بڵاوکراوەتەوە، ڕۆژانە منداڵان بە لایەنی کەمەوە پێویستییان بە کاژێرێک وەرزشە، کە دیارە سروشتی دەرەوەی خانوو و باڵەخانەکان، باشترین شوێنە بۆ ئەو وەرزشە.
3 – هەمووان پێویستییان بەوەیە ناوە ناوە لە ژاوە ژاو و جەنجاڵی شار و قاو و قیژی ناو ماڵەکان دووربکەونەوە. توێژینەوەکان ئەوەیان ئاشکرا کردووە، تاوێکی ناو سروشت، ڕادەی فشار و خەمۆکی لە گەورەکان و منداڵاندا کەمدەکاتەوە. پاشان کەشوهەوای ناخۆشی خوێندنگا و تاقیکردنەوەکان، منداڵ تووشی بێزاری و ماندوو بوون دەکەن، هەر بۆیە بردنی منداڵ بۆ دەرەوە ئارامییان دەکاتەوە.
3 – ڤیتامین دی، یەکێکە لەو ڤیتامینە زۆر گرنگانەی پێویستە بۆ تەندروستی ماسولکە و ئێسقانەکانی مرۆڤ، یارمەتی لەش دەدات کالسیۆم و فۆسفات لە خۆراکەوە بمژێت. بەڵام بە داخەوە لەشی منداڵ زۆر کەم دەتوانی ئەو ڤیتامینەی دەستبکەوێت، چونکە بە زۆری لە خۆراکی گەورەکاندایە. بەڵام زۆر بە ئاسانی دەتوانێ لە ڕێگای تیشکی خۆرەوە بەرهەمیان بهێنێت. بۆ پارێزگاریی کردنی لەشی منداڵانیش لە سووتانەوەی تیشکی تیژی خۆر، وا باشترە لەو کاتانەدا یاری بکەن، کە تیشکی سەروو وەنەوشەیی کزە و پێویست بە داپۆشینی لەش ناکات، یان چەوری دژەخۆریان بۆ بەکاربێت. بێگومان لە هەردوو ئەو حالەتانەدا، لەشی منداڵ دەتوانێ ڤیتامین دی بەرهەم بهێنێت.
4 – توێژینەوەکان ئەوەیان دەرخستووە، یاریی کردنی منداڵ لە هەوای پاکی دەرەوەدا، هۆکارێکە زیاتر دان بە خۆیدا بگرێت و لە تووڕبوون و مانگرتن و هەڵچوون و تۆران دووربکەوێتەوە و ڕادەی شەڕەنگێزیشی کەمبێتەوە. چونکە یاریی کردنی منداڵان ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆکاری زیاترکردنی هوروژمی خوێن بۆ مێشک، لە ئەنجامدا ئەو دەمارانەی پەیوەستن بە فێربوون و ئاگاییەوە، زیاتر دەکرێنەوە و ڕاستەوخۆش باری دەروونی منداڵان هێور و ئارام دەکەنەوە.
5 – سروشت هەستێکی سەیری سەرسوڕمان لای منداڵان دروستدەکات، کە هیچ ژینگەیەکی تر ناتوانێت دروستی بکات. ئەو دیاردانەی ڕۆژانە بە شێوەیەکی سروشتی لە حەوشەی ماڵ و دەشت و باخچە و پارکەکاندا ڕوودەدەن، ڕاستەوخۆ بە چاوی خۆیان دەیبینن، وا لە منداڵان دەکەن جیهان بەجۆرێکی جیاواز و نوێ ببینن، بیربکەنەوە و پرسیار دەربارەی زەوی و ڕووەک و دار و بەرد و ئاژەڵ و باڵندە و کرم و مار و مێروو بکەن. سەیری کەوتنەخوارەوەی گەڵای دارەکان بکەن، گویێ لە جریوە و جووکەی باڵندە و قاڕە و باڕەی بزن و مەڕ و خوڕەی ئاو بگرن، بە دوای پەپوولە و خاڵخاڵۆکەدا وەک با بفڕن، یاریی بە قوڕ بکەن و خانوی لیێ دروست بکەن، هەر بۆیە سروشت بە شێکی گرنگی پەروردەیەکی بەردەوام و خۆڕاییە، چونکە لە سروشتدا فێری پرسیاری زۆر و بەرپرسیارێتی دەبن. بۆ نموونە دەگەنە ئەو ڕاستییەی، ئەگەر وەک پێویست گرنگی بە زیندەوەرێک نەدرێت، یان ماسییەک لە ئاودا دەربهێنرێت، لە ئەنجامدا دەمرن، ئەگەر ڕووەکێک ئاوی نەدرێت، یان گوڵێکی ئێجگار گەشی جوان لە خاک هەڵبکێشرێت سیس دەبن. بە مانەش هەستەکانی منداڵان چاڵاک دەبن، چونکە بە چاوی خۆیان هەموو ئەو شتانە دەبینن.. هەر بۆیە ئەرکێکی زۆر گرنگی دایک و باوکانە ڕۆژانە لە سروشتدا کاتێکی خۆشی پڕ لە ئارامی بۆ خۆیان و یاریکردنی منداڵەکانیان تەرخان بکەن، چونکە دنیای دەرەوە سوودی ئێجگار زۆریان هەیە، کە لە ژماردن نایەن. جوانییەکانی کار لە ڕۆح دەکەن، ئازادییەکی بێ کۆتایی و خۆڕاگریی بە منداڵان دەبەخشێت. چالاکییەکانی ناوی زاخاوی مێشک و یارمەتی سووتاندنی کالۆری زیاتر دەدات و لێدانی دڵ و هێز و توانا و هاوسەنگی و خێراییان باشتر دەکات، هۆکارێکیشن بۆ بنیاتنانی جەستەیەکی بەهێز و جوان، منداڵانیش لە سەیری شاشە و مەترسی لایەنە خراپەکانی ئینتەرنێت و دانیشتنی نادروستی سەر دۆشەک و قەنەفە دوور دەخاتەوە، سەرئەنجامیش پەیوەندی باش لەگەڵ مندالەکانیاندا دروست دەکەن، دواڕۆژێکی ئێجگار گەش و ڕووناکیش چاوەڕوانیان دەکات.

تێبینی:
1 – ئەگەر لە فەرهەنگدا سەیری ناوە ئینگلیزییەکەی پەتای کەم سروشتی ( Nature Deficit Disorder ) بکەین، ئەوا دەبێت بە: ( ناتەواوی سروشتی، یان تێکچوونی بێ توانایی سروشت )، کە دیارە دوو ناوی درێژ و ناقۆڵان. جالەبەر ڕۆشنایی زاراوە جوانەکانی زمانە شیرینەکەی خۆماندا وەک: ( کەم خەوی و کەم خوێنی. ) نـاوم لێنا ( کەم سروشتی ). واتە ئەو کەسانەی کەم بەر سروشت دەکەون.
2 – بۆ ئەم باسە سوود لە چەند سایتێکی ئەمەریکی وەرگیراوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت