عیماد عەلی: لە ئەمریکاش داشی چەپی رادیکاڵ سوار بوو.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

گەنجانی تازەپێگەیشتووی ئەمریکا سەلماندیان کە دەتوانن هاوکێشەکان سەروژێر بکەن و بەکارهێنانی پارەی سیاسی فراوان و بێسنور بوار بە دەستخستنە نێو هەڵبژاردنەکان بۆ گرتنەبەری رێچگە چەوتەکە نادات و لە هەڵبژارندنی نیوەیی ئەنجومەنی نوێنەران و پیرانی ئەمریکا، بەشداری رێژەیەیکی باشی گەنجانی تەمەن بیست بۆ سی و پێنج ساڵ زۆر خەڵکی ئەو وڵاتەی شۆک کرد و باری پیرسالاری لە فەرهەنگی سیاسیی ئەمریکای جێ لەق کرد و سەرەتای گۆرٍانکاریەکانی رێرەوی سیاسی ئەمریکای لەم هەڵبژاردنەدا دەرخست و لە ئایندە شدا بۆ هەموو لایەک دەردەکەوێت کە خەڵک و بە تایبەتی گەنجان قسەی یەکلاییکەرەوەی خۆیان دەبێت لە هەموو هەڵبژاردنەکاندا.
گەنجان ئەو رێرٍەوە کلاسیکیەی دەیان ساڵی شێوەی هەڵبژاردنی ئەمریکایان تێکشکاند و زۆر بە چرٍی روویان لە سندوقەکانی هەڵبژاردن کرد و، بە تایبەتی کۆماریەکانیان تووشی شۆک کرد، بە زۆری دەنگیان بە دیموکۆراتەکاندا و لەو نێوەندەشدا بە چەپە رادیگاڵەکان ( نەک بە بایدن کە لە رووی جەماوەریەوە توشی دارٍمان بووە).
ئەگەر دەنگدانی گەنجانی تەمەن 18 بۆ 30 ساڵ نەبوایە، هەموو ئەگەرەکان بۆ ئەوە دەچوون کە بە تێکرٍا کۆماریەکان سندوقەکانی هەڵبژاردن پرٍبکەنەوە و دایماڵن و بە زۆری بیبەنەوە. ئەوە خەڵکە تەمەن پیرەکەی سەروی 65 ساڵ بوون، بە 13 خاڵ زیاتر دەنگی کۆماریەکانیان پێشخشت. هەروەها ئەوانەی لە نێوان 45 بۆ 64 ساڵ بوون 11 خاڵیان پێشکەش بە کۆماریەکان کرد. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو کەسانەی تەمەنیان لە نێوان 30 بۆ 44 ساڵ بوو، شتێکی ئەوتۆیان پێشکەش بە دیموکراسیەکان نەکرد جگە لە جیاوازی دوو خاڵێک نەبێت. بەڵام ئەوانە گەنجانی نێوان 18 بۆ 29 ساڵ بوون، کە جیاوازیەکەیان دروست کرد و 28 خاڵی یەکلاکەرەوەیان پێشکەش بە دیموکراتەکان و بەتایبەتی بە چەپە دیارەکانیان کرد، واتە (نەوەی زێد، ئەو گەنجانەی لە نێوان ساڵی 1997 تاوەکو دەیەی یەکەمی پاش هەزارەی دووەم لەدایکبوون)، ئەم نەوەیە لەم هەڵبژاردنەدا بە شێوەیەکی سەرنجراکێش هاتنە نێو دونیا سیاسەتەوە و جێدەستی خۆیان دیاریکرد ، بۆیە جێگەی سەرسورمان نیە کە دیموکراسە چەپەکان سوودیان لەم نەوەیە وەرگرتبێت، بە تایبەتی ئەوانەی بە ئیسکواد ( بە کۆمەڵە پەرلەمانتاری رادیکاڵ و سۆشیالیست) ناسراون، ( ئەمانەش لە پاش هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی یەکەمی سیناتۆر بیرنی ساندەرز دەرکەوتن، بەناوبانگترینیان: ئەلسکەندریا ئۆکاسیۆ کۆرتیز و رەشید تلەیب و ئیلهان عومەر و جەمال بۆمان و کووری بوش و ئایانا بریسلی بوون)، ئەمانە ئەو کەسانە بوون سودیان لە دەنگی ئەو دەنگانە وەرگرت. لێرەدا دەکرێت باس لە هەڵبژاردنی (سەمەرلی) بکرێت کە حاڵەتی موفاجەئەی لە بەنسلفانیا دروست کرد و بەسەر کاندیدی کۆماریەکاندا سەرکەوت، هەرچەند لۆبی یەهودی ملیۆنێک دۆلاری بۆ رکابەرەکەی سەمەر لی خەرجکردبوو، کەچی نەیتوانی سەربکەوێت.
ئەگەر بە وردی ئەم هەڵبژاردنەی ئەمریکا بە چاوێکی واقیعبینانەوە تەماشا بکەیت، دەزانیت چەپی راستەقینەی ئەمریکی خۆی لە بیر و عەقڵی گەنجاندا مەڵاس داوە و لە ئایندەدا بەرە بەرە خۆی لە هەڵبژاردنەکانەوە دەردەخات و سەرەتای رۆژێکی نوێی دادپەروەری کۆمەڵایەتی لە ئاسۆی گەردونەوە دەردەکەوێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت