زاهیر باهیر: کۆبوونەوەکانی لوتکەی کەش و هەوا چارەسەری گرفتی ژینگە ناکەن/ بەشی یەکەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سەرمایەداران و سیاسییەکان و دەوڵەتمەداران لە دانانی پلان و پڕۆگرامی گەمژاندنی گەلەکەیاندا زۆر زیرەکن. بۆ ئەمەش بەگوێرەی گرفتەکان و گەورەیی و بچوکییان کار لەسەر ئەو پلانانە دەکەن. کۆبوونەوەکانی لوتکەی کەش و هەواش یەکێكە لەو پلانانە، بەڵام نەك هەر هاوکاری کەمکردنەوەی پیسی ژینگە ناکات بەڵکو خودی پرۆسەکە و کۆبونەوەی ئەو هەموو کەسە پیسخۆر و پیسڕەفتارانە لەو وڵاتەدا، ژینگە ئەوەندەی دیکە پیس دەکات.
کۆبوونەوەی ئەمساڵ لە ڕۆژی 06/ 11 کە بیستوحەوتەمین جارە لە شاری شەرم ئەلشێخ ی میسر، بە بەشداری زیاتر لە 44 هەزار کەس کە لە 176 وڵاتەوەن و نزیکەی 140 لە سەرۆکانی ئەو وڵاتانە دەستیپێکرد و نزیکەی دوو هەفتەی خایاند. هاوکاتیش زیاتر لە لایەن 630 لۆبیچی کۆمپانیا و پیشەسازییە سەرەکییەکانەوە دەوریان گیرا و دەیانەوێت کارایی خۆیان بۆ بەرژەوەندی ئەو کۆمپانیانەی کە نوێنەرایەتیان دەکەن لەسەر بەشداربوانی کۆبونەوەکە دابنێین.
ئەوەی کە حوکم دەکات، ئەوەی فرمان دەدات، ئەوەی لە پشتی حوکمرانی و دەسەڵاتەوەیە کۆمپانیا گەورەکانن بە هەمو جۆرێکیانەوە، ملیۆنەر و ملیاردەرەکانن هەر ئەمانیشن کە ڕۆڵی سەرەکییان لە پیسکردن و ژەهراویکردنی ژینگەدا هەیە، هەر ئەمانن هۆکاری وشکەساڵی و لافاو و تۆفان و زریان و گەرمای لە رادەبەدەری هاوینان کە لە زۆر شوێندا دەبێتە هۆی ئاگرکەوتنەوە و لە دەستدانی زۆر زیندەوەر بە مرۆڤیشەوە و سوتانی دارستان و جەنگەڵەکانیش.
ئەوە ڕاستیە کە هەموو ئەم زاتانە لەژێر فشاری خەڵک و گروپەکانی دۆستی ژینگە و بەرگری لە کەش و هەوا دەیانەوێت هاوسەنگییەك لە نێوانی پاراستن و پاکی ژینگە و بزنسدا، بە واتایەکی دیکە لە نێوانی ژینگە و زیاتری پارە و قازانج و سەرمایەدا بکەن، بەڵام کۆبوونەوەکانی پێشتر و بڕیارەکانی حیزبانی حاکم و ڕاگەیاندنەکانی کۆمپانیاکان و سەرمایەداران سەبارەت بە هەڵکشانی پشکی قازانج و سەرمایەیان جگە لە پیسترکردنی زیاتری ژینگە و وێرانکردنی، پێچەوانەیەکمان ناداتە دەست. تێگەیشتنی ئەمەش ئاسانە: بزنس لغاو ناکرێت، سەرمایە و سامان سنوری نییە و ڕاناگیرێت، هاوسەنگی لە نێوانی بزنس و ژینگەدا نییە و ناکرێت و بە دوو ئاراستەی دژ بەیەك دەڕۆن و بۆ هەمیشەش لەیەکدی دوور دەکەونەوە.
بێ گومان زۆربەی زۆری کۆمپانیاکان و سامانداران و سەرمایەداران ئەوروپی و ئەمەریکی و کەنەدەیی و هیندی و چینین کە ئەم کارەساتە بۆ خەڵکی دەخولقێنن. بەڵام ئەوەی ئاشکرایە کە کارەساتەکە بەسەر وڵاتانی دەرەوەی خۆیان دەهێنن زیاتر لە خۆیان.

* نوسینی ئەم وتارە بەرهەمی خوێندنەوەی زیاتر لە 20 وتار و توێژینەوەیە. بە پێویستم نەزانی لە دامێنی وتارەکەوە ئاماژەیان پێبکەم، بەڵام هەر خوێنەرێك بە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت