رەسوڵ بۆسكێنی: توندوتیژی كۆمەڵایەتی و خێزانی لەوڵاتانی جیهاندا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

توندوتیژی خێزانی دیاردەیەكی جیهانیە و پەیوەندی بەوڵاتی گەورە و بچووك یا هەژار و دەوڵەمەند نییە، هۆكاری سەرەكی توندوتیژی دژ بەژنان دەتوانین لەجیاوازییەكاندا ببینین، كە دەبێتە هۆكار بۆ كۆسپ و لەمپەر لەنێوان ژن و پیاو لە هەموو بوارەكانی ژیاندا، لەڕووی جەستەیی و دەرونی و سیكسی كەبەشێوەیەكی سەرەكی پەرەی پێ بدرێت.
توندوتیژی دژ بەژنان شتێكی سروشتی نییە، بەڵكو تێڕوانینێكە لەقەبارەی مێژوویی فەرهەنگی كۆمەڵگای جیاواز، بەشێك لە ڕێكخراوە كۆمەڵایەتی و سیاسیەكان ڕێگا خۆشكەرن بۆ توندوتیژی لاوازی دژ بەژنان، هەروەها بەشێك لەدابونەریتی فەرهەنگی و كەلتوریش ئەوانەی كورت بینانە بیردەكەنەوە، لەبەرامبەر مافی یەكسانی ژن و پیاودا، دەتوانێت بیانوویەك بێت بۆ توندوتیژی دژ بەژنان، لەو ڕوانگەیەوە ژنان و كچان دەكەونە بەر هێرشی توند و تیژی، بەڵام زۆریان ئامادەنین، توندوتیژیەكانی بنەماڵەی خۆیان بە پۆلیس ڕابگەیەنن، یاخود دامودەزگای یاسایی گرنگی بەم جۆرە سكاڵایانە نادەن، كە پەیوەندی هەبێت بەكێشەی كۆمەڵایەتیەوە، چونكە ئەم جۆرە كێشانە بەكێشەی خێزانی دەزانن، لەبەرئەوە ڕێژەی ڕاستەقینەی توندوتیژی دەرناكەوێت.
بەپێی ڕاگەیاندنی ڕێكخراوی لێبوردنی گشتی نێودەوڵەتی، كێشەی توندوتیژی لەنێو بنەماڵەكاندا زیاترە لە گیرۆدەبووانی شێرپەنجە و ڕووداوەكانی هاتوچۆ، كەدەبێتە هۆی مەرگ و ئەكەمئەندام بوونی ژنان لە ئەوروپا، لەتەمەنی نێوان 16 بۆ 45 ساڵی، بەڵام ڕێكخراوە نێودەوڵەتیەكان كەوتنە داكۆكی كردنی زیاتر لەمافی مرۆڤ، بەشێوەیەكی تازە بۆ بەرگری كردن لەم دیاردەیە، بۆ نموونە: لە ئیسپانیا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەی توندوتیژی لەنێو بنەماڵەكاندا، سیاسەتێكی تایبەتی پیادەكرد، بۆ لێكۆڵینەوەی گشتی لەو ژنانەی گیرۆدەی توندوتیژی بوون، یاسایەكی تازەیان داڕشتووە، كە ڕێكخراوی تەندروستی و پۆلیس بەوپەڕی تواناوە هەوڵ دەدات، هەڵسوكەوت و توندیژی پیاو دژ بەژنان بواری پێ نەدرێت و ڕێگای لێ بگیرێت، ئەم یاسایە پشتگیری دەكات لەو كەسانەی دەبنە قوربانی توندوتیژی و مافیان پێشێل دەكرێت، بەوپەڕی تواناوە پشتگیریان لێ بكرێت، تا هەست بە تەنیایی نەكەن، لەگەڵ ئەوەشدا ڕێژەی توندوتیژی لەدنیا سەرسوهێنەرە، بەپێی بەراوردێك كە دەوڵەتی ڕووسیا كردوویەتی لەساڵی 1999 نزیكەی 14000 چواردە هەزار ژن و كچ لەو وڵاتە بەدەست مێرد و كەسوكاریانەوە گیرۆدەی توندوتیژی و كوژراون، سەرەڕای ئەوەش یاسایەكی تایبەت نیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم جۆرە توندوتیژیی خێزانیە، لەئەفریقای باشوور ئەو ژنانەی لەماڵی خۆیان بەدەست كەسوكاریانەوە بەچەك دەكوژرێن زۆر زیاترە لەوانەی لەدەرەوە بەدەستی بێگانە دەكوژرێن.
لەوڵاتانی ئیسلامیدا سەبارەت بەم بابەتە كەبەپێی یاسای (شەریعەتی ئیسلامی) بەڕێوەدەچێت، مافی ژنان ئاڵۆزییەكی زۆرتر بەخۆیەوە دەبینێت، دەربارەی شێوازی ڕووبەڕووبوونەوە، بەتایبەت كە ژنان لەپەیوەندی شووكردن و تەڵاقدان دەسەڵاتێكی كەمتریان هەیە، لەڕوانگەی چاودێرانی كۆمەڵایەتیەوە ئەم بابەتە زیاتر ڕێگا خۆشكەرە بۆ توندوتیژی دژ بەژنان لەچوارچێوەی خێزان و بنەماڵەدا، بەربڵاوی بۆچوون و بیرۆكەی فكری كەلتووری لەم جۆرە وڵاتانە، لەم بوارانەدا بۆتە هۆكارێك بۆ ناڕوونی ڕێژەی سەرژمێریەكی ڕاستەقینەی توندوتیژی لەناو خێزان و بنەماڵەكاندا.
لە وڵاتانی ئیسلامیدا بەپێی یاسا (شەریعەتی ئیسلامی) پیاو ئازادە لەوەی چەند ژنی هەتا 4 ژنی هەبێت، چونكە بەپێی شەریعەتی ئیسلامی بەشێوەیەكی گشتی پیاو ئەو مافەی هەیە هاوسەرگیری لەگەڵ ژنی دیكەش بكات، بەبێ ئەوەی پرسوڕایەك لەگەڵ ژنی یەكەمی بكات، بەم جۆرە زۆرجار كاردانەوە و دەمەقاڵێی بێزاركەر دەبێتە هۆی توند و تیژی لەنێو خێزان و بنەماڵەكاندا.
بەپێی ڕاگەیاندنی ڕێكخراوی لێبوردنی گشتی نێودەوڵەتی، توندوتیژی خێزانی لەكۆمەڵگاكانی دابونەریتی زاڵە و بەڕاشكاوانە بەڕێوەدەچێت، وەكو وڵاتی ئەفغانستان بەشێوەی ژیانی دەرەبەگایەتی (فیئۆداڵی) زۆر بنچینەدارە، ژن وەكو بەشێك لەسامان و دارایی تەماشادەكرێت، دەستدرێژی و پێشێلكاری لەمافی ژنان هیچ لێپرسینەوەی لێ ناكرێت و سزا نادرێن، ڕێژەی هێنانی چەند ژنی لەعیراق ئێستا بۆتە بابەتێكی گەرمی سیاسی، لەئێرانیشدا سەرەڕای كێشە و پێشێل كردنی مافی ژنان، بابەتی هێنانی چەند ژنی لەناو پیاواندا زۆر پەرەی سەندووە، بۆتە هۆكارێك بۆ پێشێل كردنی ماف و ژنان سەبارەت بە داهاتووی خۆیان لە ترس و دڵەڕاوكێ دابژین.
دەربارەی توندوتیژی دژ بەژنان لە هەرێمی كوردستان لە25- 11- 2017 بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بەژنان بەخەندانی ڕایگەیاندوە: لە10 مانگی ڕابردوو لەسنووری پارێزگای سلێمانی بەهەموو قەزا و ناحیەكانی دەوروبەری هەزار و 923 حاڵەتی توندوتیژی دژ بەژنان تۆمار كراوە، تەواوی حاڵەتەكان بریتیە لە سكاڵا بەپێی مادەی حەوت و هەشتی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بەژنان، لەوانەش 28 حاڵەتی كوشتنە كە 10 حاڵەتی كوشتن و 18 حاڵەتی خۆكوشتن تۆماركراون.

توندوتیژی دژ بەژنان لە وڵاتانی ڕۆژئاوا
توندوتیژی دژ بەژنان پەیوەندی نییە بەكۆمەڵگای تایبەت، واتە دەسەڵاتی سیاسی یا كۆمەڵایەتی، بەڵكو لە هەموو كۆمەڵگاكانی مرۆڤایەتی دیاردەی توند و تیژی دژ بەژنان بەرچاودەكەوێت، لە چوارچێوەی ئابووری و ڕەگەز و فەرهەنگ و كەلتوردا تێدەپەڕێت، ئەزموونی مەترسیەكانی توندوتیژی مافی ژنان پێشێل كراوە، بەشێوەیەك لەوڵاتێكی وەكو بەریتانیا ئامارەكان پیشانی دەدەن.
بەپێی سەرژمێریەك لە وڵاتی بەریتانیا لەهەر 3 ژن، كەسەردانی نەخۆشخانە (بەشی فریاكەوتن) دەكەن، یەكێكیان بەهۆی دیاردەی توندوتیژی خێزانی شتێكی بەسەر هاتووە، لە 25% لە ژنانی بەریتانیا، لەهەر 4 ژن یەكیان لە درێژایی تەمەنی 25%ی بۆتە قوربانی توندوتیژی خێزانی لەماڵی خۆیدا، وادەردەكەوێت لەهەر چركەیدا پەیوەندی دەگرن بە پۆلیسی ئەو وڵاتە، بۆ بابەتێك كەپەیوەندی بەتوندتیژییەوە هەبێت، ئەو تاوانانەی ڕاگەیەنراوە 1/4ی تاوانی توندوتیژییە و لە17% پەیوەندی بەتوندوتیژی خێزانیەوە هەبووە، كەمتر لە 35% لەتوندوتیژی بنەماڵەكان بەپۆلیس ڕادەگەیەنرێت، تەنانەت بەشێك لە چاودێرانی یاسایی دەڵێن 11% كەمترە كەبەپۆلیس ڕادەگەیەنرێت.
پۆلیسی لەندەن دەڵێن لەهەر مانگێكدا 7650 سكاڵای سەبارەت بە توندوتیژی بەرامبەر بەژنانمان پێ ڕادەگەیەنرێت، كە بریتین لە سوكایەتی پێكردن، بێ پارەكردن، واتە پارەیان نادرێتێ، ڕێگری كردن لەپەیوەندی لەگەڵ هاوڕێ و كەسوكاریان، دەستدرێژی سیكسی و لێدان.
لەتوێژینەوەیەكی 3 مانگەدا لە 180 كردەوەی توندوتیژی لەخێزانەكاندا كەبەپۆلیس ڕاگەیەنراوە، 128 تاوان ئامادە نەبوون بەپێی یاسایی هەڵسوكەوت لەگەڵ تاوانباراندا بكرێت، لەنێوان ئەو گروپ و نەتەوانەی دیكە، كەلە بەریتانیا نیشتەجێن جیاوازیەكی ئەوتۆی تێدا بەدی ناكرێت، سەربارەت بەدیاردەی توندوتیژی خێزانی بەشێوەیەكی گشتی ڕێژەی تەمەنی 25 بۆ خوارەوە زیاتر بەرەو ڕووی توندوتیژی دەبنەوە.
ئامارەكان ئەوە نیشان دەدەن لەوڵاتی سوێد لەچوار ژن یەكێكیان بەرەو ڕووی توندوتیژی دەبنەوە، تەنیا لەساڵی 2021 دا 34 هەزار حاڵەتی توندوتیژی دژبەژنان تۆماركراوە، هەروەها پۆلیسی نیشتمانی سوێد لە 22ی حوزیرانی 2022 ڕایگەیاند، لەساڵی 2021 دا 16 ژن بەدەستی هاوبەشی ژیانیان كوژراون، 3 پیاو لەلایەن ژنانەوە كوژراون، كەسایەتیەكی ناسراو لە ڕاگەیاندنێكدا وتی: من دانیشتوی وڵاتی سوێدم و ئاگادارم توندوتیژی بەرانبەر بەژنان لەسوید زۆر بڵاوە، بەشێوەیەك لە ڕادیۆی بەشی كوردی سوێد كەم ڕۆژ هەیە باسی كوشتن و توندوتیژی بەرامبەر ژنێك بڵاو نەكاتەوە، یەكێكی تر دەنووسێت: هیچ شەمە و یەك شەمەیەك نییە لەوڵاتانی ئەوروپا لەسەر سیكس ئافرەتی تێدا نەكوژرێت، لەلایەن هاوڕێ و ئەوانەی لێیانەوە نزیكن و گوایە بۆ بەسەربردنی ژیانێكی خۆش و ئاسوودە بەیەكەوەن، بەڵام كاتێك ژنەكە قبوڵی هەموو داواكاریەكانی نەكردووە دواتر كوژراوە، تاوانبارەكەش لەترسی سكاڵا و لێپرسینەوەی قانون هەڵدێن، ئەمەش بەشێكی لەبەرئەوەی لەوێ خێزانەكان بچووكن و كەسوكار كەمتر ئاگاداری ژیانی ئاڵۆزی كچەكانیانن.
بەپێی لێكۆڵینەوەیەك كەلەلایەن گروپەكانی ئاسیایی عەرەب و ئەفریقاییەكانی كاریبی بەڕێوەچووە، ڕوون بۆتەوە بەشێوەیەكی گشتی و مام ناوەند دوای تێپەڕبوونی ماوەی 5 ساڵ بەسەر توندوتیژی خێزانی خوازیاری یارمەتی یاسایین، ڕێژەی دابین كردنی هەزینەی مالی سەبارەت بە توندوتیژی خێزانی لەشوێنە جیاوازەكانی وڵاتی بەریتانیا خۆی لەسەدەها ملیۆن پاوەند دەدات، ئەو ڕێژە دیاری كراونەی ڕێكخراوەكانی پەنابەران ئەوە دەگەیەنێت، ژنانی وڵاتی بەریتانیا بەرەو ڕووی تەندوتیژی خێزانی بوونەتەوە، لەهەر 10 ژن كە لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ كراوە، دانیان بەوەداناوە ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە لەگەڵ مێرد یا ئەو كەسەی لەگەڵی دەژیەن، تەنانەت 1/10ی ئەو ژنانە گیانی خۆیان لەمەترسیدا دەبینن.
ڕێكخراوەی پەنابەران ئەم جۆرە لێكۆڵینەوانە بەگرنگ دەزانێت، چونكە ئەو شێوازانەی دەبێتە هۆی دیاردەی توندتیژی بەنهێنی نامێنێتەوە و ئاشكرا دەكرێت.

توندوتیژی لەوڵاتانی دنیا بەشێوەیەكی گشتی
بەشێوەیەكی گشتی ژنان لەتەواوی وڵاتانی دنیا بەرەوڕووی توندوتیژی دەبنەوە، لەكاتی شەڕ و ناخۆشی لەناو بنەماڵەی خۆیدا بەدەست مێرد و كەسوكاریانەوە، خاتوو ئینكا فلنزبورك بەڕێوەبەری گشتی ڕاگەیاندنی ڕێكخراوی لێبوردنی گشتی نێودەوڵەتی دەڵێت: ژنان تەنیا لەبەرئەوەی ژنە دەكەوێتە ژێر گوشاری توندوتیژی لەلایەن بنەماڵە و كۆمەڵگاوە، توندوتیژی دژ بەژنان و كچان لەكۆمەڵگای وڵاتانی ڕۆژئاوا شێوەی جیاوازی هەیە، لە لێدان و شەڕوشۆڕ، هەڵسوكەوتی دەرونی كە كار لەناخی مرۆڤ دەكات بەشێوەی بەكەمزانین، بەرگری ئازادی لەهەڵسوكەوتی تاك، هێرش كردن لەسەر كەسایەتی و داڕماندنی دەرون، بەتایبەت لەلایەن كەسوكاریان بەگشتی و مێرد دەكەونەبەر گوشاری توند وتیژی، هەروەها توندوتیژی بەرەوڕووی ژنان و كچان دەبێتەوە بەشێوەی نهێنی و نادیار، زۆربەی ئەو ژنانەی بەرەوڕووی توندوتیژی دەبنەوە لەدركاندنی ڕاستیەكان خۆیان دەبوێرن، لەسەرئەوەی بەسەریان دێت شەرم دەكەن و بێ دەنگ دەبن، بەڕێژەیەكی زۆر كەم ئامادەن ئەوەی لەبابەتی توندوتیژی بەرەو ڕووی دەبنەوە بیدركێنن، هەرچەندە شێوەی توندوتیژی كەلەناو بنەماڵەكاندا ڕوودەدات، جێگای سەرنجە لێكۆڵینەوەی گشتی بكرێت لەدنیا.
تەواوی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی پشتگیری یاسایی دەكەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، بۆ بایەخ پێدانی ژنان بۆ دەربڕینی ڕای خۆیان و چاودێری ژیان و پاراستنی ژنان لە توندوتیژی، بۆ خۆشگوزەرانی كۆمەڵگای مرۆڤایەتی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت