زاهیر باهیر: کۆبوونەوەکانی لوتکەی کەش و هەوا چارەسەری گرفتی ژینگە ناکەن/ بەشی سێیەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سەرمایەدارانی ئەفریقا و زۆرێك لە دەسەڵاتداران لارییان نییە بەوەی کە کۆمپانیاکانی گاز و نەوت لەوێ دەست بەکاری پشکنین و دەرهێنانی نەوت و غاز دەکەن، چونکە ئەوان دەڵێن کە ئەو پارەیە پێویستە بۆ چارەسەری نەخۆشی و فراوانکردنی خەستەخانە و زیادکردنی ژمارەیان، هەروەها بۆ کردنەوەی قوتابخانە و نەهێڵانی نەخوێندەواری. لە بەرانبەر ئەمەدا زۆرێک لە شارەزایان و چالاکوانانی کەش وهەوای ئەفریقا دژی فراوانبوونی گاز لەم کیشوەرەدا قسە دەکەن. ئەوان دەڵێن پێناچێت هەژارانی ئەفریقا هیچ سوودێک لەم غازە ببینن، کە پێدەچێت لەلایەن کۆمپانیا فرەنەتەوەییەکانەوە هەناردە بکرێت بۆ دەرەوەی وڵات بۆ بەرزترین نرخ، قازانجەکانیش دەگوازرێنەوە بۆ دەستەبژێرانی وڵاتەکان. هاوپەیمانییەك کە لە دەیان گروپی کەشوهەوای ئەفریقا پێکهاتووە لە نامەیەکی کراوەدا لە چوارچێوەی هەڵمەتێکدا بە ناوی “Don’t Gas Africa” نووسیویەتی: “هەنگاونان بۆ غاز لە ئەفریقا مەترسیدار و کورتبینییە.
وڵاتێکی دیکە لە ئەفریقا کۆماری دیموکراتیی کۆنگۆیە کە خۆی نزیکەی سێ دەیە لە جەنگ و ململانێی سەختدا بوەو بەرگەی گرتووە، لەو وڵاتەدا ساڵانە تا پێنج هەزار منداڵ دەبنە سەرباز. ئەمە نەبێت ئەم وڵاتە هەژار بێت، بەڵکو وڵاتێکە پڕە لە کانزای بێئەندازە و چارەسەری کەش و هەوای داهێنەرانە.
دووەم گەورەترین دارستانە باراناوییەکانی جیهان دوای بەرازیل و ئەندەنوسیا ئەوێیە. کۆگایەکی گەورەی کۆبالت، مس و ئەلەمنیۆمی تێدایە – ئەوانە ئەو کانزایانەن کە پێویستن بۆ گۆڕانکارییە سەرەکییەکان کە پێویستمانە بۆ وزەی نوێبووەوە و ئابووری دیجیتاڵی. دارستان و جەنگەڵەکانی کۆنگۆ توانای هەڵمژینی نزیکەی 1.2 ملیار تەن دووەم ئۆکسیدی کاربۆنیان لە ساڵێکدا هەیە کە دەکاتە لابردنی لە 4%ی دەردانی گازی ژەهراوی جیهانی.
لە پاکستان لە سەرەتای ئەمساڵدا، لافاوێکی توند سێیەکی تەواوی وڵاتەکەی ژێرئاو خست و زیاتر لە هەزار و 700 کەسی کوشت. بانکی نێودەوڵەتی کۆی زیانەکانی ئابووری بە هۆی ئەوەوە مەزەندە دەکات بە زیاتر لە 30 ملیار دۆلار (26 ملیار پاوەند). هەروەها ئاوەدانکردنەوەشی 16 ملیار دۆلاری دیکەی تێدەچێت. ئەمە لە کاتێکدا کە ئەم وڵاتە تەنها بە 0.3%ی دەردانی گازی ژەهراوی جیهانی بەشداری کردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وەک کینیا و سۆماڵ، ناچارە بە ڕێژەی ئەو گازە گەرمخایەنانەی کە لەلایەن وڵاتانی دیکەوە بەرەڵای دەکەن پارەبدات. لەمەش زیاتر، ئەم وڵاتانەی کە ئاوا باجی سەرەکی وڵاتانی پیشەسازی پێشکەوتوو دەدەن سەرچاوەیان نییە بۆ ئەوەی پارەی ئەو زیانانە بدەن کە بەسەریاندا دەسەپێنرێت.
بەڵام کاتێک ئەڵمانیا لە ساڵی 2021دا تووشی لافاوێکی ترسناک بوو، حکومەت توانی دەستبەجێ 30 ملیار یورۆ ( 26 ملیار پاوەند) تەرخان بکات بۆ ئەوەی پارە بدات بۆ دووبارە ئاوەدانکردنەوەی ئەو شارۆچکە و ژێرخانانەی کە بەهۆی لافاوەکەوە لەناوچوون. کەچی وڵاتی پاکستان ناچار بووە پشت بە بانگەوازێکی فریاگوزاری نەتەوە یەکگرتووەکان ببەستێت کە تەنها بڕی لە 34% پارەی بۆ دابین دەکرێت. مۆزەمبیق ناچار بوو قەرزێکی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی وەربگرێت بۆ ئەوەی یارمەتی بدات لە پێدانی پارەی چاکبوونەوە لە دوای زریانەکەی’ ئیدای ‘ ساڵی 2019، ئەمەش وڵاتەکەی زیاتر پاڵنا بەرەو خراپتر بە ناڕەحەتی قەرزەکانیەوە کە لە بەرزبوونەودایە.

* نوسینی ئەم وتارە بەرهەمی خوێندنەوەی زیاتر لە 20 وتار و توێژینەوەیە. بە پێویستم نەزانی لە دامێنی وتارەکەوە ئاماژەیان پێبکەم، بەڵام هەر خوێنەرێك بە گومانە لە ئامار و بەڵگەکان دەتوانێت لە مێسنجەرەوە یاخود بە ئیمەیل ئاگەدارم بکاتەوە تاکو هەندێك لەو سەرچاوانەی بۆ بنێرم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت