عیماد عەلی: راستە ماکی گەلی کورد لە خۆیدا ئیسلامییە؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەم چەند رۆژەدا، ئەو گفتوگۆیانەی لەسەر جێندەر هاتە ئاراوە زۆر شتی دەرخست، بەڵام لە هەمووی سەیرتر ئەوەبو کە دەوترا ئەم گەلی کوردە لە ماکی خۆیاد ئایینیە و لە نێو ئایینەکانیشدا ئیسلامیە و نابێت هیچ سیفەتێکی تری مرۆڤایەتی تێیدا پەیدا بێت، لەو قسانەش مەبەستیان تەنها ئەوە بوو کە نابێت یەکسانی نێرو مێ لە ناو کورددا هەبێت. کە دەمی هەر ئیسلامییەک دەکەیتەوە، پێت دەڵێت: بۆ پیشاندانی ناخی گەلی کوردستان و ئیسلامبونە سروشتیەکەی هیچ پێویست بە بەڵگە ناکات، تەنها تەماشای رەفتار و تەنانەت ماکی گەلی کورد بکەیت، جگە لەوەی سروشتەکەی ئیسلامییانە بێت هیچ مۆرکێکی دیکەی پێوە دیار نیە. باشە با خاتریانە بگرین و بڵێین وایە، بەڵام با ئێمەش ناخی ئەم ئایینە هەڵخەین و پرسیار گەلێک لەو بارەوە بوروژێنین، بۆ ئەوەی راست و دروستی ئەم بۆچونە و حەقیقەتی ماکی گەلی کورد بە ووردی لە جەوهەری راستەقینەی ئایین و ئەم ئایینی ئیسلامەش شیبکەینەوەو حەقیقەتی ئەم بۆچونە بۆ هەموو لایەک دەرخەین. دەکرێت باوەر بەم بۆچونە بکەین و زۆر بە راستی بزانین، ئەگەر لە ناوەخنی ئەم ئایینە سیفەتە دورگەییەکان و ئەخلاقی دەشتەکیی داگیرکاری و دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی ئەویتر و هەڵگری دابونەریتی بیابانی تێدا نەبێت، بۆ ئەوەی بۆمان بسەلمێنرێت کە لە رەوتی کاروانی ئەم ئایینەدا ئەوە پشت راست دەکرێتەوە کە ئایینێکی گشتگیری هەمەگی مرۆڤایەتیە و تایبەتمەندی جەزیرەی عەرەبی تێدا نیە و کوردیش لە بنەچەدا هەڵگری ئەو سیفەتانەیە.
ئەوەی راستی بێت، نەک تەنها هەر کورد وەکو گەلێکی رۆژهەڵاتیی ناوچەی دەرپەرٍینی ئایینە ئاسمانیەکان، بەڵکو هیچ مرۆڤێک لەسەر ئەم زەویە نادۆزیتەوە لە پێش پەرەسەندنی باری فکری و دروستبوونی ئایین، لە ماکیدا ئایینی بێت نەک ئیسلامییش بێت. ئەمە لە لایەک، لەلایەکی ترەوە، لەوانەیە لە ماوەیەکی دیاریکراوداو پاش دروستبوون و دەرکەوتنی ئایینەکان و گرنگیدانی هەر کەسێک بە ئایینی دڵخوزای خۆی کە ئاسمانی بێت یان وەزعی کە سروشت و بیرکردنەوەی خۆی لەگەڵ سروەت و بنەماکانیدا بگونجێت یان بگونجێنێت. ئەوە لە بارودۆخێکی تایبەتدا جەوهەری ئایینداری بەروخساریەوە دیار دەبێت، نەک ماک و مۆرکی کەسەکە بگۆرٍدرێت.
ئەگەر وابوایە و کورد بەخۆی لە ناخیدا بە سروشت ئیسلامی بوایە، ئەی بۆچی ئەم هەموو شێخ و مەلاو واعیز و فەقێ و بانگخواز و سەیدانە کوردستانی تەنیوەتە و هەر یەکە و زانیاریەکی ناکۆک لەگەڵ ئەویتردا بڵاو دەکاتەوە و کوردیش بەحۆرێک باوەرٍی رەسەنی خۆی لە کیاندیا جێگیر بووە و تەنها بۆ خۆهەڵخەڵەتاندن نەبێت لە جەوهەری خۆیدا باوەری بە هیجیان نیە، جگە لەوەی لەگەڵ رەسەنایەتی نەتەوەیی خۆیدا نەگونجێت. ئەگەر وا بوایە چی پێویستمان بە قوتابخانە و مزگەوت و دەرس و راڤە و شیکردنەوەی ئایینیمان دەبوو. ئەی داری فەتوا و وەزارەتی ئەوقاف و دامودەزگای ئایینی و کۆمەڵە و گردبونە و حزبی ئایینی ئیسلامی بۆچیمانبوو. ئەگەر ئایین ئیسلامی ماکیی ئەم گەلەی داگیرکردبێت بۆچی ئەو بەرنامە و پەیرەوی ئیسلامیە تەنانەت خۆی دەکات بە ژووری نوستنەکەیدا و لێی نابێتەوە. ئەگەر ئیسلامی پەیوەست بە کورد لانکەی خۆشی و چاکە و خێربێت و کوردیش ماکی سەرەکی ئیسلامگەرا بێت و ئەو سیفەتە خۆی بەسەروسیمایدا چەسپاندبێت، بۆچی شەر و کوشتن و ماڵوێرانی و خرابە، رەوشتی زۆرێک لەم خەڵکە بێت. کەس هەیە ئەو هەموو گەندەڵیە لەبیر بکات کە زۆرینەیان بە بەرگی ئیسلامی داپۆشراون و دەیانەوێت بە ناوی ئایینەوە پەردەپۆشی بکەن و خۆیان لێی پاکبکەنەوە. تۆ تەماشای ئەو هەموو مزگەوتە دەکەیت کە چەندین ملیۆن دۆلاری تێدەچێت و لەولاشەوە خەڵک هەیە برسی دەیکوژێت و لە چەقی نەداری و نەبوونیدایە و زەرەیەک دادگەری لەم کوردستانەدا بوونی نیە.
ئا بەم شێوەیە ماکی کورد ئیسلامگەراییە و ئەوەی پێناسەی ئیسلام بە دادگەری و یەکسانی و خێر و خۆشی دەکات و بە ئایینی مرۆڤایەتی لەقەلەم دەدات، کە ئەمانەش سیفەتەکانی بێت، چۆن دەبێت ماکەکەی ئەو شێوە ئایینە بێت کە خێری بەو شێوەیە بۆ جیهان هێنابێت. بۆیە ماکی کورد و هیچ مروڤێکی دیکە هیچ پەیوەندیەکی بە ئایین و ئیسلامییەوە نەبووە و نیە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت