دلێر محەمەد نوری: هاوڕەگەزخوازی، دیاردەیەکی خۆماڵییە یان هاوردەیە؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ماس میدیا و سۆشیال میدیای کوردی، بە بینراو و بیستراوەوە، لە نێو فەوزایەکی گەورەدایە و بێبەزەییانە خەریکی بەگێلکردنی کۆمەڵگایە. ئەو فەوزایە، نە لە هیچ کۆمەڵگایەک و نە لە نێو میدیای هیچ میللەتێکی دیکەدا، نەمبینیوە. بانگەشەی درۆ، بوختان، چەواشەکاری، شێواندنی زانیاری دروست و …هتد، لە سیفەتە هەرە سەرەکییەکانێتی. هەندێ جار و بە مەبەست، تیشکی بلاجکتۆرئاسا ئەخەنە سەر زانیاری و هەواڵی ناڕاست و نەشیاو و هەندێک جاریش تاریکاندن دەکەنە ڕێکاری شاردنەوەی زانیاری و ڕاستییەکان.
ئیسلامیی سیاسی و سەلەفی و بانگخوازەکان، لە هەرە کاراکتەرە خراپە هەلپەرستەکانی ئەم بوارەن. ئەوەی بەجۆرێک درۆیە و دوورە لە ڕاستییەوە، ئەوان بە هێرشێکی میدیایی چڕ و پڕ، چون ڕاپەڕاندنی ئەرکی ئایینی لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا درۆ و دەلەسە و چەواشەکاری لە لای زۆرێک لە تاکەکانی گۆمەڵگا ئەگۆڕن بە ڕاستی حاشا هەڵنەگر.
لە ماوەی پێشوودا زۆربەی هێرشەکانیان بۆ سەر هەر کەس و چینێک بوو، کە بە وشەیەکیش باسیان لە هاوڕەگەزخوازی و مەسەلەی جێندەر و فره ژنی کردبوو. ئیسلامییەکان لەم مەسەلانەدا، بە هەموو گرووپ و تاقم و حزبە جیاوازە دژ بە یەکەکانیانەوە، بە یەک تیم کار دەکەن. ئەوان بە لەشکرێک لە کەناڵی ئاسمانی و پەیج و ماڵپەڕ و سەددان هەزار کۆمێنتچی دەم پیسی ناو سۆشیاڵ میدیا، دژ بە چەند نووسەرێک و چەند فێمینیستێک و چەند ڕۆشنبیرێک وەستانەوە، کە هەموویان پێکەوە، لە پەنجەی دوو دەست تێپەڕیان نەدەکرد. حەملەیەکی وەهایان بەرپاکرد کە کەس نەوێرێ جارێکی دیکە ڕایەکی جیاواز لە فەلسەفە و بیر و هزری ئیسلامییەکان هەڵگرێ و بەیانی بکات. ئەوان کە سوور ئەزانن بنەچەی مەسەلەکان چین، بەڵام قەناس بە دەست ئاسا، بۆ ئەم چەند فێمێنیست و ڕۆشنبیر و نووسەرە دانیشتوون تا ژمارەی وتار و چالاکییەکانیانی پێ دەوڵەمەند بکەن.
د.مەریوان وریا قانیع لە نووسینێکدا گلەیی لە بێدەنگی نوخبەی ڕۆشنبیر ئەکات، بەڵام من هیچ گلەییەک ناکەم، چوون ئەزانم کە ئەو تاقم و گروپە ئیسلامییانە بۆ لۆبی کردن دژی هەر کەسێک زۆر کت و پڕ کۆدەبنەوە و دێنە سەر خەت. جا ئەگەر کەسێک لە نێوخۆی وڵات بژی ئەوا حاڵی تەواو شڕ دەبێت بە دەستیانەوە. ڕاستە ئەرکی نوخبەی ڕۆشنبیر و نووسەرە، قسەی بەردەوامی هەبێت بەڵام لە دۆخێکدا کە دەسەڵاتێکی یاسایی هەبێت کەسێتی بەرجەستە و مادی نووسەران بپارێزێت. نوخبەی نووسەر و ڕۆشنبیر و چالاکوانی مەدەنی هیچ هێڵێکی سووریان بۆ پەلاماردانیان لە لایەن جەیشی ئیسلامی سیاسییەوە نیە، بەڵام دەست بۆ هەر کەیسێک ببەن هێڵی سوورە و ڕاپێچی دادگایان ئەکەن یان کەسێتی خۆیان و خێزانیان ئەشکێنن.
جا ئەگەر دیاردەی هاوڕەگەزخوازی وەکو کەیسێک وەربگرین، تا نووسینی ئەم وتارەش بە چوونە ناو دونیای سۆشیال میدیاوە، ژمارەیەکی زۆری خوتبە و ڕاپۆرتی ڤیدیۆیی و بەرنامەی تەلەفزیۆنی و سەددان هەزار پۆست لە فیس بووک و هەزاران هەزار کۆمێنتی نەشیاو و دەیان چالاکی دیکە لە دژی تێزی مافە کەسییەکانی کەسی هاوڕەگەزخواز و هەندێک تێزی دیکەی وەکو قەدەغەکردنی فرەژنی و مەسەلەی جێندەر و…هتد کراون. ئەوان هەموو ئەم شەڕە ئەکەن لە پێناو ئەوەی بۆ خەڵکی عەوام و نەوەی نوێی بسەلمێنن کە کۆمەڵگای کوردی بێبەرییە لەو دیاردانەوە و ئەوە ئەوانن پارێزەری کۆمەڵگان لەمانەوەی بە پاکژی و ئەو چەند کەسەش کۆمەڵگای کوردییان شێواندووە و بەرەو بێ ئەخلاقی و پیس بوونی ئەبەن. لە ڕاستیشدا ئیسلامی سیاسی هەموو ئامانجەکانیان پێکاوە و خەڵکانێکی زۆریان بە لاڕێدا بردووە و ڕابردووی کۆمەڵگای کوردیان لا جوان و پاکژ و بە ئابڕوو نیشانداوە و ئوباڵی هەرچی ڕوو دەدات خستۆتە گەردنی چەند نووسەر و فێمێنیست و ڕۆشنبیرێک. ئەوان نە کاریگەری دونیای ئینتەرنێت و پەیوەندییەکان ڕەچاو دەکەن، نە کاریگەری کرانەوە وتێکهەڵکێش بوونی میللەتان، لە سایەی جیهانگیریدا لە بەر چاو دەگرن. ئەوان بەوە نازانن کە هەمان ئەو دونیای ئینتەرنێت و پەیوەندیی و جیهانگیرییەیە کە یارمەتی داون وا زوو لە دەوری یەکتری کۆببنەوە و ڕەنگ ودەنگیان بگاتە هەر گوێچکە و چاوێک و ببنە ژمارە، بەڵام ئامادە نین قبووڵی ئەوە بکەن کە لە هەمان دەرگاوە ئەشێ چەمکی دیکەی وەکو جێندەر و مافی مرۆڤ و مافی ژن و پاراستنی ژینگە و ڤالانتاین و ستایلی نوێ پۆشین و ژیانکردنیش خۆی بکات بە ژووردا. ئەوان تا ئێستاش لەوە تێناگەن کە بەکارهێنان و فەراهەمکردنی تەکنەلۆجیای پەیوەندییەکان، پەرژین بە کۆمەڵگا نەریتییەکانەوە ناهێڵێت و ئەم جۆرە کرانەوانەش بە دوای خۆیدا ئەهێنێت. خۆ ئەگەر زۆر سوورن لە سەر قایمکردنی پەرژینی دەوری کۆمەڵگا، فەرموون خۆتان پێش کۆمەڵگا واز لە دونیای ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتی و تەکنەلۆجیای پەیوەندی و گەیاندن بێنن.
ئەوەی گرنگە بەڵامەوە لێرەدا ئەوەیە لە خۆمان بپرسین کە ئاخۆ بەر لەو پێشکەوتنانەی بواری تەکنەلۆژیای پەیوەندییەکان، لە نێو کۆمەڵگای کوردیدا دیاردەکانی هاوڕەگەزخوازی بە نێر و مێیەوە(هۆمۆفیل و لێسبیسک) بوونی نەبووە ؟ ئایا لە نێو کۆمەڵگای کوردیدا مناڵباز (پێدۆفیل) یان ئەوەی بە زمانە گشتییەکە پێی ئەڵێن هەتیوباز بوونی نەبووە؟ یاخود پیاوانێک نەبوون لە کۆمەڵگادا بە هەڵسوکەوت و تەنانەت بە جەستە و ڕەنگ و ڕوو ژنانە بووبن یاخود بە پێچەوانەشەوە. من لە نەوەی نوێی هەڵخەڵەتاوی نەخوێنەوار و کەم ئەزموون و کەم تەمەن ناپرسم ، بەڵام ڕووم لەوانەیە کە ژیانی شار و لادێکانی کوردستانیان لە بیرە و تیا ژیاون. ئەوانەی بیرەوەری چل و پەنجا و شەست وحەفتا و هەشتاکانیان لە یادە. لێیان ئەپرسم، گەرەک و کۆڵان هەبوو بێ مناڵباز (هەتیوباز) بووبێ؟
دوورتر لەمانەش دیاردەی ئاژەڵبازیش بە تایبەتی لە گوندەکان کە ئەمەش بۆ خۆی دیاردەیەکی دیکەی حاشا هەڵنەگر بوو، کە تا سەر ئیسک قێزەون و وەحشیگەرانەیە. تۆ کە لایەکی کۆمەڵگاکەت ئاژەڵبازی کردبێ، شەڕی چی لە گەڵ فێمینستێک ئەکەی بە ناوی ئەخلاقەوە، کە ئەو هاتووە چەمکێکت بۆ شی بکاتەوە و هیچی تر. کەم نەبوون چیرۆکی کچانی بەشە ناوخۆیی زانکۆکانی عێراق و کوردستان لە هەشتاکاندا کە عاشقی یەکتری بوون و لە سەر یەک جێگەی نووستن ڕۆژیان ئەکردەوە. من کە ڕێزێکی زۆرم هەیە بۆ مرۆڤەکان و بۆ ئەو پەیوەندییە ڕوحییانەی کە پێکەوەیان ئەبەستێتەوە بەدەر لە جیاوازی یان لێکچوونی ڕەگەزی ڕووکەشییان، بەڵام هەمیشە دژی خیانەتکردنی مرۆڤەکانم لە لەشی خۆیان و وەکو کاڵا فرۆشتنێتی. وە ئەم نموونانەی نێوکۆمەڵگای کوردەوارییم نە وەکو تانە و تەشەر لە کەسەکان هێناوەتەوە، نە وەکو تانەدان لە کۆمەڵگای نەریتی (موسوڵمانی بە ئابڕوو) هێناوەتەوە. ئەگەر چی لێرە مەبەست لێکۆڵینەوەش نیە لە هۆکاری پشتی ئەو دیاردانە، بەڵکو تەنها ویستم ئەوە بگەیێنم کەکۆمەڵگای کوردی ئەو کۆمەڵگا جوان و قەشەنگەش نەبووە کە ئیسلامی سیاسی گۆرانی بە باڵایدا بڵێن و خۆیان بە خاوەنی بزانن، تا بە باسکردنی بیری فێمێنستی و مافی ژن و مافی مرۆڤ و مافی هاوڕەگەزخواز بۆ ژیانێکی شەرەفمەند، لە لایەن چەند نووسەر و چالاکوانێکەوە قەڵای ئەخلاقی ئەوانیان ڕووخاندبێ، هەستی ناسکی کۆمەڵی کوردەواریان ڕووشاند بێت. بەمەش بۆمان دەردەکەوێ کە کۆی ئەم دیاردانە خۆماڵین بە پلە نایاب و لە مەنجەڵەکەی کۆمەڵگای کوردەواریدا، وەکو هەر کۆمەڵگایەکی دیکەی مرۆڤایەتی، لێنراون. بەڵام دونیای کرانەوە و تەکنەلۆجیای پەیوەندییەکانە کە سەری مەنجەڵەکەی هەڵداوەتەوە بۆن و بەرام و ڕەنگ و ڕوویان ئاشکرا بوون. ئەوانەی کە هەوڵی داپۆشینی سەری مەنجەڵەکە دەدن و خەریکی تۆمەتبارکردنی هەندێ کەسی ئەکادیمی بوارەکەن، تەنها خۆڵ ئەکەنە چاوی خەڵک و بازاڕی خۆیانی پێ گەرم ئەکەن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت