عیماد عەلی: وشەی نازانم نایەت بە دەمیا!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پەندێکی پێشینان و حیکمەتێکی قەییمی عەرەب هەیە دەڵێت: ئەو کەسەی بۆ هەر بابەتێک دەڵێت: نازانم! وەکو ئەوەیە قسەیەکی ئەوەندە گونجاوی کردبێت فەتوای راست و دروست و وەڵامی سودبەخشی هەموو پرسیارەکانی دابێتەوە. واتە دەربرٍینێکی ئەوەندە راستەقینەیە کە وتنی راستی ئەوەندەی قازانج و دەرئەنجامی جوانی دەبێت لەوە زۆر زۆر باشترە کە نەزانیت و نەڵێیت نازانم و پرسیارت لێبکرێت یان بابەتێک بێتە پێشەوە بەخۆت دانیشی بە دوور و درێژی باسی بکەیت و لە بنەچەدا بە راستی هیچیشی لێ نەزانیت.
بۆ ئەم مەبەستە رۆژێک لەگەڵ دکتۆرێکی زانکۆی پسپۆرٍی بایولۆجی دانیشتم و بە حساب رۆشنبیرە و زۆر شت دەزانێت و دونیا دیدەیە و وشەکانی هەموو پەندن. پرسیارێکی وردی زانستیم لە بوارەکەی خۆیدا لێکرد کە ماوەیەکی زۆر کورتی پێش ئەو دانیشتنە لە کتێبێکدا خوێندبووم و خۆشم بەکالۆریۆسم لە بایۆلۆجیدا هەیەو، بە باشی لێی تێگەیشتبووم. دوای کەمێک منجەمنج دەمزانی کە وەڵامەکەی نازانێت، بەڵام بەدوورودرێژیی کەوتە باسکردنی و تەنها نزیکی وەڵامە راستیەکەی ئەو پرسیارە نەکەوتەوە. دواتر هەر لەو جێگەیەدا پرسیارێکی فەلسەفیم لە سیاسیەکی ناودار کرد و ئەویش کەوتە قسەو باسی زۆری چواردەوری وەڵامی پرسیارەکەی من و تەنها وەڵامی پرسیارەکەی منی نەدایەوە. ئینجا هەر لەو شوێنەدا بووم کە هاورٍێیەکی دێرینم توێژینەوەیەکی جوانی لەسەر بابەتێکی وردی سیاسی نوسیبوو، منیش پرسیارێکم لەوبارەوە کرد، لەوێدا هەر هەمووان بە دوور و درێژی و پەرشوبڵاوی کەوتنە باس و خواس و وەڵامدانەوەی سیاسی پرسیارەکە، لەمەشدا تەنها نزیکی وەڵامی ئەکادیمیانەی ئەو پرسیارە لە توێژینەوەکەدا نەبوونەوە کە ئەو هاورٍێ دیرینەم لەوێدا بە وردی وەڵامی دابووەوە.
لەمەدا ئەوەم بۆ دەرکەوت کە ئەم کوردەی ئێمە لە سیاسی و رۆشنبیر و ئەکادیمیست و ئەوانی تریش بۆ هەر بابەتێکیان لێ بپرسە و قسە بکەن تەنها وشەی نازانمی لا دەست ناکەوێت و نەزانینی بابەتێک وەکو عەیبەیەک دەزانێت، بەهیچ شێوەیەک ئەوەی لا نادۆزیتەوە کە بڵێت ئەم بابەتە یان وەڵامی ئەم پرسیارە لە پسپۆرٍێتی من نیە و نازانم و لای من نیە.
بۆیە، کورد لای خۆیەوە هەموو شت دەزانێت و پسپۆرٍێتی لای نیەو دەم لەهەموو بابەتێک دەدات، بەڵام ئەوەی روونە کە پسپۆرٍانە و خەڵکی غەیرە کورد و لایان ئاساییە کە بڵێن نازانم و وەڵامی ئەم پرسیارە لە شوێنی تر یان لای ئەو کەسە دەدۆزیتەوە. ئا ئەمەیە گەورەترین کەموکورتی لە بیرکردنەوەی ئێمە و هەموومان پسۆرٍی هەموو بوارەکانین و هیچیش لە هیچ نازانین. بەڵام وشەی نازانم لە شوێنی خۆیدا وەڵامێکی جوانی فەتوا ئاسایە بۆ زۆرێک بابەت و کەسیش.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت