زەبەنگ بەهادین: وەڵامێ بۆ شێرزاد حەسەن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ساڵانێکی زۆر لە ژێر ستەمی بەعسدا تاکی کورد دادەشۆرا لە ئەخلاقی کۆمەڵایەتی و سیاسی و کلتوری، لە پاش روخانی بەعس هێشتا تەپوتۆزێ رەشیەکانی بەعس بەسەر کۆمەڵگای کوردیدا مابوو، هەر لەو کاتەدا حیزبە کوردیەکانی شۆرشیان کرد بوو بۆ ئازادی و ئەخلاقی راستەقینە بە لێشاو هەرچی نەماندیی بوو لە دزی و خیانەت و ووڵات فرۆشتنیان هینایە ناو ئەم کۆمەڵگایە. ئاینیەکانیش چی خوا پێناخۆشە کردیانە مەزهەب و حەدیس و کردیانە قورگی ئەو میللەتە داماوە تا برایان کردە دوژمنی براکەی لە مزگەوت و لە ماڵدا.
کاک شێرزاد ئەوە ئیشی ئێوەی رۆشنبیر بوو ئەخلاق زیندوو بکەنەوە لە ناو کۆمەڵگا، ئیشی ئێوە بوو وانەکانی ئەخلاق بکەنە دەستێکی پەروەردەی کۆمەڵگاو مندالان نەک جێیبێڵن بۆ ئەم دەسەڵاتە راست و چەپی پێبکات. هەرچی ئێستا بەسەر ئەو میللەتەدا دێت چەندێکی لە ئەستۆی سیاسیەکان و پیاوانی ئاینیدایە ئەوەندەش لە ئەستۆی ئەو رۆشنبیرانەی دەیەی پێشووە.
کێشەکە ئەوەیە کاک شێرزاد هەرچی کێشەی ئەم هەرێمە هەیە بە چاویی 20 ساڵ لەمەو پێش لێی دەروانی و هەمان ریتمی شیکاری و گوتار هەیە کە ئەمەندە دووبارە بونەوە گوێ نەماوە بۆ وەرگرتنی. لە سیمینارێکدا کاک شێرزاد پەنجەی تۆمەت بۆ ئەندازیاران رادەکێشێت بە دزی و خیانەت بە نەبونی ئەخلاق، جا رۆشبنیرێک ئاوها تۆمەت ببەخشێتەوە بەسەر چینێکی کۆمەلگادا، ئەبێ ئەخلاق لای کێ ئیتر بوونی مابێ. گەر ئەخلاق لای ئەندازیارێک و دکتۆریک و مامۆستایەک نەمابێ دڵنیا بە پێشتر لای نوسەر و رۆشنبیر و سیاسیەکانمان نەماوە، بۆیە وا بە تۆخی رەنگی داوەتەوە بەسەر کۆمەڵگادا.
کاک شێرزاد من ئەندازیارێکم 27 ساڵ خزمەتم هەیە لە بوارەکەی خۆم، هەرگیز خیانەتم لە کارەکەم و لە وڵاتەکەم نەکردوە، هەرگیز نەبومەتە هۆکارێک بۆ نەهامەتی هاونیشتیمانیانم. چۆن بەرێزتان بەمشێوە گشتگیرە تۆمەتبارمان دەکەن. پێوسیتە لەسەر بەرێزتان داوای لێبوردنمان لێ بکەن، ئایا ئەخلاقێک بەعس وێرانی کرد و دەسەلاتی کوردی سریەوە، دەکرێ چینێک بکەیتە تاوانبار کە خۆیان قوربانی دەستی دەسەڵاتەکەن. ئەگەر وەلامت داینەوە بە ئەرک نەبێ پێناسەیەکی ئەخلاقمان بۆ بکە بۆمان روون بکەرەوە ئایا ئەخلاق چییە و لە کوێدایە؟ ئەوە بەرپرسیارێتی رۆشنبیرە لە هۆکارەکانی نەمانی ئەخلاق بگەرێ و چارەسەرەکانی بخاتە روو نەک روو لە کۆمەڵگایەکی قوربانی بکات و تاوانباریان بکات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت