لاوک کونجرینی: مانیفێستی هەستانەوەی حیزبی کوردی/ بەشی دووەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

داننان بەهەڵەدا، هەستانەوەیە نەک کەوتن،، شانازییە نەک ئابروبردن. لەوەتەی ململانییە خوێناوییەکانی یەکیتی و پارتی هەیە، بۆ جارێکیش لەدەمی سەرانی ئەم دوو حیزبەوە، دانیان بە هەڵە خوێناوییەکانی نێوانیان نەناوەو، لەبەرامبەر خواو گەلەکەیان داوای لێبوردنیان نەکردووە. تا دواجار مەسعود بەرزانی لە دوای ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس، لە ناو پەڕلەماندا بەئامادەبوونی تاڵەبانی وتی: گەر دادگایەک دابنێرێت بۆ تاوانبارانی شەڕی ناوخۆ، ئەوا من و مام جەلال لە هەموو کەس بێ تاوانترین.
ئەم قەسیدەیە جگە لە چەپڵەو دروشمی وابەستەکان بە حیزب، کەس نەیپرسی: چۆن؟ کێ تاوانبار بوو. ئەی کێ بڕیارلێدەری ڕشتنی خوێنی بەناحەق ڕژاویی هەزاران ڕۆڵەی ئەو گەلە بوو، دەکڕێت هەروا بە خۆڕایی بڕوات. ئەم قەسیدەیە هێندە بێ بەهایە کەسانی عەوداڵ بە بنەماڵەی بەرزانی و تاڵەبانیش پیکەنینیان پێی دێت. زەمەن دێت و زەمەن دەڕوات، ئەم گەلە باجی هەڵەی سەرانی شۆڕشیان داو، خوێنی ڕۆڵەکانیان بەناحەق لەبەرەکانی کورد بە کورد کوشتندا، بە فیڕۆ ڕژا. بەڵام زەمەنێک دێت، پرسیار و بەدواچوون و سزا، ئامادە دەبن بۆ بڕێژرانی خوێنی بەناحەق ڕێژراویی ئەم گەلە.
کێشەی سەرانی حیزبی کوردی لەوەدایە نە لە خەڵک دەپرسێت و لە خودی حیزبەکەیان.  دەبیینین لایەنگران و ئەندامانیان لەپاشەکشێیەکی زۆر سەرەولیژدایەو بەسەدان ئەندام و لایەنگریان بەهۆی کێشەی باری بژێوی ژیان و سیاسی و ئیداری حوکمەتەوە دەناڵێنێنن، جگە لەوەش نەبەرنامەیان هەیە بۆ خۆیان و نە بۆ خەڵک. ئێستا پارتی و یەکێتی هیچ کاتێک لەوە ناپرسن:
1- ئایا ڕێژەی ئەندامان و لایەنگرانیان کەمی کردووە؟
2- ئایا حیزب پێویستی بە ئایدۆلۆژیایە، تا ئەندامان و لایەنگرانیان قسەی لەسەر بکەن و گەشەی حیزبەکەیان پێ بپارێزن.
3- ئایا حیزب کە سەرچاوەی بنیادی دەوڵەتە، توانیویانە، لەناو حیزبدا دەوڵەتێکی سێبەری ئامادەو هەمیشە پەروەردەیان هەبێت.
4- ئایا حیزب پڕسیاریان لە هۆکاریی پاشەکشێی خۆیان کردووەو دانیان بەو خاڵانەدا ناوە، لە کویادا هۆکاریی پاشەکشێی حیزبەکەیانن.
5- ئایا پارتی و یەکێتی وەک دوو هێزی سەرەکی ئەم هەرێمە، لەوە گەیشتوون، خەڵک سەرچاوەی بەردەوامی ئەوانن و دەبێت ئەوان باوەڕیان پێ بکەن و دەنگیان پی بدەن، ئینجا ئەندامان و لایەنگرانیان. چوونکە بە بێ خەڵک دەبنە حیزبێکی شمولی و ترسناک، وەک ئێستا هەیە.
6- ئایا حیزب لەوە گەیشتووە، بژێوی کاتی بۆ خەڵک کە لە سامانە سروشتییەکاندا جێگیرە، دەبێتە دروستبوونی کەڵەکەبووی ناڕازییەکانی خەڵکە.
7- ئایا حیزب بەرنامەی هەیە بۆ گەشەی ئابووری و پەروەردەو کلتور و یاساو ڕێسای کۆمەڵگا، تا ببێتە هۆکاریی بنیادنانی کۆمەلگایەکی پیشەسازی و پارێزراو بە ئاشتی کۆمەلایەتی و هەموو لایەک ملکەچی دەستور بن.
گەر حیزب بە ئاراستەی جاكە بۆ کۆمەڵگا هەنگاو نەنێت، نابێتە بەشێک لەچارەسەر، بەڵکوو دەبێتە بەشێک لە کێشە، وەک ئێستا هەیە.

 

بۆ خوێندنەوەی بەشی یەکەم، کلیک بکەرە سەر/ بەشی یەکەم

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت