حەمەئازاد بەرزنجی: دەمارگرژیی وەرزشیی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

چالاکیە وەرزشیەکان هەروەک هەمو چالاکیەکانی کایەکانی دیکەی ژیان بەدەر نیە لە سنگ تەنگی و دەرنەبردن لەگەڵ ڕکابەر و لایەنی بەرامبەر. هەرچەندە, کایەی وەرزش دروشمێکیان هەیە کە دەڵێ: وەرزش سۆز و خۆشەویستی و گوێڕایەڵی و ڕێزگرتنە ). جا ئەم دەمارگیریەش یان وەزشەوانەکان خۆیان، یان ڕاهێنەرەکانیان، یان لایەنی بەرپرس، یان خودی وڵاتەکە خۆیەتی. وە زۆر جاریش لەلایەن لایەنگیرانیانەوە و کە ئەمەش وادەکات هەندێکجار ببێتە هۆی پێکهەڵپژان و بەکارهێنانی وشەو ڕستەی زبرو، قسەر ڕەق. چ لەکاتی سەیرکردنی یاریەکە، یان لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان.
ئەم دەمارگرژیانەش، یان بەهۆی جیاوازی و دەمارگیری نەتەوەییە، یەکێ کوردە، عەرەبە، تورکە، فارسە، ئینگلیزە، فەرەنسیە، یان یابانیە. یان بەهۆی کیشوەرەوە، یەکێ ئەوروپی، ئەمریکی، ئاسیایی یان ئەفریقی. یان بەهۆی ئایینی یەکێ موسڵمان، مەسیحی، جو، یان سونە، شیعە یان کاسۆلیک، پرۆستانت. یان بەهۆی بنەما سیاسیەکان یەکێ چەپ و یەکێ سەرمایەداری، یان بەهۆی دکتاتۆری حزبی و دەسەڵات لە وڵاتەکەیدا، حەزدەکات وڵاتەکەی بدۆڕێ وەک لە ئێراق و ئێران و تورکیا. چۆن، کۆن ئێمە حەزمان دەکرد عێراق بدۆڕێ و ئێستا کە ئێران دۆڕا لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بو بە هەڵپەڕکی. یان هەیە خۆشەویستی و سۆزدەربڕینی بێ سنوری هەیە بۆ یەکێ لە یاریزانەکان حەز دەکات ئەو یاریزانە لەهەر کوێیەک بێ ئەو لایەن و یانە و وڵاتە بیباتەوە. یان بوە بە قوماری گەورەو و گرەو لەسەر کردن.
هەر زۆر دور نەڕۆین یەکێ لە سەرۆکی حزبەکانی کوردستان دەڵێ دەبێ ئێمە کوێرانە لایەنگیری نەکەین، دەبێ بزانین هاندەری کێین و بۆ؟ دەبێ بزانین چۆن لایەنگیری دەکەین. من چی لە بەڕازیل و نەمسا بکەم! ئێمەکاتی پێشمەرگایەتی نەمان دەتوانی سەربەرزبکەینەوە بە دەبابە وتۆپی قورسی ئەم دوو وڵاتە کە دابویان بە ڕژێمی سەدام هەرچی سەنگەرە ڕوخاندی بە سەرمانا و هەمو گوندەکانی کوردستانی پێ کاول کرد. بۆ لایەنگیری سوید و فەرەنسا نەکەین کە زۆرجار لەگەڵ دۆزی کوردان. یان هەیە بەهۆی ئەمازیغیەکانەوە کە هاوسۆزن لەگەڵ کوردا حەزدەکات مۆراکۆ بیباتەوە لەبەر ئەوەی هەندێ لەیایزانەکانی ئەمازیغین یان یەکی لە ژنە چالاکوانە ئەمازیغیەکان دەڵێ گەر بردمانەوە ئەوا بردنەوەکەمان دەیکەین بە دیاری بۆ کوردەکان و ئاڵایەکی کوردستانی هەڵکردوە.
یان سەرۆکی ئۆکرانیا ویستی ئەم میهرەجانە وەرزشیە جیهانیە بقۆزێتەوە بۆ سودی دۆزی وڵاتەکەی و سۆزی وڵاتان زیاتر بەلای خۆیدا ڕاکێشێ لە جەنگەکەیدا دژی داگیرکاریەکانی ڕوسیا. داوای کرد لە کۆتا ڕۆژی پاڵەوانیەتیەکە ڕێگەی پێبدەن تەنها دە خولەک وتارێ پێشکەش بکات، بەڵام یەکێتی تۆپی پێی جیهانی فیفا ڕەتی کردەوەو ڕێگەی پێنەدا.
هەر چۆنێک بێت و بەهەر هۆیەک بێت حەز دەکەی کێ بیباتەوە ئەوە حەز و ڕای ئەو تاکە خۆیەتی، بەڵام دەربڕینەکان لە کاتی خۆشی و ناخۆشی نابێ کاربکاتە سەر لایەنی بەرامبەر و نابێ بوار بدرێ توندتیژی و گێرەشێوێنی لێبکەوێتەوە. گرنگ ئەوەیە چێژ لە یاری جوان و تەکنیک و هونەری جوانی یاریزانەکان وەربگیرێ. هەرچەندە زۆر جار لایەنگیران بەتایبەتی لەکاتی گۆڵکردنەکەدا توشی تای وەرزشی دەبن، تا نزیکبونەوە لە هستریاو فشاری دەرونی و هەڵچونی نائاسایی لەوانەیە توشی نۆبەی دڵ بن و زیان بە تەندروستی خۆیان بگەیەنن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت