عەبدولکەریم شێخانی: خرتکە و پرتکە/ بەشی سیی و چوار.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دزينی پرسيارەكانی بەکالۆری
دزی خۆی کارێکی زۆر ناشیرینە هەرچەندە هەندێک کەس بە ئازایەتیی دەزانن و زۆرجار لەگەڵ حیز پێکەوە بەکار دێن و دەڵێن دز و حیز و دزەکە لە حیزەکە خراپترە. دزین و دەست بردن بۆ ماڵی خەڵک دەستدرێژی و ناڕەوایی و ناهەقییەکی گەورەیە. يەکێک ئەگەر نەبوونی و هەژاری ناچاری بکەن دزی بکات زۆر جیاوازە لەگەڵ کەسێک کە لەسەر تێری و هەبوونەوە دزی دەکات و دەست بۆ سامانی میللەت موڵک ماڵی خەڵکی دەبات و هەر تێربش ناخوات. نموونە بۆ ئەوە زۆرەو هەموو کەسێک دەزانێ و دزەکانیش دەناسێ و ڕۆژانە لەسەر فێسبووک و هۆیەکانی دیکەی ڕاگەیاندن باس دەکرێت، بەڵام دزەکان شەرم نایانگرێت و بەسەر خۆیان ناهێنن.
هەموو جۆرە دزییەک قێزەونە, بەڵام دزینی پرسیاری تاقیکردنەوە کارێکی بێ ڕەوشتانەیە و لە هەموو دزییەکی دیکە ناشیرینترە. من ئەوەی بیرم بێ نەمبیستووە لە سەردەمی حوکمى مەلەکی پرسیاری بەکالوری ( شەشی سەرەتایی و سێی ماوەندی و پێنجی دواناوەندی ) دزرابن. هیچ دەسەڵاتدارێکی حکومەت زاتی ئەوەی نەکردووە هەوڵ بدات پرسیارەکان بۆ منداڵی خۆی وەدەىست بێنێ. وەکو بیستوومە لە سعودیە بۆ ڕێ گرتن لەدزە کردنی پرسیاری بەکالۆری ئەو مامۆستایانەی پرسیاریان دادەنا دەیانبردن بۆ شوێنێکی دوورى بێ تەلەفۆن و هەموو هۆکارێکی حەسانەوەیان بۆ دابین دەکردن, بەڵام هیچ پەیوەندییەکیان بەدەرەوەی شوێنەکەی خۆیانەوە نەدەبوو, دوای ئەوەی پرسیارەکان دەخرانە زەرفەوەو لۆک دەکران, دەنێردران بۆ وەزارەتی پەروەردە و ئەو مامۆستایانە دەمانەوە هەتا تاقی کردنەوە تەواو دەبوو, ئینجا بە ماڵ و مندالی خۆیانیان شاد دەکردنەوە. لەپۆلی پێنجی دواناوەندی بووم لە هەولێر لەگەڵ فاضی سعیداغا خوارزای دڵدار لەماڵی خۆیان پێکەوە سەعیمان دەکرد، ڕۆژی یەکەم تاقی کردنەوەی عەڕەبی بوو. بۆ ڕۆژی دووەم کەچووین بۆ هۆڵی تاقى کردنەوە قسەی سەیرمان بیست و ئێمە ئاگادار نەبووین. گوتیان ڕۆژی یەکەم خانمى بەڕێوەبەری تاقی کرنەوەی کچان لە پەروەردە کەرکوک ئەو زەرفەی وەریگرتووە هی ئینگلیزی بووەو ئەو کە ( اللغة) کەی دیوە وایزانیوە عەڕەبییەو کە زەرفەکەی هەڵپچڕیوە سەیری کردووە ئینگلیزییەو واقی وڕماوە. ئیدى بەو شێوەیە پرسیسارەکانی ئینگلیزی ئاشکرابوون و دوایان خست بۆ پاش دوایین وانەکانی تاقی کردنەوە.
یەکەم دزیی پرسیارەکانی بەکالۆریی دواناوەندی لە ساڵی 1963 دوای کۆدەتاکەی 8ى شوبات ڕووى دا. لاى خۆشمان دوای پێکهاتنی حکوومەتی هەرێم پرسیارەکانی پۆلی شەش دزران بۆ منداڵی هەندێک بەرپرس و ئاشکرابوو و کوڕێکی قوڕبەسەری هاوڕێی من بوو بە قوربانی و حوکم درا لە کاتێکدا ناچار کرابوو کە ئەو کارە بکا. لەو ساڵانەی دواییش زۆرجار دەنگۆى ئەوە بڵاو دەبێتەوە کە پرسیارەکان فرۆشراون و کوڕە دەوڵەمەند و دەسەڵاتدارەکان دەستیان کەوتووەو بێ ماندووبوون نمرەى باشیان هێناوە. ئەمساڵیش لە بەغدا پرسیارەکانی بیرکاریی پۆلی سێی ناوەندی ئاشکرابوون و ئۆباڵەکەیان خستە ئەستۆی کارگوزارێک. بەهەر حال دزى بۆتە شتیکی باو وا دیارە ئەوەی دز نەبێ بە پیاو دانانرێ و لەخوا بەزیاد بێ خەڵکە پاکەکە هەموویان ناپیاون و دزەکان پیاون و شتەکە لینگەو قووچ بۆتەوە.
ئینجا ئێستا با وەکو جاران ئاوڕێکی دیکە لە زمانی کوردی بدەینەوە. هەندێک کەس دەسکاری وشە بێگانەکان دەکەن و بەلای زمانی کوردیدا دایدەشکێنن وەکو ئەو برادەرە. دەڵێ وشەی ( بێ مزەڕەت) بی لە وشەی ( بێ مضەرەت بی) عەڕەبی وەرنەگیراوە. لە بنەڕەتدا لە (مز, مزە) ی کوردی وەرگیراوە. (جاران ئاشی ئاو هەبوو, ئەوەی باراشی دەبرد بۆ ئاش هەقی هاڕینیان لێ دەستاند بۆ هەر تەنەکەیەک جامێکی تایبەت هەبوو, هەر تەنەکەو جامێک. ئەو مزە کە بە مانای کرێ یان نرخ دێت لە کابرای باراشهێڕ وەردەگیرا، ئینجا باراشەکە گەنم بوایە یان جۆ. هەندێکجار گەنم و جۆکەیان تێکەڵ دەکرد کە بۆ کرێی هاڕینەکە وەرگیرابوو و پێیان دەگوت مزەئاش و سووک دەکرا دەبوو بە مزاش .. شێخانی). ئەو برادەرە دەڵێ ( بێ مزەڕەت بى ) گوایە کابرای خاوەن باراش مزی نەداوەو بێ مزە ڕەت بووە و تێپەڕیوە. ئەو لێکدانەوە سەقەتەم بەدڵ نییە، چونکە لە ڕاستیەوە دوورە و وشەکە عەڕەبییە ( المضرة) و ( بێ مزەڕەت بێ ) واتە بێ زەرەر و زیان بی. ئەو قسەیە لێک دانەوەیەکی عەڕەبانی بیرهێنامەوە کە دەڵێن ( شکسپیر) لە بنەڕەتدا عەڕەبە و ناوى ( شیخ زبیر )ەو ئینگلیز وەریان گرتووە و لەبەر ئەوەی پیتی (خ) یان نییە گۆڕیویانەو کردوویانە بە شکسپیر. برا هەموومان زمانی کوردیمان خۆش دەوێ, بەڵام با بەو جۆرە لێکدانەوە نابەجێیانە ناشیرینى نەکەین.
بەشی زۆری نووسەران وشەی ( فشار بۆ مانای ضغط) ی عەرەبی بەکار دێنن. وشەی فشار فارسییە و کوردییەکەی گوشارە. چەند جارێک باسم کردووە. ( فشردن) ی فارسی واتە ( گوشین) ی کوردی, هەردووکیان بۆ تەماتەو ترێ و شتی دیکە بەکار دێن کە دەگوشرێن. هەروەها ( گۆڕەوشار) بەکاردێت. دەڵێن ئەو کەسەی گوناحکار بێ گۆڕ دەیگوشێ. وشەکە لە بنەڕەتدا (گۆڕەگوشار)ە و سووک کراوە و بووە بە گۆڕەوشار. بۆیە بەکارهینانی گوشار لە فشار ڕاستترە. بەڵام هەندێک برادەر نایانەوێ تێ بگەن و لەسەر هەڵەکەی خۆیان دەڕۆن هەر وەک ئەو بەڕێوەبەری پۆلیسە تورکمانەی کەرکوک کە خوا لی خۆشبوو کاک مسعود محەمەد باسی دەکات و کاک فەرهاد عەونیش ئاماژەی پێ کردووەو دەڵێ:
کابرایەکی تورکمان بەڕێوەبەری پۆلیسی کەرکوک دەبێ و ئەفسەرێکی کورد کە ناوی قاسمە لەو بەڕێوەبەرایەتییە دەبێ و بەڕێوەبەر هەر بە ( عبدالقادر ) بانگی دەکات. هەموو جارێک پێی دەڵێ گەورەم ناوم عبدالقادر نییە و ناوم قاسمە کەچی بەڕێوەبەر هەر دەڵێ ( ئەڤێت عبدالقادر ). ڕۆژێک قاسم خۆی پاک و پوخت دەشواو جلی توتوو کراوی سەربازی لەبەردەکات و پێڵاوەکانی جوان بۆیاخ دەکات و دەچێت بۆ لای جەنابی بەڕێوەبەرو تەق سەلامێکی سەربازی دەکات و دەڵێ گەورەم: باوکم کوڕی نەدەبوو. ڕۆژێک دەچێتە سەر گۆڕی ( إمام قاسم ) دەپاڕێتەوە دەڵێ خوایە ئەگەر کوڕێکم پێ ببەخشی مەرج بێ ناوی لی بنێم (قاسم ) و هەموو ساڵێکیش حەیوانێک ( واتە مەڕێک) بۆ ئەو ئیمام قاسمە بکەمە خێر. خواى گەورە دوعاکەی گیرا کردو من لەدایک بووم. ئیدى باوکم هەتا لە ژیاندا بوو هەموو ساڵێک مەڕێک یان بەرانێکی دەکردە خێر و دوای کۆچی دوایی کردنی من هەموو ساڵێک ئەو خێرە دەکەم, بۆیە عەرزی جەنابت دەکەم و دەڵێم من ناوم قاسمە و عبدالقادر نێم. جەنابی بەڕێوەبەر تەماشایەکی دەکات ودیسان دەڵێ ( ئەڤێت ئەڤێت عبدالقادر ).
وا تی بگەم جارێ بۆ ئەم بەشە ئەوەندە بەسە و خوا یاربێ ئەوانی دى بۆ خرتکە و پرتکەیەکی دیکە. ئیدى خواتان لەگەڵ و بەخێر دانیشن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت