بەهرۆز جەعفەر: لە “بەغدا” ش زستان دەستی پێکرد.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە واشنگتۆنپۆست ڕاپۆرتێک (21 دیسەمبەری 2022) لەسەر سەرۆکوەزیرانی پێشوتر ” مستەفا کازمی” بڵاوبۆتەوە. بەسەدان ئاژانس و ناوەندی دیکە ئەم ڕاپۆرتە ترسناکەیان بڵاوکردۆتەوە. وەک دیارە میدیاو ناوەندی کوردیی ئاگایەکی لێ-نییە. ڕاپۆرتەکە جوان ڕوونی ئەکاتەوە کە هاوپەیمانەکانی ئەمریکاو ئەوانەی ئەمریکایان بەناوی بڵاوەپێکردنی دیموکراسی و دژایەتی گەندەڵی و هەڵگری نازناوی “لیبڕاڵ” هەڵخەڵەتاندووە، چ فەزیحەیەکی مرۆیی و ئەشکەنجەدان و تاوانی گەورە- گەورەیان ئەنجامداوە. بۆ بێ ناوبانگکردنی بەرانبەرەکانیان پەنایان بۆ هەموو ڕێگەیەک بردووە.
ئەوەی بۆ کورد جێی پرسیار بوو، ئێستاش وەڵامەکەی هەر دیار نییە؛ بۆچی عەبادی کە ناحەزی کورد بووەو، تانک و تۆپی دژی کوردستان بەکارهێناوە (400) ملیار دیناری مانگانە ئەناردە هەرێم. لەسەردەمی عادل عەبدولمەهدی دا، کە نەوت تا ئاستی سفر نرخەکەی دابەزی، بەغدا 377 ملیار دیناری مانگانەی ئەنارد. بەڵام کازمی یان هەر هیچی نەنارد، یاخود دوای دەیان سەردانی شاندی کوردی تەنها چەند مانگێک 200 ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان نارد؟! لێرەدا بانگەشەیەک بۆ ئەوە نییە کە سەرۆکوەزیرانی نوێ لە هەموو ئەوانەی پێشووتر گونجاوترە، بەڵکو ئاسۆیەک هەیە پێمان ئەڵێت: دۆخی عێراق بەرەو ئەوە ئەچێت نەک کێشەکان چارەسەر بکات، بە پێچەوانەوە ژمارەی کێشەکان زیاتر ئەبن!
ئەگەر (ئەگەر) ئەو دۆخە بخەینە چوارچێوەی تۆڵەکردنەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی لە مستەفا کازمی و ڕائید جوعی و هاودیدەکانیان. بەتایبەت دوای ئەوەی دەنگۆی ئەوە بڵاوبۆیەوە کە دەیان کامێرای چاودێریی بە ڕەنگ و دەنگەوە لە ژوور و دیوانەکەی سەرۆکوەزیرانی نوێ ” محەمەد شەیاع سودانی” دا دۆزراونەتەوە. ئەمە بیانوو ئەداتە دەست عێراق و حەشدییەکان و کابینەی نوێ کە ڕێککەوتننامەی هەرێمیی نێوان عێراق، ئوردون و میسر هەڵبوەشێننەوەو، لە جیاتی ئەوە ڕوو بکەنە “چین”و پرۆژەی چین لە ناوچەکەدا. هەر هیچ نەبێت ئەم ڕاپۆرتە (واشنتۆن پۆست ئەڵێت، نۆ مانگ لێکۆڵینەوەی تیاکردووە) بە ئەگەرێکی زۆرەوە کۆتایی بە قسەکردنی کازمی و کازمییەکان لەگەڵ ئەمریکا هێناوە.
ئەو تیمەی پێشوو حوکمڕانی عێراقیان ئەکرد، وا تێگەیشتبوون کە قوفڵی تەئریخیان داوەو، دیوارەکەیان بەرزەو، ئەزموونەکەیان فراوانەو، کەسی تر لە دەرەوەی ئەوان ئەو شتانە نازانێت و ناتوانێت کە ئەوان ئەیزانن و ئەیتوانن، ئاستی دەستڕاگەیشتنیان درێژە. بەڵام هەر زوو دەرکەوت کە وانییە..

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت