زانا عوسمان: چاکە و خراپەکاریی، لەنێوان نمایش و فاکتدا.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەپەراوێزی داخستنی بەشێک لەیانە شەوانەکانی سلێمانی وەک نمونە.
خۆیان (حیزب و دەسەڵاتدارانی کورد) هەرچی هەبوو ناشیرینیان کرد، کاول و تێکیانداو تێکیدەدەن، دەستی بەسەردادەگرن و کاسابەتی پێوەدەکەن، بەم ژیانەوە، بەژیان و کەرامەت و دین و کلتوری هەمووان، بۆ چەند ملیۆن و ملیارێکی زیاتر. تانەفەسێکی زیاتر بدەن بە خۆشی و خەون و ژیان و ڕابواردنەکانی خۆیان لەسەر حیسابی هەمووان، میللەت و نیشتیمانەکەی.
دواتر هەر لەپێناو بەرژەوەندی خۆیان و حیزب و بنەماڵەو کورسیەکانیان، بۆ مانەوەی زیاتریان، دێن کەمۆکەیەک لەو ناشیرین و پۆخەڵەوات و سوکایەتیە دینی و کۆمەڵایەتی و کلتوریانە لەنمایشێکی خۆ بەفریادرەس و پاکیەتی لادەبەن و بەمن و تۆو ئەوانی تری دەفرۆشنەوە.
مرۆڤی ئاقڵ و بە شکۆ و ئەدەب و دینی و نیشتیمانی ئەوانەن، کەبەو نمایش و نواندنانە، ناکەوێتە وەسفی ئەندازیارانی تێکدانی هەموو شتێکی جوانی گەلێک و وێرانکاری و فرۆشتنی و ڕەش و سپی لێک جیادەکاتەوە، هۆکاری دەستپێک و کۆتایی کارو کارەسات و خزمەت و وێرانکاریەکان لێکدەداتەوە.
خۆیان هەموو جوانیەکیان تێکداو هەموو ناشیرینیەکیان هێنایە جێ، هەموو جەورو ستەمێکیان کردو هەموو باشەیەکیان کوشت، هەموو دڵڕەقی و ڕقلێبوونەوەیەکیان هێناو هەموو میهرەبانیەکیان کوشت. هەموو پابەندبوونێکیان بەستەمکاری کردە کلتورو یاسا، تەواوی یاساو کلتوری گەلێکیان خستە ژێر پێ.
ئێستا کە هاتوون و جاروبار کەمۆکەیەکت پێ دەفرۆشنەوە لەنمایشدا، گەورەتریان مەکەن، مەزنتر تێکتان دەشکێنن. وەکو چۆن؛ وڵات و کلتورو تەواوی داب و نەریتەکانیان تێکشکاند. لەتەک تاک بەتاکی مرۆڤەکانی نیشتیمانێکی دەوڵەمەندی هەژارکەوتووی ئێستا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت