عوسمان عومەر: گەورەیی موسا عەنتەر.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

موسا عەنتەر لە سەردەمانێک ژیاوە کە نکۆڵی لەبونى کورد و زمانەکەشى کراوەو تا ئێستاش دەکرێ.
موسا عەنتەر کتێبى بیرەوەریەکانى تەژییە لەبەسەرهات و نەهامەتى بارودۆخى کوردانى باکور بەدەست ڕژێم و حوکمدارە چ سەربازى چ سیاسى تورکیا دەناڵێنى تا ئەمڕۆش. هەندێ لەو بەسەرهاتانە، مرۆ دەخاتە پێکەنین و هەندێکیان دەتخاتە تاسەر بیرکردنەوە کە بۆچى حوکمڕانى ئەو ڕژێمانەى کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە هێندە لەکوردو هەندێ کەسایەتى بترسن؟ زۆرجار بەدرندەى کێوى ناوى ببەن, یا بە لەیاسا دەرچوو, یا لەم سەردەمە بەتیرۆریست ناوى ببەن، مافەکانى پێشێل و زەوت بکەن. ئەوەى جێگەى داخیشە کە لە پارچەیەک دەسەلاتى خۆماڵى هەیە, ئەویش ناحەقى بەرامبەر ڕۆڵەکانى گەلەکەى دەکات و لەزۆر شت بێبەشیان دەکات و سزاشیان دەدات لەسەر دەربڕینى ڕایەک یا بۆچونێک بە زیندانى کردن وەک ڕژێمە رەگەز پەرستەکان. لێرەدا پرسیارێک بەبیرو هزرمدا دێت ئایا کورد لە ئەزەلەوە بۆى نوسراوە کە ئازاد نەبێ؟ ئایا کورد لە ئەزەلەوە بۆى نوسراوە هەر سزا بدرێ؟ ئایا لە ئەزەلەوە بۆى دیارىکراوە هیچ مافێکى نەدرێتێ و هەر بەزەلیلى ژیان بەسەرببات خاوەن دەولەت نەبێ؟
موسا عەنتەر یەکێکە لەو تێکۆشەرانەى تا ئەو رۆژەى خرایە ناوگۆڕ هەربەشى ئەشکەنجەو ئازاردان و بەندیخانە بووە، بۆیە پێویستە لاى هەمو دلسۆزێک بەقەد بەرزى نێوان ئەرز و ئاسمان لامان گەورە بێت.

دوو ووشە بەهەلە تێگەیشتن
موسا عەنتەر لە کتێبى بیرەوەریەکانمدا دەگێرێتەوە, بەپێى خویندنەوەم ئەو کات تەمەنى نزیکەى 75 ساڵ بووە. کاتێ لە مێردین دەستگیردەکرێ, لەسەر ئەوەى جەمیل ماهوێ لە بەیروتەوە هاتۆتە نوسەیبین و لەوێشەوە سەردانى موسا عەنتەرى کردووەو چایەکیان پێکەوە خواردۆتەوەو کابرا چۆتەوە گوندەکەى خۆى پاش 5 کاتژمێر دەستگیرکراوە، لە گرتوخانەکە ئەفسەرێک ڕوو دەکاتە گیراوەکان و پێیان دەلێت: هەرکاتێک ویستتان ناتوانن بچنە توالێت, بەڵکو تەنیا ڕۆژانە 3 جار ئەویش بەیانیان, نیوەڕۆیان و ئێواران, لێرەدا موسا عەنتەر بە ئەفسەرەکە دەڵێت من (پڕۆستاتم) هەیە و پارەتان دەدەمێ مەسینەیەکم لەدەرەوە بۆبکڕن, دواى چەند رۆژێک دەگوازرێنەوە, مەسینەکە لەگەڵ خۆى دەبات. ئەفسەرى شوێنە نوێیەکە دەپرسێ ئەو مەسینەیە چییە؟ بۆى باس دەکات کە پرۆستاتیەتى نیوسەعات چارێک پێویستى بەتوالێت هەیە, ئیوەش دەلێن ڕۆژى 3 جار تەوالیتان بۆ هەیە. لەم گفتوگۆیەى نێوان موسا عەنتەرو ئەفسەردا، عەریفێک گوێى لەقسەکانیان بووە (پڕۆستات بە پڕۆتستانت) تێگەیشتوە، موسا عەنتەر دەلێت: تا ئەو هەلەیەم ڕاست کردەوە، سەرجەم سەربازو کاربەدەستانى بەندیخانەکە وەک گاورێک لە منێان دەڕوانى.
لە بەسەرهاتێکى تردا ئەوە دەگێڕێتەوە دەلێت: سالى 1984 ژن و مێردێکى سویدى وەکو دوو (تۆریست –گەشتیار) مندالەکانى پێش ئەوەى بێن ڕایان دەسپێرن کە هەوڵبدەن باوکیان ببینن، کاتێک ئەو گەشتیارە دێن بۆ دیتنى فەرماندەى قەرەقۆلى ناوچەکە لەگەڵیان دەبێت، دواى نان خواردن و گەڕان، ووشەى تۆریست بەهەڵە گەیشتبوە دەزگا ئەمنیەکان و ببوە( تیرۆریست), دواى دوو ڕۆژ فەرماندەى لیوا سەربازیەکە بەسەر ماڵەکەىدا دەدەن و خۆى و نەوەکەى بەچاو بەستراوى دەبرێنە فەرماندەیی ژەندرمەى مێردین، 13 رۆژ لە بەندیخانەى تاکە کەسى توند دەکرێن، بەلام موسا عەنتەر لەوێ مان لەنانخواردن دەگرێت و دەلێت: ئەوەش لەبەد بەختى من بوو کە ووشەى (تۆریست بە تیرۆریست )تێگەیشتبون.
کاتى لێکۆڵینەوە فەرماندەکە دەلێت موسا عەنتەر بۆخاترى خوا شتکێت لێدەپرسم بەڕاستى وەڵامم بدەوە؟
بەڕیزم سوێندم مەدەن، چونکە لە ئوسوڵى یاساى سزاداندا تەکلیفى سوێند خواردن لە تۆمتەبار ناکرێت، چیتان هەیە بپرسن. گەر پرسیارەکە لەبەرژەوەندى من بێت، وەڵام دەدەمەوە، گەر دژى منیش بێت چەندى لەدەستم بیت لە وەڵامەکەدا لۆف و دەوەران لێ دەدەم. چەند بە جەرائەتەوە وەڵام دەداتەوە، سەرەڕاى ئەو تەمەنەى.
پرسیارەکەش ئەوەیە فەرماندەکە دەلێت: نا بەخوا دەمەوێ بپرسم وەک ئەوەى لە پەرتوکە پیرۆزەکان هاتووە ئایا مرؤڤ لە ئادەم و حەوا پەیدا بووە؟ یان وەک ئەو تیوریەى داروین دەلێت: مرۆڤ بنچەکەى لە ئاژالانەوە هاتووە. موسا عەنتەر دەلێت: لەبەر ئەوەى گەر مرۆڤ دروستکراوى دەستى خودا با، ئاوا ساختەچى و زاڵم و وەحشى دەرنەدەچوو. حاشا من خۆم بەدوور دەگرم لەوەى بڵێم مرۆڤ دروستکراوى دەستى خودایە، بەلام باوەڕم بەوە هەیە کە مرۆڤ لە ئاژەلەوە هاتبێ، چونکە دواى ملیونان ساڵ تێپەربوون تا ئیستا زۆر خوى ئەو ئاژەڵانەمان لەسەر ماوە. چەند بە جەرئەتەوە بە فەرماندەکە دەلێت:
کەر و ئێستر لوشکە دەهاوێن, ئێمەش بە هەمان شێوە لووشکە دەهاوێین. بۆیەش واى پێگوتوە، چونکە جارێک لەجارەکان کاتێ بردویانە بۆ ژوورى زیندان بەچاو بەستراوىی، سەربازێک لەقەیەک لەپشتى دەدات و دەکەوێت و سەرى دەشکێ. شێر بەچنگى دەست و نینوکەکانى پڕدەداتە نێچیرەکانى ئێمەش هەمان کار دەکەین. سەگ گاز دەگرێت ئێمەش دەیکەین، پشیلە بەسەر دارو دیوردا هەڵدەگەرى، ئێمەش هەمان کار دەکەین و هەموو ئاژەلێکى بەهێز زوڵم لە لاوازەکان دەکەن بەهێزەکانى ئێمەش زوڵم لە لاوازەکانمان دەکەین. ئامادەبوانى لێپێچینەوەکە پێدەکەنن فەرماندەکە ڕوویان تێدەکات و دەلێت: کەرینە ئەوە لەگەڵ ئێوەو منیەتى. فەرماندەکە دەلێت: وەڵا کاکە تۆ رێکخستنێکى مەترسىدارى، بەشەرەفم یەک مانگ لات بمێنمەوە هەم دەمکەیتە کورد پەروەر و هەمیش بێ دینم دەکەى، بۆیە فەرمان دەکات بەیانى بیبەنەوە ماڵەوە.
هەزاران سڵاو لە روح و گیانى پاکى موسا عەنتەر کە لەکاتى ناشتنىدا جگە لە دووکەس و مەلایەک ڕێگە نەدرا کەسى دیکە لە مەراسیمى ناشتنەکەى بەشدار بن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت