حەمەئازاد بەرزنجی: جەلال تەقی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

جەلال تەقی ئەو ئەندازیارە، ئەدیبە ڕوناکبیرەیە، کە کاتێکی زۆری لە تەمەنی خۆی بۆ خزمەتی وشەی کوردی بەکار هێنا. جەلال تەقی خۆش مەشرەف و قسە لەڕو قسەقوت بو. ئێمە وەک هاوڕێیانی گەر قبوڵمان بکات، گەر نا ئەو مامۆستامان بو، هەم بەتەمەنی هەم بە تاقیکردنەوەکانی هەم بە پڕی و بە ئەزمون و بە ڕۆشنبیریەکەی. یەکێ بوە لە ئەندازیارە چالاکەکانی ئەعماری شمالی کۆن لە سلێمانی و دوایی و تا دوا تەمەنی لە ئەشغالی سلێمانی کاری کردوە و کارمان بەیەکەوە کردوە. کاک جەلال لە خێزانێکی خۆرسکی ڕۆشنفکری ئەم شارە بوە. هەر لەم شارەدا لەدایکبوەو هەر لەم شارەدا خوێندویەتی لەم شارەشدا ژیانی بەسەربردوە تا دوا ساتەکانی ژیانی. لەبەر ئەوە مێژوی ژیانی واتە مێژوی تاکێکی ئەم شارە. بۆ پەرە پێدانی خوێندن چۆتە ڕوسیا لە یەکێتی سۆڤیەتی ئەوسا، هەر لەوێ خێزانی پێک هێناوەو کچێکی لە پاش بەجێماوە. بەداخەوە وەک زانیاریمان هەبێ ئەو کچەی کۆچی دوایی کردوە. پاش مردنی خێزانە ڕوسیەکەی خێزانی پێکهێناوەتەوەتەوە، بە تێکەڵاوبون لەگەڵ یەکێ لە خێزانە دێرین و کۆنەکانی گەڕەکی مەڵکەندی ئەم شارەداو خاوەنی کچێکەو، بە سلێمانیانە شکور خێزان و کچەکەی لەژیاندا ماون وە هەر لەسلێمانی دەژین.
کاک جەلال لەگەڵ ئەندازیارییەکەی و ئەدەیبییەکەی زۆر دەست رەنگینیش بو. دەست و پل تێکەڵاوکردنیشی لەگەڵ پەرچڤەو گۆڕینی بابەتەکان لەزمانی ڕوسیەوە بۆ کوردی و وشە ڕۆنان و هاوکاری و بەشداریکردنێکی بەرچاویشی لە دانانی قاموسی زمانی کوردی لەگەڵ کۆمەڵی کەلەپور بەتایبەتی زەبیحی مەزن هەبو. شارەزایەکی باشی فۆڵکلۆر و کەلتوری کوردەواریش بو. زۆر شارەزا بو لەمیوە هەڵگرتن، لە دروستکردنی خواردەمەنی لە میوە کان بەتایبەتی شەربەتی خواردنەوە و هەرامە شەراب.
چەند ڕوداوێکی سادەی ڕۆژانەی کاک جەلال، شایەتی شارەزایی ئەم بەڕێزە بون. جارێکیان زستان بەرەو تەواو بون ئەچو وەک ئێستا نەبو، زۆربەی میوەکان لەهەمو کەشێکدا هەبێ، بەهۆی ئەم خانوی پلاستیکی و شوشەیی بۆ پێگەیاندنی میوەکان. وتی: دەڵێن چی ئێستا هەنارو ترێی تازەتان بۆ بهێنم هەنارێکی هێنا کتو مت تام و شێوەی هەناری تازەی هەبو، ترێیەکی ڕەشی هێنا دەتوت هەر ئێستا لە مێوەکەت کردۆتەوە. شارەزاییەکی باشی لە میوە هەڵگرتندا هەبو. دەیوت ترێکە بەتەنافا لە ژورەوە هەڵمواسیوەو هەر هێشویەک بۆڵە ترێیەکم کردوە بەسەر قنچکی هێشوەکەدا. لە دروستکردنی ترشیات و شەراب و جن و ویسکی لە میوەکاندا بێ وێنە بو.
جارێکیان هەرامە شەرابێکی هێنا لە تو دروستی کردبو، بۆ زانیاری زیاتریش، ئامێرێکی بچوکی دڵۆپاندنی لە ماڵەوە دروستکردبو. وتی هەر بۆ تاقیکردنەوە یەکی قومێکی لێ بخۆن بەڵام با زۆر نەبێ، لەناو دائیرەداین، با سەرخۆشتان نەکات. برادەریکمان خوا عافوی بکات ( ئەندازیار کاک جەمال حەمەکەریم ) بو چوە ئەمریکاو هەر لەوێ کۆچی دوایی کردو نەگەڕایەوە. ( بۆیە بەناو باسی دەکەم شیوازی گێڕانەوەی قسەی کوردەواریانە تامەکەی لەوەدایە بەناوی کەسە ڕاستیەکان خۆیانەوە چیرۆکەکان بگێڕدرێتەوە. لە شێوازی گێڕانەوەی چیرۆکەکان و بەسەرهاتەکانی ناو ڕشتەی مرواری عەلامە عەلادین سەجادی ). ئەو برادەرەمان وتی من پەرداخێک دەخۆم و هیچم لێنایە. کۆتایی دەوام بو هەر لە دائیرەوە، (ئەشغالی سلێمانی ) نزیک بو لە ناوچەی پێسەسازی و پیشانگای ئۆتۆمۆبیلەکان، چوبو بۆ ئەوێ. خۆی بۆ ڕۆژی دوایی بۆی گێڕاینەوە وتی: کاکە کەوتمە معامەلەی سەیارە حەزم لە قەمەرەیەک دەکرد و دڵم پیا چوبو، ویستم بیکڕم بەڵام کابرای مەعرەز نرخێکی زۆر بەرزی پێوتم. خەڵکێکی زۆریش دانیشتبو، وتی: منیش لائیرادی دور لەڕوی جەنابتان بۆم دادڕی! تا توانیم جڕتێکی گەورەو دورودرێژم بۆ لێدا. وتی: لە شەقەی جڕتەکەی خۆم بە ئاگا هاتم و بەپەلە هاتمە دەرەوە و زۆر تەریق بومەوە. بەیانی هات یەخەی کاک جەلالی گرت وتی خەتای خواردنەوەکەی تۆ بو، بۆ نەتوت ئەوەندە کاریگەر و بەهێزە! کاک جەلال وتی: پێم وتی خۆت گوێت نەگرت.
کاک جەلال لەگەڵ کاک حەمەوشیاری ئەندازیاری هاوڕێی خوا عافویان بکا، جوتەیەکی پێکەوەیی بون، هەموکات بەیەکەوە بون لە یەک ژوریشدا بون بەڵام رکابەری یەکتری بون ڕکابەرێکی هاوڕێیانەی سلێمانیانە، قسەیان بەرامبەر بەیەک دەکردو بێ یەکیش هەڵیان نەدەکرد. کاک حەمە وشیار دەیوت ئەم نیوە زمانە دەرەقەتی هەمومان دێ. جا زمانی تەواو بوایە هەمومانی دەخوارد. کاک جەلال لە کاتی قسەکردندا تۆزێ زمانی دەیگرت. هەر بە هەڵسوکەوتی هاوڕێیانە کاک وشیار دەیوت بۆشی کاک جەلالم گرتووە و خاڵی لاوازیم دۆزیوەتەوە. گەر بویستایە کاک جەلال توڕە بکات وبێدەنگی بکات، لەکاتی قسەکردندا توند دەستی کاک جەلالی دەگرت و ئیتر کاک جەلال لە نوتق و قسەکردن دەکەوت و بە هەزار حاڵێ دەیوت: هەتتیو دە دە بەرممممە.
کاک جەلال نێوانیشی لەگەڵ خانماندا زۆر باش بو. قسەیەکی بەناوبانگی هەبو دەیوت: ژن ناشرینی نیە. لە ناو ژنان و کچاندا ناشرین وجودی نییە! هەیە زۆر جوانە هەیە کەمێک جوانتر. کاک جەلال کۆمەڵێ کتێبی ڕوسی لابو هەر بۆ خۆشی بەکاری دەهێنان و سکی پێدەگرتنەوە. تا بزانێ ئەو خانمانەی دەهاتنە لای کچیان دەبێ یان کوڕ. زۆریش لە بۆچونەکانی ڕاست دەردەچو، چواردەوریشی هەمو کات قەرەباڵغ بو جمەی دەهات. ئەوسا وەک ئێستا نەبو، ئەم جهازی سۆنەرە لە ئارادا نەبو و باویشی نەبو.
کاک جەلال وتی جارێ لیژنەی وەرگرتنی پڕۆژە بوین. ( ئەوسا کە پڕۆژەیەک تەواو دەبو لیژنەی وەرگرتنی کۆتایی بۆ پێکدەهێنرا. بێجگە لە دائیرەکەی خۆی، سەرۆکی لیژنە و چەند ئەندامێکی تر لە چەند بەڕێوەبەرایەتیەکی دیکەوە بەشدار دەبون ). وتی: لەگەڵ (کاک فەتاحی ئەندازیارا لە لیژنەیەکدا بوین. خوا عافوی کات ئەندازیارێکی زۆر قەڵە و بو زۆریشی دەخوارد ). ( هەر بەو بۆنەیەوە هەر چەندە لەشیشی سوک بو بۆ ئیشکردن دەیانوت ئەوەندە قەڵەو بو لەترسی پەیژە شکاندن لە ژێر پێیدا، نەک تەمەڵی، زۆر جار بۆی نەدەکرا بچێتە سەر سەقفەکە و چێکی شیشەکان و چونیەتی بەستنیان بکات، بۆ دڵنیا بون لە ڕێکی و پێکی کارەکە تەڵاقی بە مقاولەکە دەخوارد، یان قورعانی دەیا کە وەک نەخشەکە بەستویەتی یان نا. یان ئەندازیاری تری لەگەڵ خۆیدا دەبرد ). جا کاک جەلال وتی؛ لەگەڵیدا بە لیژنە چوین بۆ پێنجوێن. وتی: لە عەربەت بە سایەقەکەی وت لای ئەو میوە فرۆشە لابدە. یەک پوش، یەک چەپک و گورزەی گەورە مۆزی کڕی. ئەوسا مۆز بە هێشوە گەورەکەیەوە دەهات نزیکەی 25 بۆ 30 مۆزێکی پێوە بو، وتی: دەمزانی خزم و ناسیاوی لەوێ هەیەو بەدیاری بۆیان دەبات. وتی: دەستی کرد بە خواردنی، جار جارێک دانەیکیشی دەدا بەمن. وتی: من هەر چۆنێ بو دو دانەیکم پێخورا. وتم کاکە ئیتر پێم ناخورێ. پێم وت: بەس بخۆ، خۆ وا بکەیت تا دەگەینە پێنجوێن هەموی دەخۆیت و بەشی خزمەکانت ناهێڵیتەوە. وتی: پێی وتم: خزمی چی و ناسیاوی چی! من ئەمە وەک گوڵە بەڕۆژە بۆ ڕێگا هێناومە و تا دەگەمە ئەوێ هەموی ئەخۆم.

تێبینی
1- ئەم وتارەم لە شەونامەی چلە ، ژمارە ( 5 ) دا بڵاو کردۆتە کە کۆمەڵەی کەلەپور و فۆڵکلۆری کورد ساڵانە بڵاوی دەکاتەوە. ئەمساڵ( 2022 ) لە ژێر دروشمی چلە هەناسەی عەشقێکی پیرۆزە، ئەو شەوەیان پیرۆز کرد و ئاهەنگیان گێڕا. وەک ڕێز لێنانێکیش بۆ نوسەر و ئەندازیار خوالێخۆشبو جەلال تەقی، ئەندامی کارا و دێرینی کۆمەڵەکە ڕێزیان لە چل نوسەر وهونەرمەند و ئەندازیاروچەندان هاوڕێی و کەلەپور دۆست نا. وام بەباش زانی لە ( وتاری کوردیشدا) وتارەکە بڵاو بکەمەوە بۆ زیاتر ئاشنا بونی هەندێ لە هاوڕێیان و خوێنەرانی دیکە لە چمکی ژیانی کاک جەلال تەقی.
2- لە گێڕانەوەی ڕوداوەکاندا خۆم نە پاراستوە لە بەکارهێنانی هەندێ وشەو ناوهێنای هەندێ لە هاوڕێیانی خوالێخۆشبو. جونکە وام بەباش زانی کە ڕوداوەکان چۆنم بیستوە وەک خۆی بڵاوی بکەمەوە تا چێژی خۆی لە دەست نەداو لە سەر شێوازی ڕشتەی مرواری عەلامە عەلادین سەجادی. چونکە بەکارهێنانی هەندێ لە وشە زبرەکان گەربە مەبەست و بۆ تانە و تەشەر نەبێ کارێکی ئاسییە لە ئەدەبی کوردیدا. بەم دواییانەش نوسەری کورد محەمەد فەریق حەسەن وشەدانێکی ( فەرهەنگێکی ) بڵاو کردۆتەوە بەناوی فەرهەنگی وشە زبرەکان، بەمەش کەلێنێکی گەورەی پڕکردۆتەوە لە ئەدەبی کوردیداو، کارێکی ئەدەبی بەرزە و دیارە زۆریشی پێوە ماندو بوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت