دانا مەنمی: ختوکەی جەماوەرو ئاشتکردنەوەی شار!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سلێمانی لە کۆنەوە کراوەتە مەیدانی ململانێ و ژینگەو سروشتەکەی وێران دەکرێت، لەمێژە خاکەکەی لەت لەت دەکرێت و خەلکەکەی پەرتەوازەو لە زیندانەکاندا ئیرادەیان دەشکێندرێت! لەمێژە ئەو شارە بە ئاگری شەڕی بەعسیزم دواتریش بە ئاگری شەڕی بەناو کوردایەتی شاخ و ئیستاش بەئاگری شەڕی یەکێتی و پارتی دەسوتێت، لەمێژە وێرانکاری و دووبەرەكێ، کینە و دوژمانیەتی و ڕق لە شاخەوە بەرەو شار دەکشێن و وەک پەتا بە شەقام و گەڕەک و کۆڵاناندا بڵاو دەبنەوە! ئەوەی دەبینین ئەوەیە ئەم شارە ئێستا بێ خاوەن و بێ کەسە، خۆ ئەوانەیشی کە خۆیان پێ خاوەنی شارەکەیە، شەڕی داهات و کورسی و پاریزگاو گرد و مۆڵەکان دەکەن!
ئاخر ئێمە برینەکانی بەعس و سەدامیزمان لە بیر چوویەوە، بەڵام برینەکانی شەڕی ناوخۆ نا! چەندین ساڵە پۆستاڵی بەعس لەم شارە نەماوە، بەڵام پۆستاڵی کورد چی بە خەڵکی ئەم شارە ناکات! ئیستا نە خێزان و نە میللەت ناتوانن خۆیان بپاریزن و هەمووان تف لە تەمەنی خۆیان دەکەن. ئیستا ویژدانی هەمووان پڕ لە ئێش و ژانە، بۆ مەگەر رۆژنامەنوس لەو شارەدا خەڵتانی خوێن نەکراوە! فەرمانبەر لە سەرەی موچەدا گیانی نەکێشاوە! شەق لە شکۆی خۆپیشاندان نەدراوە! خویندکاری ئەم شارە نەرفێنراوە! بۆ مەگەر زۆر و زۆرتر و زیاتر نە کراوە!
ئەگەر ئەم شارە کانگای ئیلهام بووە بۆ یەکێتی ئەی بۆ مشورخۆری ئەو دانیشتوانەکەی نین و لە سەرماو گەرمایا پێداویستیەکانیان بۆ دابین ناکەن؟! ئاخر ئەمەی باڤڵ تاڵەبانی لەو شارەدا دەیکات حەزەو بە دوای ختوکەدانی جەماوەرەوەیە نەک هوشیاری و عەقڵ تییدا سەنتەر بیت، خۆ ئەگەر دەڵێن وانیە ئەوا با باڤڵ تاڵەبانی پێ بنێ بە حەزەکانی خۆیدا لە پێناو بەرژەوەندی و چاکەی گشتیدا هەموو موڵک و زەوییانە بگەرێننەوە بۆ خەلکی شار کە ئیدارەی گشتی دەستی بەسەرداگرتوون، ئەمە یاریکردنە بە دەماری خەڵک و یاریکردنە بە هەست و سۆزی مێگەل، لەسەر حسابی هۆشیاریی بە ناوی (ئایین و ئاکاروڕەوشتی بەرزی کۆمەڵایەتی ) مەسەلەن تۆ بۆ ئەوەی مەیلی خەڵک بەلای خۆتدا رابکێشیت و سلێمانی کۆنترۆڵ بکەیت ژینگەیەکی سایکۆلۆژی دەخوڵقێنیت، ژینگەیەک کە ئەوەندەی ئامانجی ختوکەدانی خەڵکە ئەوەندە ئامانجی خزمەتکردن و چاکەی گشتی و ئاشتکردنەوەی خەڵکی نییە لەگەڵ خۆیدا!
ئێوە ئەگەر ئەتانەوێ خەڵکی شار ئاشت بکەنەوە دەبێ گەورە بیر بکەنەوە و ڕووی ناشیرین و قیزەونی حیزبایەتی و سیاسەتکردن لە سلێمانی جوان کەنەوە کە بە بڕوای من تا ئەم ساتە کات درەنگ نەبووە دەبێ دانیشتوانەکەی شار لەگەڵ خۆتان ئاشت کەنەوە نەک شار! پێچەوانەی ئەم بانگەشەیەی ئیستا لەبری شار متمانەو خۆشەویستی کەنارێکی ئارام و خۆشگوزەران بۆ خەلک بونیاد بنێنەوە و کینەو دوبەرەکی شاخ تێکەڵاوی ژیانی خەڵک مەکەن، ئاخر جگە لە خۆتان کێ بەرپرسە لەم دۆخە؟! کێ بەرپرسە لە جموجۆڵی بازرگانی و لە پرۆژەی وەبەرهێنان و خزمەتگوزاری و هەلیکار؟! جگە لە خۆتان کێ بەرپرسە لە داهاتی خاڵی سنووری و لە باج و رسومات؟!کێ بەرپرسە لە بندیوارو سەردیوارتان کە ئەمە بۆ خۆی، گەندەڵی و کاولکردنی ئابوری ووڵاتە! سلێمانی دوای بانگەشەی“ ئاشتی ئارامی هەلیکار” ئەو تۆزە ئارامی و هەلیکارەشی کە هاوڵاتیان لە سایەیدا ژیانیان دەگوزەران لە دەستیاندا.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت