بەهرۆز جەعفەر: خۆ بەکەمزانینی ناوەند و تاکی کورد لە بەرانبەر ئەوانی تردا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بۆچی تاکی کوردیی ناوەندی کوردیی، زۆرێک لە کاراکتەرە کوردییەکان بە گشتی ئەوەندە خۆیان بە کەمتر ئەبینن لە چاو تاکی بیانی و ناوەندی بیانی دا؟! لە بۆنەیەکی گرنگدا، هەڵئەسێتە سەر پێ: ئێمە وەکو کورد واو..وامان بەسەر هات، پێویستە ئێوەی وا گەورەو باڵادەست لەناوچەکەو جیهاندا هاوکارمان و بە تەنگمانەوە بن؟ ئەم دەق و گوتارە بۆچی ناگۆڕیت بەوەی:
” ئێمەی کورد لە مێژوودا هەبوین، خاوەنی جوگرافیایەکی ڕاستەقینەین، توانایەکی مرۆیی بەهێزمان هەیەو بەشێکی گەورەین لە سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و، بە بێ ئێمە جەنگی دژە تیرۆر، کارکردن بۆ پێکەوە ژیان، پاراستنی ئاسایشی وزە و چەندین پرسی دیکەش لەناوچەکەدا زۆر بڕ ناکات. بۆیە پێویستە پێکەوە کاربکەین لە پێناو ئاشتی و ئاسایش دا”
ئەسیۆشید پرێس و ۆوڵ ستریت جۆرناڵ ئەمڕۆ باس لە سەرهەڵدانەوەی داعش ئەکەن، میدیای کوردی قسەکانی ئەوان وەرئەگێڕن کە وتویانە “کورد ئەکەونە باکوری عێراقەوەو، هەرێمێکیان هەیەو،، داعش هەڕەشە لە ناوچە دابڕاوەکان ئەکات و…تادوایی”. بەڵام ئەوە دوو ساڵە بە وردی زۆر بیرکەرەوەی کورد و (ئێـمەش) چەندین ڕاپۆرتمان لەسەر ئەم مەترسییە پەخش کردووە: جیاوازییەکە چی یە؟ تەنها ئەوەیە ئەو ئاژانسانە ساڵانە بە دەیان و سەدان ملیۆن دۆلار پاڵپشتییان هەیە!
لەو بەغدایە، دادگای فیدراڵی عێڕاق ئەوەندە بچووک بۆتەوە قسە لەسەر هەموو شتێک ئەکات، نەک پەرلەمانتار و بەڕێوەبەرە گشتییەکان، ڕۆژانە هاوڵاتی ئاسایی لەسەر شتێکی ئاسایی ئەچن لە دادگای فیدراڵی سکاڵایەک تۆمار ئەکەن. بەڵام تا ئێستا کورد زیاتر لە ( 300) پەرلەمانتاری لە بەغدا هەبوە کەسێک نەچووە سکاڵایەک بۆنموونە لەسەر جێبەجێ نە کردنی ماددەی 140 تۆمار بکات!
هەر بۆنمونە، لە ناو میللەتانی ناوچەکەدا کامیان خوێنەوار و بە ئاگایەکی وەک “عەبدوڵای حەسەن زادە” یان هەیە. بۆچی هادی عامری و فالح فەیاز باڵاتر بێت لە محەمەدی حاجی مەحمود و کەمال کەرکوکی و مام رۆستەم؟ سەدان پێشمەرگەی کورد هەبووە مێژووەکە بخوێنیتەوە هیچ “جیڤارا” یەک ئەوەی نەکردووە کە ئەوان کردوویانە. لەو زانکۆیانەی کوردستان کچ و کوڕی وەها زیرەک و بە توانا هەن هەر حەز ئەکەیت تۆ “خاوەنی کۆمپانیای مایکرۆسۆفت” بیت تەنها بۆ ئەوەی هاوکاری ئەوانە بکەیت… هەژار و هێـمن لەو شاخ و بنارە خاوەنی دوو کراسی ڕێک و پێک نەبوون گاڵتەیان بە “شا”ی ئێران هاتووە کە بنێرێت بە دوایاندا (بەڵام کورد خۆی بەشداربووە لە شکاندنیاندا). دیرۆکی هەموو مێژووی تورک کۆبکەیتەوە “ئەحمەد کایا” یەکی تیا دەرناچێت. لەناو عەرەبدا کێ بەقەت شێخ مەحمود و مەلا مستەفا خاوەن باوەڕی پۆڵایین بووە بە دۆزی گەلەکەی؟!
ئەمانەش بخەیتە لاوە: بۆچی هاونیشتیمانییەک هەنار و زەیتون و ساوەر و شیش و چیمەنتۆ و ترێ و ماست و سابوون و کاڵەگی کوردی بە کەم سەیر ئەکات و نایان کڕێت، بەڵام کڕیاری کاڵای تورکی و ئێرانی و چینی و سوری و ئیسپانییە؟! ئاخەر! کێ لە مەلاعەبدولکەریمی مودەڕیس و شێخ حەسەنی قەرەچێوار لە خواترس بووە تا هۆگری شێخی ئەلبانیاو وەهابیزم و…تادوایی بن!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت