عیماد عەلی: مەهێڵن مۆرکی تایبەتیی خەڵکی خانەقی بشێوێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کە تۆقەیەکم لەگەڵدا کرد و لە تەنیشتیەوە دانیشتم، یەکسەر زانی من کورٍی ئەو پیاوە حەماڵەم لە پێش تەرحیل کردنی بۆ باشووری عیراق، عەرەبانەکەی لە نزیک دوکانەکەی ئەودا رادەگرت و حەماڵیی پێدەکرد. کەوتە قسە و باسی ئەوسا و کورتی کردەوە بۆ ئەوەی تەنها تایبەت بێت بە شارەکە و مۆرکی خۆی پێ ببەخشیبێت و ئنجا باسی لە شوێنەوار و مەزارگە و یادە تایبەتەکان بەم شارە و جێگە دێرینەکانی کرد، پاش پشودانێکی کورت و هەناسەهەڵکێشانێکی قووڵ و ئاخێک کەوتە باسی مۆرکی تایبەتی خەڵکی شارەکەی خانەقین و ئەو بەرەنگاریەی ئەم شارە دژ بە بەعس کردی و دواتر ئەو گۆرٍانکاریەی لە قۆناغی ئازادیدا و تا ئێستا بەسەردا هاتووە و ئێستاش کەس فریای ناکەوێت بۆ رزگاربوون لە ناوچوون.
بەڵێ ئەم پیاوەی کە مۆرکی هەموو تایبەتمەندیەکانی ئەم شارەی تێدایە( ئەحمەدە خەجەیە)، کۆنترین کەبابچیە لە شارەکە و بە خۆرٍسک هەژار دۆست و ئاژەڵ دۆستی شارەکەیە، واتە چەپێکی خۆرٍسکی واقیعی. یەکەم قسەی ئەوەبوو کە دەیوت؛ ئێستاش لە هەموو کەس هەرزانترین کەبابم هەیە لە خانەقی و شیشێک کەباب بە هەزار دینار زیاتر نافرۆشم و تەنانەت ئەوەی بزانم نەدارە و پارەی پێ نیە چاوپۆشی لە وەرگرتنی ئەو هەزار دینارەش دەکەم، لە لایەکی ترەوە زۆر ئاسودەم کە هەموو ساڵێک سەدان کیلۆ گەنم لەو سەربان و دەشتە رۆ دەکەم بۆ مەل و باڵندە و کۆتر و چۆلەکە بۆ ئەوەی لەناونەچن و تایبەتمەندی شارەکەم نەشێوێت و وەکو خۆمان بمێنینەوە. دواتر کە گوێم لە دەنگێک بوو، وتم ئەوە چیە؟ وتی کورٍم ئەوسا ساڵێک یەکجار یادێکی پیرۆزمان هەبوو کە هەموو نەتەوە و ئایین و مەزهەبەکان بەشداربوون لە یادکردنەوەکەدا، بەلام ئێستا هەر رۆژێک شتێک و یادێکی لەدایکبوون و مردنێکی نازانم کێ دەدۆزنەوە بۆ زەقکردنەوەی مەزهەبگەرایی لە شارەکە.
کە کەوتمە رێ چاوم کەوتە سەر پیاوێکی ئەو نەتەوەی تر و تەماشای شێوەو رەفتار و چۆنێتی قسەکردن و پەیوەندیی بە خەڵکە رەسەنەکەی خانەقینەوە کرد، زانیم ئەو کەسە چەند نامۆیە بەو شارەو تایبەتمەندیەکانی و هیچ شتێکی بەوخاکە نایبەستێتەوە جگە لە بەرژەوەندی کەسی و خێزانی و ژیان گوزەراندن و مافخواردنی ئەویتر لەم شارە و خۆشگوزەرانی خۆی لەسەر حیسابی خەڵکەکەی. هەر لەنزیک ئەوەوە کە کرێکارێکی کوردی رەسەنی ئەو شارەم بینی، وەکو خۆی لە پێش چل و دو ساڵ لەوێدا بینیومە، گۆرٍانێی گەورە لە سەرو سیمایەوە روویدابوو، کە گوێبیستی قسە رەسەنە پر لە چەمک و زاراوە تایبەتیە خانەقینیەکەی بووم زانیم کە چەند بەو لەشولارە هیلاک و شەکەتیەوە لەم ماوەیەدا چەند ئازاری چەشتووە، بەڵام لە مۆرکدا وەک خۆی ماوەتەوە.
شارێک خاوەن. میژوویەکی دێرین و ئاسەواری هەزار سالًە دادی نەدات و لە قەراغی شێوان و تێکچون و تەنانەت نەماندابێت وکەس ئاورٍی لێنەداتەوە و کەس کەس بەزەیی پێدا نەیەت و فریای لەناوچوونی نەکەوێت، نازانیت چۆن خەمی نەمانی مۆرکی تایبەتی ئەم شارە بخۆیت کە تەنها گرنگترین ئەرکی خانەقینیەکان نیە بەڵکو ئەرکی سەرەکی لایەن و سەرکردە و دارا و بەتوانا و دڵسۆزی کوردستانە بە گشتی.
ئەگەر کاریگەریی شەرٍی هەشت ساڵەی ئێران و عیراق لەسەر شارەکە و، شەهیدبونی رۆَڵەکانی و زندانیکردنیان و راوەدونانی باوک و دایکی پێشمەرگە و تەرحیل و تەبعیس و تەسفیری خەڵکی ئەم شارە لای خەڵک ئاسایی بوبێت و کەس بە قوربانی دانەنێت و باس نەکرێت و بخرێتە لاوە، ئەوا ئەمرٍۆ ململانێی مەزهەبی نێوان خەڵکی هاوردە و ئەو ژمارە کەمە ماوەی خەڵکە رەسەنەکەی هاتۆتە سەری و پشتی ئەم شارەی چەماندووە و گەورەترین کیِشەیە بۆ ئایندەی شارەکە و کەس بیری لێناکاتەوە، هەمووان سەرقاڵی خۆیان و حزبەکانیان و بەرژەوەندیە تەسکەکانیانن، حگە لە بارودۆخی ژێردەستەیی.
بۆیە، تەنانەت بەجیا لە شارە کانی دیکەی دەرەوەی هەرێمیش ،گۆرانکاریەکی سەیر بەسەر ئەم شارەدا روویداوە و وا هەست دەکەیت بێخاوەنە و هەموو لایەک دەستی لێ شۆردووە و رادەستی قەدەر کراوە. ئەگەر دۆست و دڵسۆزان و لایەنە سیاسیە کوردستان دۆستەکان فریا نەکەون هیچی لێ نامێنێتەوە، بە تایبەتی ئەو مۆرکە تایبەتیە خانەقینیەی کە تەنها لە روحی خەڵکی ئەم شارە دەیبینیت، بەڵام وا ئێستا لەبەردەم گۆرٍانی تەواو و لەناوچوندایە. تکایە تکایە خەڵکی بەوەفا و کورد دۆستان، مەهێڵن مۆرکی تایبەتی ئەم شارە وەکو خۆی نەمێنێت و بشێوێنرێت و کاریگەریی ئایینی و مەزهەبی و فرتوفێڵەکانی سیاسەت و مەزهەبگەرایی و بۆچونی رەگەزپەرستی تێکیبدات و بەو شێوە زەقە هێزی دەرەکی و ناوەکی بە بێ هیچ رێگریەک دەستی تێ وەربدەن و بیشێوێنن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت