هوشیار ئەحمەدی: دلاقەی پەلاپیتکە، ڕوانگەی دوژمنانی کورد و خودی کوردیشە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

زۆربەی دەسەڵاتە داگیرکەرەکان لە دلاقەی پەلاپیتکەی چەکەوە ئەڕوانن نەتەوەی بندەست و کێشەکانیان. ئەو ڕوانگەیەش یانێ هەوڵدان بۆ سڕینەوە. سڕینەوەی لایەنی سەرەکیی کێشەکە، نەک چارەسەر.
بە پێی تیێۆرییەکانی داگیرکاری و شۆڕش دژی داگیرکەر، ڕێگای چارەسەر و بەرەنگار بوونەوەش لایەنی بەهێزتر واتە داگیرکەر ئەیسەپێنێ و لایەنی داگیرکراو ناچارە تەنیا هەوڵ بدا خۆ بپارێزێ، بەهێز ببێ و لەو ڕێگایە بۆ خۆ سەلماندن سوود وەرگرێ. بۆیە بەداخەوە تا ئێستا دوژمنانی کورد هەر لە دلاقەی پەلاپیتکەی چەکەوە ئەڕواننە کورد و داخوازەکانی. ئەوەش یانێ تا ئێستا هیچ پێشکەوتنێ لە باوەڕی دوژمنانمانا بەرامبەر خۆمان و کێشە و ویستەکانمان نەهاتووەتە ئاراوە.
لەوەش خراپتر و جێی داختر ئەوەسە، تەنانەت خودی لایەنەکانی کوردیش بەرامبەر یەک هەر بۆ چارەسەریی ساردەترین کێشەکانیان ئەو ڕوانگەیەیان هەس و چەکیان پێ چارەسەری ئاسان و چاکە.
تەنانەت لەوەش خراپتر ئەقڵ و باوەڕی چەک تەوەرە. تەنانەت لە ناو شەقام، کۆڵان، گەڕەک، خێزانەکانیشا هەر چەک قسەی کۆتایی ئەکات. چەک هەمیشە بە کەلەکەوەیە و بەردەوام ئەکێشێ بە ناودەم ئەقڵ و مەنتیقا و ئەبێتە دەمڕاست. یانێ چەک بووەتە بەشێکی سەرەکیی کەسایەتیی نەتەوەیی، کۆمەڵایەتی، سیاسی، کولتووریی و ئەقڵی و مەنتیقیمان.
دوژمن لە ئێمە زیاتر ئەوەی پێ خۆشە. هەتا چەک قسەکەر بێ، کێشە کۆتایی نایێ، مەگەر ئەوەی کورد بتوانێ بە زمانی چەک دوژمن بگەیێنێتە ئەو قەناعەتە، تا چەک قسە بکات، من ئاسوودە نابم و ناهێڵم تۆش ئاسوودە بی. بەڵام بەداخەوە، دوژمن تا ئێستا بە قووڵایی نیشتمان، کۆمەڵگا، ئابووری و کولتوورەکەی هەست و دەرکی بەو نائاسوودەییە نەکردووە. یانێ چەک هەر زیانەکانی تا ئێستاش بۆ ئێمە بووە.
واتە کاتێ چەک بە قازانجی کورد ئەشکێتەوە، تاکی نەتەوەی دایرکەر، هیچ نەبێ لە نیشتمانی دایرکراوا ئارامشی نەبێ و ئەو نائارامییەش بۆ نیشتمانەکەی خۆش زوازرێتەوە و کۆمەڵگا و ماڵ و مناڵ و ئازیزانی ئەوانیش بە خوێن و گۆشت و هەست و ئەقڵەوە دەرکی ئەو نائاسوودەییە بکەن.
ئەمەش بەو واتایەیە بوونی کورد و مانەوەی تا ئێستاش هەڕەشەی جیدیی لەسەرە. تەنانەت بەو هەرێمەشەوە لە باشوور بوونی هەیە. ئەوان لە کورد لە کەمینن، هەر کاتێ بۆیان بلوێ، وەک 2017 ئامادەن بە زنجیری تانک و زرێپۆش بە سەر جەستەی کوردا بڕۆن و خاکەکەی داگیر و خەڵکەکەی ژێردەستە بکەنەوە.
بە کورتییەکەی تەنیا ئێرادەی یەکگرتوویی و دەرک و قەبوڵ و لەخۆبردوویی لە پێناو ئامانجی بەرزی نەتەوەیی و نیشتمانی ئەتوانێ ئەو ڕوانگەیە بە دوژمنانی کورد بگۆڕێ. ئەوەیش وەک ئەبینین، تا ئێستاش کورد خۆی بەو دلاقەیە نەگەییشتووە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت