سامانی وەستا بەکر: ئەو دیووی جێندەر.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سەرەتا نەمئەویست لەسەر ئەم بابەتە بڵاوکەمەوە، بەڵام ئێستا کاتێکی گونجاوترە دوای ئەوەی کە هەردوو بەرەی لەگەڵ و دژە جێندەر تا ئاستێک خاوبوونەوتەوەو ئەکرێ بەهەناسەیەکی ترەوە بۆ بابەتەکە بڕوانن، ئەم وتارە پەردە لەسەر بەشێک لە شاراوەکان هەڵئەماڵێ و هەردوو لایەنی ئەرێنی و نەرێنی ڕوونتر ئەخاتە بەردەستی خوێنەر.

پێناسەی جێندەر/ڕەگەز:
جێندەر زیاتر لە پێناسەیەک هەڵەگرێ و بەشێوەی جیاواز باسی لێوەکراوە هەربۆیە تێگەشتنی جیاوازیشی لەناو کۆمەڵگەی کوردیا هێناوەتە ئاراوە.
جێندەر واتە پێناسەی هەستی مرۆڤ بۆ دیاریکردنی ڕەگەز. هەستی مرۆڤ بەرامبەر بەخۆی نەک بوونە بایلۆجییەکەی، واتە هەرکەسێ ئەتوانێ ڕەگەز دیاربکات نەک بوونی بایۆلۆجی.
جێندەر ڕێگە ئەیا خود جۆری ڕەگەز بەپێی خواستی حەز و ئارەزووە سێکسییەکانی خۆی دیار بکات نەک بوونە بایۆلۆجییەکەی.
جێندەر واتە دیاریکردنی جۆری کۆمەڵایەتی، وە دژی ئەو هەڵاوردەیەیە کە لەسەر بنەمای ڕەگەز ئەکرێ.
جێندەر ئەو ڕۆڵ و تایبەتمەندییە کۆمەڵایەتیانە ڕەتئەکاتەوە کە لەسەر بنەمای بوونی بایۆلۆجی و ئەو ڕەفتار و ڕۆڵ و چاوەڕوانیانە بنیاتنراون کە کۆمەڵگە بۆ هەریەک لە ژن و پیاو دیاریی کردووە.
مەوسوعەی بەریتانیا بەم شێوە پێناسەی جێندەری کردووە: هەستی مرۆڤ بە خودی خۆی، ئەگەر نێرە یان مێ. ناسنامەی جێندەر جێگیرنییە بەو ڕەگەزەی مرۆڤ پێوەی لە دایک بووە.
پەیمانگەی کەنەدی بۆ توێژینەوەی تەندروستی بەم شێوە پێناسەی کردووە. جێندەر بریتییە لە ڕەگەزی کۆمەڵایەتی کەسێک نەک ئەو ڕەگەزە بایۆلۆجییەی کە پێوەی لەدایکبووە، بەڵکو بریتییە لەو ڕەگەزە کۆمەڵایەتییەی کە دەکرێت کارتێکراو بێت لەلایەن چەندین بارودۆخی کۆمەڵایەتیەوە.
وەزارەتی تەندروستی و خزمەتگوزاری مرۆیی ئەمریکا بەم شێوە پێناسەی کردووە: سێکس بریتیە لە جیاوازییە بایلۆجۆییەکانی نێوان نێر و مێ، کە خۆی لە کرۆمۆسۆم و ئۆرگانەکانی زاوزێ و جیاوازیی هۆرمۆنەکان و چەند شتێکی دیکە ئەبینێتەوە، بەڵام “جێندەر” ئاماژەیە بۆ ڕۆڵ و ڕەفتارە کۆمەڵایەتییە بنیاتنراوەکان، یاساییەکان و کارتێکەرەکان کە لە چوارچێوەیەکی مێژوویی و کولتووریا ڕووئەیەن، لە سەرانسەری کۆمەڵگاکان، بە تێپەڕبوونی کات ئەگۆڕێن.

توێژینەوە و جێندەر/ڕەگەز:
جێندەر/ڕەگەز بریتییە، لە مەودای تایبەتمەندییەکانی پەیوەست بە مێینەیی و پیاوسالاری و جیاوازیکردن لە نێوانیانا. زۆربەی کولتوورەکان” دووانەی ڕەگەزی” بەکارئەهێنن، کە تێیا ڕەگەز دابەش ئەکرێت بەسەر دوو پۆلا، مرۆڤەکان بە (کوڕ/ پیاو و کچ/ ژن) دائەنرێت، ئەوانەی لە دەرەوەی ئەمانەن لەوانەیە بکەونە ژێر زاراوەی “چەتری نا- دووانەیی”. زۆربەی زانایان هاوڕان لەسەر ئەوەی کە ڕەگەز تایبەتمەندییەکی ناوەندییە بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی.
لە چوارچێوەی ترا زاراوەی جێندەر بۆ جێگرتنەوەی سێکس بەکارئەهێنرێت بەبێ ئەوەی نوێنەرایەتی جیاوازییەکی چەمکی ڕوون بکات. بۆ نموونە لە لێکۆڵینەوەکانی ئاژەڵە غەیرە مرۆییەکانا. جێندەر بە شێوەیەکی باو بۆ ئاماژەکردن بە ڕەگەزی بایۆلۆژی ئاژەڵەکانیش بەکارئەهێنرێت.
زانستە کۆمەڵایەتییەکان لقێکی تایبەت بە توێژینەوەی ڕەگەز/ جێندەریان هەیە. زانستەکانی دیکەش وەک سێکسۆلۆژی و زانستی دەمار، گرنگی بەو بابەتە ئەیەن. زانستە کۆمەڵایەتییەکان هەندێک جار وەک بنیاتێکی کۆمەڵایەتی لە جێندەر/ ڕەگەز نزیک ئەبنەوە، لە کاتێکا زانستە سروشتییەکان لێکۆڵینەوە لەوە ئەکەن کە ئایا جیاوازییە بایۆلۆژییەکان لە مێینە و نێرینەکانا کاریگەرییان لەسەر گەشەکردنی ڕەگەز لە مرۆڤدا هەیە؟ هەردوو لێکۆڵینەوەکە ڕژد ئەکەنەوە کە جیاوازییە بایۆلۆژییەکان تا چەند کاریگەرییان لەسەر دروستبوونی” ناسنامەی جێندەری/ڕەگەزی” و “ڕەفتاری جێندەر/ڕەگەزی” هەیە. هەروەها لە هەندێک ئەدەبیاتی ئینگلیزیا، سێ بەش لە نێوان “سێکسی بایۆلۆژی، ڕەگەزی دەروونی و ڕۆڵی ڕەگەزی کۆمەڵایەتیا” هەیە. ئەم چوارچێوەیە بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1978 لە توێژینەوەیەکی فێمینیستیا سەبارەت بە ترانس سێکسوالیزم دەرکەوت.

هاوردەکردن:
جێندەر چەمکێکی کۆمەڵگە ڕۆژئاواییەکانە نەک بەرهەمی تێچەنی هزری کوردی، هاوشێوەی دیموکراسی، لێبرالیزم و سێکۆلاریزم. ئێمەی ڕۆژهەڵاتی بەتایبەتی کورد بەکاربەری ئەم چەمکانەین نەک خوڵقێنەر، بۆیە گرنگە پێش هەر شتێک بە زانکۆکانا تێپەڕینرێن و پاشان بخرێنە بەردیدی خەڵکی/عەوام.
بیرمانەچێ بەشێکی لایەنە ئیسلامییەکان کێشەی زۆریان لەسەر چەمکی دیموکراسی و پەرلەمان هەبوو وە بە کفر و حەرام و بەرەڵایی وەسفیان ئەکرد، پاشان هەر خودی خۆیان بوون بە ئەندام پەرلەمان لە ڕێگەی بەشداری کردنی هەڵبژاردنەکانەوە کە داهێنانێکی دیموکراسییە.
لە ئێستادا کار گەیشتۆتە ئەوەی جێندەر/ ڕەگەز وەک کفر و ئیلحاد بناسێنرێ و ناوهێنانی ببێتە ئابڕووبەر، هەروەک چۆن لە پێشترا ووشەی “تیاترۆ” وەک هەجوو بەکارئەهێنرا و تا ئێستاش هەروا باوە، لەکاتێکا “تیاترۆ” کە ئەکاتە “شانۆ” لە پەیمانگاو زانکۆکانا ئەخوێنرێ، چونکە ئەو سەردەمەش شانۆ بەکاريکی نەشیاو ئەبینرا تا کار گەیشتە ئەوەی تیاترۆ ببێتە هەجوو بەرامبەر خانمان.

هۆکاری سەرهەڵدانی جێندەر:
زۆر گرنگە پێش هەر شتێک بگەڕێینەوە بۆ هۆکاری سەرهەڵدانی هەر چەمێک بەتایبەتی چەمکە هاوردەکراوەکان، چونکە بۆ هەر یەکێکیان کۆمەڵێک هۆکار و پێویستی وایکردووە کە هەر یەکێک لەم چەمکانە لەدایکبن.
جێندەر کاتێ سەریهەڵا کە لەڕێگەی داب و نەریتەوە جیاکاری نێوان نێر و مێ گەشتە ئاستی چەوسانەوە، کاتێک کە داهێنانە کۆمەڵایەتیەکانی مرۆڤ بوونە ئامرازێک بەدەستی نێرینەوە بۆ زاڵبوون بەسەر مێیەکانا، ئیتر لێرەوە بەپێویستزانرا کە جیاوازی بایۆلۆجی و ڕەگەزی/ جێندەری مرۆڤ ناکرێ بکرێنە بنەما بۆ دابەشکاری ئەرک و ماف.
ئەمە هۆکاری هاتنە کایەی جێندەربوو، ئیتر لە دوای ئەمەوە هەندێک شتی لاوەکی تێکەڵکراوە کە تەنانەت لە ڕۆژئاواش تا ئێستاش بۆچوونی جیاوازی لەسەرە، هەر بۆ نمونە حیزبە ڕاستڕەوەکانی ئەوروپا یەکێک لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیان دژایەتی هاوڕەگەزبازییە و زۆربەشیان لە ئێستایا یان بوون بە پێکهێنەری حکومەت وەک پارتی “برایانی ئیتالیا” بە سەرۆکایەتی جۆرجیا مێلۆنی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی ئیتاڵیا، یان بوون بەدووەم گەورە حیزب لەسەر ئاستی وڵاتی سوید وەک پارتی “سویدیە دیموکراتەکان” بە سەرۆکایەتی ییمی ئۆکەسۆن.
جێندەر باکگراوندێکی قوڵی هەیە لە کۆمەڵگەی ڕۆژئاوا، بەڵام تا ڕادەیەک نامۆیە بە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی، بگرە زۆرینەی ڕەهای خەڵک تەنانەت ناتوانن پێناسەشی بکەن.
هەندێک ئەڵێن جێندەر بابەتێکی هەنووکەیی نییە، پرسی زۆر گرنگتر هەیە، قسەو باسی لەسەر بکرێ. لەڕاستیا گرنگە هەموو ئەو چەمکانەی لە ئێستا و لە داهاتووا کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە دائەنێن، بە خەڵکی/عەوام بناسرێن، پێش ئەوەی لە ڕێگەی یاساوە کاری پێبکرێ یان بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە کە ئەمەش کاری زانکۆکانە.

جێندەر و هاوڕەگەزخوازی:
جێندەر ڕێگە خۆشکەرە بۆ دیارکردنی ڕەگەز بەو جۆرەی کەسەکە پێیخۆشە، واتا جێندەر کارئاسانی ئەکا بۆ هاوڕەگەزخواز تا نکۆڵی لەبوونی بایۆلۆجی خۆی بکات کە هەیە و ئەبینرێ، وە ناساندنی خۆی بەوەی کە خودی خۆی هەستی پێئەکا نەک وەک ئەوەی کە ئەبینرێ و دەرەکەوێ، لەکاتێکا لەسەرەتایا ئەمە بەشێک نەبووە لە مەغزا و ناوەرۆکی جێندەر، بەڵکو تێهەڵکێشکراوەتە ناوی، جا ئیتر ئەگەر بەرەی لەگەڵ جێندەر بڵێن هاوڕەگەزخوازی لە جێندەرا جێینابێتەوە، یان بەرەی دژ بڵێن جێندەر واتە هاورەگەزبازی ئەوا هەردوولایان هەڵەن، چونکوم لە ئێستایا هاوڕەگەبازی تێهەڵکێشی جێندەر کراوە، لە هەندێک شوێن ئەگەرچی لە ڕۆژئاواش بەرەیەک لەگەڵ و بەرەیەک دژن، واتە جێندەر بەسودی هاوڕەگەزبازی دانەهێنراوە. بەڵام لە ئێستایا دژایەتیشی ناکا.
هاوارەگەزبازی بابەتێکە زۆر لە جێندەر کۆنترە، بگرە هێندە کۆنە هەندێک پێیان وایە ئەم دیاردەیە هەر لەگەڵ دروست بوونی مرۆڤەوە بوونی هەبووە و سەرەتا وەک نەخۆشی مامەڵەی لەگەڵ کراوە، تەنانەت لە پەڕتووکە ئاینیەکانیشا باسی لێوەکراوە.
هاوڕەگەزباز لە ئێستایا بۆتە بابەتێک کە بەزۆرجۆر و شێوەی جیاواز سودی لێئەبینرێ، هەر بۆ نمونە هەندێک حیزب و ڕێکخراو مافی هاوڕەگەزباز وەک بانگەشەی دیموکراسی بوونی خۆیان بەکارئەهێنن، هەندێکیش بەپێچەوانەوە لەڕێگەی دژایەتی و ناساندنی وەک دیاردەیەکی نامۆ و نەخۆشی باسی لێوەئەکەن، کە لەڕاستیا هەردوو بەرە سود و بەرەژەوەندی ئایدۆلۆژیا و کۆمەڵایەتی و ئاینییەکانی خۆیان هەیە، ئەگەرنا ئەم دیاردەیە هەر هەبووە. بەڵام ئێستا پەردەی شەرم و ترسی لەسەر لابراوە و کارێک کراوە و ئەکرێ هەندێک ئەگەر تێکچوونی هۆڕمۆنی و لادانی کۆمەڵایەتیشیان نەبێ، بەڵام واخۆیان ئەناسێنن یان وەک هەر کاڵا و شتێکیتر تاقی ئەکەنەوە.

هاوڕەگەزبازی بۆ؟
یەکێک لە گرنگییەکانی ڕۆژئاواییەکان ڕاگرتنی زۆربوونی ژمارەی مرۆڤە، ئاشکرایە کە زۆر باس لەوە ئەکرێ کە ژمارەی مرۆڤەکان زیابووە، کۆمپانیا گەورەکان مەبەستیانە ژمارەکە لە هەشت ملیار نەک زیاتر نەکا، بەڵکو باس لەوەئەکرێ کە لەڕێگەی ڤایرۆسی نمونەی کۆڤید یان جەنگی جیهانی سێیەمەوە کەمتری کەنەوە، بۆیە ئەکرێ برەودان بە هاوڕەگەزبازی هۆکارێک بێت بۆ ڕاگرتنی زیادبوونی مرۆڤ “تحدید النسل”. ئاشکرایە پێکهێنانی خێزان تەنها لەبەر نەوە خستنەوە نییە، بەڵکو ژن و پیاویش چێژی جەستەی لێوەرەگرن و لەو ڕێیەشەوە ژمارەی مرۆڤ بەرەو هەڵکشان ئەڕوا، یەکێک لە تێورییەکان ئەوەیە کە چێژی جەستە لەنێوان دوو ڕەگەزی هاوبەشا بە ئاسای وەرگیرێ و لەڕێگەی نەریت و بەها باڵاکانەوە ڕێگەی پێنەگیرێ بەوجۆرەش ژمارەی مرۆڤ وەک ئێستا زیادناکا. بەبۆچوونی بەندە ئەمە کارێکە دژی کۆی مرۆڤایەتی و نابێ ڕێگەی پێبگیرێ.

سزا:
هەرشتێک پێچەوانەی سروشتبێ بەزەرەر ئەشکێتەوە، بۆ بەردەوامی ژیان هەمیشە دوو ڕەگەزی جیاواز ئەبێ بوونی هەبێ و بەتەنها یەک ڕەگەز بوون بەرەو کۆتای ئەچێ، جگە لە ئاژەڵ و باڵندەکان تەنانەت درەختەکانیش پێویستیان بە دوو ڕەگەزی جیاواز هەیە، ئەگەرنا درەختێکی زڕ و بێ بەرهەم ئەبێ، لەو ڕوانگەیەوە هەرشتێ پێچەوانەی سروشتی بوونبێ ڕووبەڕووی ئاستەنگ و سزا ئەبێتەوە.
سزا دوو جۆری هەیە “فەرمی و نافەرمی”، سزای فەرمی لەڕێگەی دادگاکانەوە دیاری ئەکرێ و سزای نافەرمیش لە ڕێگەی کۆمەڵگەوە.
کاتێک بابەتێک یاسایبێ یان بە یاسا پارێزگاری لێبکرێ و دادگاکان نەتوانن سزای بەسەرا بسەپێنن، بەڵام لە هەمان کاتیشا نامۆ و قبوڵکراوی کۆمەڵگە نەبێ، ئەوا لەو کاتەیا سزای دووەم جێبەجێئەکرێ “سزای نافەرمی نەریت و کلتور”، لێرەیا کۆمەڵگە خۆی سزا دیاریئەکا و هەرخۆشی ئەسەپێنێ. بۆ نمونە، شاربەدەرکردن یان پچڕاندنی کۆی پەیوەندییەکان، دابڕان لە چواردەور، هەجو ناوونەتۆرەو… هتد.

بەرگرتن:
هاتنی جێندەر وەک هاوردە تەکنۆلۆجیاکانە کە بەرپێنگرتنی ئاستەم نییە، بەڵام ئاسانیش نییە، تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ئامێرە زیرەکەکان بوون بەپێویستییەکی کۆمەڵگە و لە هەموو ماڵێکا هەن بەجۆرێک ئیسلامی و باوەڕدار، بێ باوەڕ، مناڵ، گەورەم ژن و پیاو هاوشانی یەکتر بەکاریئەهێنن، بوونی ئامێری زیرەک و تۆڕی کۆمەڵایەتی هۆکاری سەرەکی هاوردەکردن و گواستنەوەی چەمک و هەواڵ و داهێنانە نوێیەکانن بەبێ خواستی کۆمەڵگە و خود، هەر لەو ڕێگەیەشەوە چەمکەکان ئەخزێنێتە ناو کۆی کۆمەڵگە جیاوازەکان.
لە ئێستایا لە کۆمەڵگەی کوردیدا جێندەر وەک واتا بنەڕەتییەکی خۆی دوور لە تێخزانە نوێیەکانی هاوشێوەی ڕەگەزبازی بە کردار جێبەجێئەکرێ و خەڵکی دەستخۆشیش ئەکا، کەچی دژایەتی خودی چەمکەکە ئەکرێ بۆ نمونە کە خانمان لە بازاڕەکانا بوون بە چایچی و خاوەن چێشتخانە و شوفێر و دوکاندار و خاوەن کۆمپانیا، پۆلیس، پێشمەرگەو… هتد. لەکاتێکا پێشتر ئەم کارانە ڕێگەپێیرا و نەبووە بۆ خانمان.
لەبەر ئەوەی جێندەر پێناسەی جیاجیای بۆ کراوە و ئەکرێ تەنانەت لە ڕژۆئاواش، بۆیە گرنگە زانکۆکان پێناسەیەک داڕيژن لەسەر مەغزا و ناوەرۆکی ووشەی جێندەر تا کاتێک بەکارهێنرا ئەو هەستیارییە دروست نەکا کە ئێستا دروستی کردووە، ئەمەش لەپێناوی ئاشتی کۆمەڵایەتی.

جەستەم: My body
جەستە سەنتەرە، من و جەستەم، واتا دابڕان لەگەڵ دەرەوەی جەستە و لەو ڕاستییەی تیایا ئەژیت.
پرۆژەی جەستەم من خۆم خاوەنیم کە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی لە پشتەوەیە، بۆ گۆڕینی ستراکچەری کۆمەڵگە واتە گۆڕینی کلتور و نەریت و دەستەبرداربوونی سەپێنراوەکان، واتە شیوازی ژیانکردنی نوێ لەڕێگەی بەریەککەوتنی هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ. سەرەتا ئەم پرۆژەیە بەمەبەستی هاوکاری و پارێزگاریی کردن لە مرۆڤی لاواز و کەم بەرگری و مناڵ و کچ و ژنان بوو، بەڵام هەندێ ڕێکخراو و حیزب و وڵات بۆ مەبەستی هاوڕەگەزخوازی بەکاریانهێنا بووە پاڵپشتێکی یاسای بۆیان. واتا “بوەستە جەستەی منە” دەستەواژەیەکی سویدییە و فێری مناڵان ئەکران.”Stopp min kropp” ئەم دەستەواژەیە بۆ ئەوەبوو کە مناڵان و کچ و ژنان لەناو خێزان و دەرەوەی خێزانا ئازار نەیرێن و تووشی دەستدرێژی سێکسی نەبنەوە، دواتر ئەمەش بووە بەشێک لە چەکی دەستی هاورەگەزخوازەکان.
لێرەوە بۆمان ڕوونئەبێتەوە کە جێندەر دەروازەی هاوڕەگەزبازی نەبووە، بەڵکو دەروازەی هاوڕەگەزبازی سەرەتا لە ڕێگەی موئەسەساتی ئەکادیمییەوە بووە هەتا گەشتۆتە یاسا.
بۆیە گرنگە کاتێ ڕووبەڕووی هەر دیاردەیەک ئەبینەوە یان ڕووبەڕووی کۆمەڵگا ئەبینەوە گرنگە ئەوە لەبیرنەکەین کە پاکتاوی یەکتر نەکرێ و هەمووی نەخرێتە خانەیەکەوە، چونکوم زۆرینەی ڕەهای ئەوانەی قسەیان لەسەر دیاردەکان هەیە خەڵکانی دڵسۆزن و هەریەکەی لە تێگەشتنی خۆیەوە پێی باشە بەجۆرێک خزمەت بەکۆمەڵگا بکات.

بەختەوەری یان چێژ؟
دوو ڕێکخراوەیی کلتوری جیاواز هەیە، ئەوانیش ژیانی بەختەوەر یان چیژ لە ژیان.
بەختەوەری واتا هەموومان بەختەوەرین بەیەکەوە و خۆشیی و ناخۆشی لەگەڵ یەکا دابەش ئەکەین، نمونەی شایی و شین و سەیران و بۆنەکان. بەڵام جێژ بۆ تاکە، واتا خود خۆی چێژ وەرەگرێ و دابەشی ناکا، نمونەی سێکس کردن واتە خۆت و جەستەت بەبێ چورادەور، بەلایەکی ترا، واتا گۆڕینی نەریت و کلتوری پێکەوەیی کە بەختەوەریەکەی بۆ کۆمەڵگەیە بۆ چێژ کە تەنها بۆ خودە.
بەکورتی نزیکبوونەوەی دوو ڕەگەزی جیاواز ژن و پیاو یان یەک ڕەگەز بەمەبەستی سێکس هەر بۆ چێژە بەجیاوازی ئەوەی یەکەمیان سروشتییە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان پتەوتر ئەکات و سەرەنجام بەختەوەری ئەهێنێ، پێچەوانەکەشی ڕاستە.

کێ پارێزەریی بەها باڵاکانە؟
خێزان، پەروەردە، سیستمی کۆمەڵایەتی، ڕێکخراوەی بەهایی کلتوری، خەڵکی ئایندار و بێ ئاین هەردوولا بەبێ بیرکردنەوە لە ئاین پارێزەی ئەو بەهایانەن، چونکە لە ماناڵییەوە تا هەرزەکاری بە سیستمی پەروەردەی کۆمەڵایەتی ئەشێلرێ و تیا ئەتوێنرێتەوە، بۆیە کاتێ گەورەش ئەبێ ئەگەر کەسە باوەڕداربێ یان بێ باوەڕ ئەوا پێکەوە پارێزگاری لەهەمان بەهاو سیستمی کۆمەڵایەتی ئەکەن، بۆیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر دیاردەیەک کە کۆمەڵگە پێی نامۆیە و ڕەتی ئەکاتەوە، ئەوا ئەبێ تەنها پەنا بۆ پەروەردەی کۆمەڵایەتی ببرێ و لەو ڕێگەیەوە کار بکرێت بۆ ڕاگرتنی، چونکوم لەڕیکەی ڕامیاری و ئابورییەوە هەرگیز سەرکەوتوو نابی، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە ئەو دووانە سیستمێکی زەبەلاحی جیهانین و سیاسەت و ئابوری تەنها وڵاتێک یان کۆمەڵگەیەک توانای ڕاگرتن و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەوانەی نیە، بەڵام لەڕێگەی پەروەردەی کۆمەڵاتییەوە ئەکرێ بەری پێبگیرێ.

چارەسەر:
کاتێ ئەتەوێ ڕووبەڕووی هەر دیاردەیەک ببیتەوە گرنگە سەرەتا بگەڕیی بەدوای هۆکارەکەیا، بۆ نمونە ئەگەر بۆشاییەک نەبێ جێندەر و فێمێنیزم نایەنە ئاراوە، خۆ ئەگەربشتەوێ ڕووبەڕووی جێندەر و فێمێنیزم ببیتەوە، ئەوا ئەبێ جێگرەوەیەکی کلتوری پێشکەش بکەیت و ستایلی ژیان گۆڕانکاری بەسەرابێت، دەست لە زوڵم و چەوسانەوەی مناڵ، ژن و خاوەنپێداویستی تایبەت، پیر، گەنج تەنانەت پیاویش هەڵگیرێ، ستەم کەم بێتەوە، دادپەروەری جێبەجێ بکرێ، ئەمەش تەنها بە دەسەڵات ناکرێ، بەڵکو ئەرکی سەرشانی کۆمەڵگەشە. ئەبێ هەرکەسەو لە خێزانەکەی خۆیەوە دەست پێبکات بەمەش گۆڕانکاریی لە ڕێکخراویی بەهایی کلتوریا ئەکرێ بەبێ دەستی دەرەکی و دەستبردن بۆ قبوڵنەکراوەکان، خۆ ئەگەر بڕیاریش وابێ کە جێندەرو فێمێنزم ڕەتکرێتەوەو جێگرەوەیەکی کلتوریش پێشکەش نەکرێت ئەوا ئیتر ئەکەویتە “دەرەوەی واقع” یان دەرەوەی مێژوو.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت