شـــــــوان خورشــــــد: چاکی مەکەن، باخراپتر نەبێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بیرمە لە کۆڕەوەکەی خەڵکی باشوری کوردستان، کاتێ لە شاری خانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گیرساینەوە، بۆ خوا بوترێت خەڵکی ڕۆژهەڵات خاوەنی ماڵ نەبون بەرامبەرمان و هەموان دەرگای ماڵەکانیان خستبوە سەرپشت بۆ ئەو خەڵکە ئاوارەو شەکەت و ماندو برسیەیی باشوری کوردستان، هیچ یەکێک لە کوردانی ڕۆژهەڵات، خاوەنی ماڵی خۆی نەبوو لە ئاست هەستکردن بە بەرپرسیارێتی نەتەوەی و هاوزمانی، ڕۆژێک لە دانیشتنێکی خێزانی کە خانەوادەیەکی شاری خانە میوانداریان کردبوین، بەداخەوە ناوی سەرۆک خێزانەکەم بیرنەماوە، باسی دۆخی ئێرانی دوای نەمانی ڕژێمی شای گێڕایەوە، گوتی کە لە سەردەمی شای ئێران، شوێنی تایبەت بەهەموو بابەتەکان هەبوو، هەرکەسەو لەو شوێنە تایبەتانە مومارەسەی ئارەزوەکانی خۆی دەکرد، نمونەی هێناوە فەرمویی ئالودەچیەکان و مەشروب خۆر لە شوێنی خۆیان و خواپەرستەکان لە مزگەوت و ئەوانەی کە دەیانویست ڕابوێرن شوێنی تایبەتی بەخۆیان هەبوو، بۆیە کەس لە کەس نەدەکەوت. خانەخوێکەمان لەم گێڕانەوەیە ستایشی ڕژێمی شاهەنشاهی نەدەکرد، بەڵکو باسی ڕێکخستنی سیستەمی ڕۆژانەی ئەو سەردەمەی دەکرد، جیاواز لە سەردەمی ڕژێمی جمهوری ئیسلامی ئێران، بۆیە ووتی، بەڵام بەهاتنی ئەم ڕژێمە هەموو ئەو سیستەمە ڕێکوپێکەی هەبوو هەڵوەشایەوە، بۆیە لە ئێستادا هەموو ماڵێک لە یەک کاتدا، بوتە شوێنی خواردنەوەی مادەی هۆشبەروو شوێنی کحولی و تەقوای خوا و جێگای ڕابواردن، واتا ڕژێمی جمهوری ئسلامی لە جێی ئەوەی کۆنتڕۆڵی دۆخەکە بکات، زیاتر گۆمەکەی شەڵەقاندوە کارو کەساباتەکەی فراوانتر کردوە لە بەرگی یاساغی دا.
هەر بەو بۆنەیەوە دەگێڕنەوە کاتێ عەبدولکەریم قاسم دەسەڵاتی مەلەکی ڕوخاند و دەسەڵاتی کۆماری دامەزراند، جارێکیان کۆمەڵێک شێخ و موشایەخ و سەرۆک عەشیرەتی عەرەب سەردانیان کرد و داوایان لێ کرد کە مەلهاو یانە شەوانیەکانی بەغداو شارەکانی عێراق دابخات و قەدەغە بکرێت، قاسم بۆ داواکاریەکەیان داوای لێ کردن سبەی نیوەڕۆ سەردانی بکەنەوەو لە گەڵ ئەوەی میوانداریان دەکات، وەڵامی داواکاریەکەشیان چنگ دەکەوێت، بۆیە بۆ نیوەڕۆی ڕۆژی داهاتوو کۆی سەرۆک عەشیرەت و وجەها و پیاو ماقوڵ و عەبا لەبەرەکان لە کۆشکی کۆماری کۆدەبنەوە، لەسەر خوانێکی چەور، سەنگەر لە پارو دەگرن نیوەڕۆ خوانێکی باش بەڕێ دەکەن، چونکە خوانەکەش شاهانە دەبێت میوانەکان ڕەحم بە ورگی خۆیان ناکەن و زیاد لە پێویست دەخۆن، بە بڕیاری قاسمیش سەراوەکانی کۆشک کە پێنج دانە دەبێت دادەخرێن، کاتی میوانەکان تێردەخۆن زیاتر لە ورگی خۆیان خواردنی تێ دەکەن، پێویستیان بە بەتاڵکردنەوە دەبێت، هەر لایەکیش دەکەن سەراو داخراوە، بۆیە بە ناچاری باخچەکەی کۆشک بە باشترین شوێن دەشوبهێنن و لە ژیر دارو دەوەنەکاندا خۆیان بەتاڵ دەکەنەوە، بەڵام بە کارەسات، چونکە ژێر دارو گوڵ و چیمەنە ڕازاوەکەی کۆشکی کۆماری گواوی دەکەن، پاشان کاتێ دێتە سەر داواکاریەکەیان قاسم دەڵێت: ئەوەی ئێوە داوای دەکەن زۆر ئاسانەو هەر ئێستا دەتوانم دایبخەم هەر وەک ئەوەی سەرئاو و تەوالێتەکانی کۆشکم بە ڕووی ئێوەدا داخست، ئێوەش بە ناچاری بە باخچەو شوێنە بەتاڵەکانی کۆشکدا بڵاوبوەوەو خۆتان خاڵی کردەوە. جا ئەگەر ئەو کارە بکەم ئەو چەند شوێنەی کە لە کۆنتڕۆڵی حکومەت دایە دەبێتە سەدان شوین و بە ناو گەڕەک و ماڵەکانێ شاردا بڵاو دەبێتەوەو لە کۆنتڕۆڵ دەردەچێت و چۆن ئێوە باخچەکەی کۆشکی کۆماریتان گواوی کرد ئەوانیش شار وێران دەکەن و بە ئەستەمیش دەستیان پێ دەگات.
ئەم حەیران و بەندو باوەم بۆ بڕیارەکەی بافڵ تاڵەبانی هێنایەوە، دیارە لایەنی باش و خراپی خۆی هەیە، لەلایەک شارو گەڕەک و کوچەی کۆڵانەکان بەو بڕیارە زیاتر گواوی دەبێت، بۆنی بەناو ماڵ و گەڕەکەکاندا بڵاو دەبێتەوە، لەلایەکی ترەوە بیروڕای داعشی زیاتر سواری سەرمان دەبێت، بۆیە باشتر وایە بەرپرسان بە ئاگاییەوە هەڵسوکەوت لە گەڵ ئەو دۆزەدا بکەن و بۆ باشکردنی دۆخەکە هەوڵ بدەن خراپتری نەکەن.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت