دلێر محەمەد نوری: وتاری باش.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

تۆ بۆ ئەوەی بانگخوازێکی باش بیت و وتارەکانت لە چەند ڕۆژێکدا یوتووب و فیس بووک بتەنن. بۆ ئەوەی بینەری ڤیدیۆکانت لە چەند ڕۆژێکدا سەددان هەزار تێپەڕێنێت. بۆ ئەوەی سەددان هەزار کۆمێنت و دەست خۆشی و جەزاکەڵڵاهەخەیرەنت، لە چەند کات ژمێرێکدا پێ بگات. بۆ ئەوەی بەرپرسەکانی شار پۆچ پۆچ پەیوەندیت پێوە بکەن و سەفقەی ژێر بە ژێرت لە گەڵ بکەن. بۆ ئەوەی وەکو کەسێکی نوورانی باوەڕپێکراوو ڕاستگۆ و ئیماندار دەربکەویت. بۆ ئەوەی لە وادەی ساڵێکدا لایەنگرت بگاتە ئاستی لایەنگری حزبێکی کۆنی پێش ڕاپەڕین. بۆ ئەوەی پارە و ئیمکانات و شوهرەت و دەسەڵاتت بگاتە لوتکە. بۆ ئەوەی تۆ ببی بە ژمارەیەکی قورسی کۆمەڵایەتی و ئایینی کاریگەر، پێویستە وتارەکانت و پەیجەکانت لە سەر چەند بنەمایەک رێک بخەیت و پێکهاتەی وتارەکانیشت بە پێی ئەم خاڵانەی لای خوارەوە رێک بخەیتەوە:
1. لە پڕۆفایلی پەیج و ئەکاونتەکانتدا، پێش ناوی دکتۆر، پڕۆفیسۆرو… هتد بنووسیت. جا گرنگ نیە پسپۆرییەکەت لە بارەی (جۆرەکانی باوبوژەڵەی ناو سک و کارگەرییان لە سەر بەتاڵکردنەوەی دەست نوێژ)ە یاخود لە پیتاندنی یۆرانیۆمە. چونکە بێ خەم بە، ئەوانەی بە دوای ڤیدیۆی ڕیش و عەمامەدا دەگەڕێن، تەنها ئەو پێشناوە ئەخوێننەوە و بە دوای پسپۆرییەکەتدا ناگەڕێن، چونکە ئەو جۆرە لە لایەنگر تەنها گوێگرن پشکنەر نین، گوێڕایەڵن پرسیارکەر نین، دڵنیان ڕاڕا و گوومانکەر نین.
2. بۆ نووسین و ئامادەکردنی وتارێکی باش پێویستت بە پسپۆرییەکی زۆر نیە لە ئاییندا، بەڵکو تەنها پسپۆریت لە بەکارهێنانی کۆمپیوتەر هەبێت، گۆگڵ هەموو شتێکت بۆ ئاسان ئەکات.
3. با بابەتەکانت بە گشتی بە دڵی پیاو بن و ترسیش بخەنە دڵی ژنان و کچانەوە. بابەتانێک هەڵبژێرە کە خێزان و کۆمەڵگا و ئەندامەکانی لێی بترسن، بۆ نموونە بەرەڵایی، شەرەف، خیانەتی زەوجی، هاوڕەگەزخوازی، جێندەر، مافی ژنان، ئازادی، عەلمانی و… هتد، ڕەنگە لەم ڕووەوە موحازەرەکانی قەرەچەتانیش کۆمەکت پێ بکەن.
4. با هەمیشە وتارەکانت دەوڵەمەند بن بە کورتە چیرۆک و سیناریۆی هەڵبەستراو و پەیوەندی تەلەفونی خەڵکانی تێکشکاو و لێقەوماو و خەوبینین بە سەحابە و پەیامبەر و پیاوچاکانیش کاریگەری خۆیان هەیە. بۆ ئەم خاڵەش ئەتوانی سوود لە چیرۆکەکانی شێرزاد حەسەن و حەمە فەریق حەسەن و عەزیز نەسین و کێ و کێش وەربگری بەڵام بە دەستکارییەوە، خۆت ئەزانی من ئەڵێم چی!
بۆ سیناریۆ داڕشتنیش فیلمە تورکی و سوری و هیندییەکانیش خراپ‌ نین. بۆ مەسەلەی خەوبینینیش، ئەمەش ئەرکێکی زۆری ناوێ و درۆکردنیش هیچ باجێکی لە سەر نیە. پەیوەندی تەلەفونیش ئەتوانرێت وەهمی بێ و وەکو خەوبینینەکان تەنها دایانڕێژە و بیانگێڕەوە و ئەشتوانی ئەوانەی دەوروبەری خۆت بەکاربهێنی و تەلەفونت بۆ بکەن، بڵێ لە پێناو چاکەی گشتییە و ئایینییە، ئەوان قایلن بە جەزایەکی خەیر هەموو شتێک ئەکەن.
5. هەموو ئەوانەی سەرەوە تێکەڵ ئەکەیت بە یەک و لە سەر ئاگرێکی کزی جەهەنەم ئەیانکوڵێنی و هەندێک ئاڵاتی ترس و تۆقاندن و باسی قیامەت و تێکەڵ بە هەندێک دەق و فەرموودەی سەحیحیان بکە و وردە وردە ئامادەی بکە بۆ وتن.
6. فرمێسک و چاو سڕین هۆکارێکی گرنگی کاریگەرن، چونکە ئێوە خەریکن قسە بۆ میللەتێکی تێکشکاو و دۆڕا و نەزان و ترسا و عاتیفی ئەکەن کە هەرگیز بیر لە پشتی ڕووداوەکان ناکەنەوە. ئەوان کەوتوونەتە ناو گێژاو و هەڵە ژیان کردنەوە و ئەم گریان و فرمێسک و ترساندنەی ئێوە وەکو دەرووی خەیر و دڵنەواییە بۆ ئەوان.
7. لە کۆتاییشدا بە کۆمەڵێک دوعای چاک بۆ گوێگران و خراپ بۆ سەبەبکاران، دڵنیابە کە بە هەزاران نیعمەتی لایک و کۆمێنت و شەیر ئەبارێن بە سەرتدا، بەڵام دڵنیابە کە من یەکێک نابم لەوانە چونکە من پشتی وشەکان و فرمێسکەکانت ئەخوێنمەوە و ئەزانم چەند تاڵە موو بە ڕیشتەوەیە و چی لە ژێر مێزەرەکەتدا خۆی مەڵاس داوە، هەر چۆن شێخ ڕەزاش فەرموویەتی:-
هەزار ئەفسوون و جادووی پێوە ئاوێزانە ئەم ڕیشە
عیلاجی گەر ببێ یا گووزە یا گوێزانە ئەم ڕیشە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت