لاوک کونجرینی: مانیفێستی هەستانەوەی حیزبی کوردی/ بەشی سێیەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کەم و زۆریی پانتایی دەسەڵاتی حیزب، یەکسانە بە بەرهەمەکەی، کردەو کاریی باش و بەرنامەی شێلگیر و سەرکردەی کارێزمان، پەرەپێدەریی پانتایی دەسەلات و نەهیشتنی دابەزینی ئاستی جەماوەر و لایەنگر و ئەندامەکانییەتی. پارتی و یەکێتی لە زەمەنی شاخدا، توانیان ئاستی ناهۆشیاریی تاکی کورد بۆخۆیان بقۆزنەوە، هەموو ئەو مێژووە ناشرینە لە شەڕی خوێناوی و بێ گوێدانە هیچ پێوەرێکی نیشتمانی و نەتەوەیی، ئاستی پەیوەندییەکانیان لە گەڵ دووژمانی کورد بۆ ئاستی بەکارهێنان و بەشدار بوون لە ململانییەکانیان بەرزبکەنەوە. جگە لەوەش زۆر هەلی گۆڕانگاریی ناوچەیی و جیهانیان لەدەستدا. ئەوەی لەنێو مێژووی شۆڕشی ئەیلول و نوێدا، درەوشاوەیە، ڕاپەڕینە، ئەویش بەرپابوونی بەهۆکاریی ناچارییە:

1-  هێزەکانی عێراق توشی شکستی گەورە بوون. کە بیرکردنەوە لە هەستانەوە، تەنها لە ئەقلی بەئەزموونی سەدام و بەعسدا بوونی هەبوو.

2- ڕاپەرینێکی بەربڵاو لە باشووریی عێراق سەریی هەڵدا. وەک هاندان، گرنگی خۆی هەبوو بۆ ڕاپەڕینی کوردستان.

3-  ئەگەر ڕاپەڕین نەبووایە، پارتی و یەکێتی لە ڕەوشێکی زۆر تەزیقی ڕووەو پوکانەوە دەچوون. واتا ڕاپەرین وەک چارەسەرێکی ناچاریی بۆ مانەوەو بەردەوامی بوو، کە ئەندازیارەکەی نەوشیروان مستەفا بوو.

 لەدوای راپەڕینەوە، شانسێکی گەورە بەخشرا بە کورد و پارتی و یەکێتی، کە بڕیاری 688 ی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو. دەکرا بقۆزرێتەوە بۆ دانانی بناغەی دەوڵەت و دەوڵەتداری، دەکرا بنەمایەکی جوان و پێشکەوتو دابڕژرێت بۆ داهاتووی خۆیان و نەوەکانی گەلەکەمان. بەڵام لەباتی ئەم ئەرکە نیشتمانی و نەتەوەییە، لەسەر دەروازەی مەرزێک و لەسەر ئاودیوکردنی شۆفڵێک، هەم ئەزموونەکەو هەم ڕابردوو و داهاتووی شۆڕشیان خستە بەر پرسیاری هەنووکەیی.

زۆر هەلیی جوان هاتە پێشەوە، پارتی و یەکێتی بازیان بەسەردا دا، لەپێناو بەرژەوەندی حیزبی و کەسی. لەدەستدانی کات و هەلی هەڵکەوتوو،  هۆکارە بۆ ڕەخنەو ناڕازیی بوون. بەردەوامی پشتگوێ خستنی ئەرکی نیشتمانی و بە تەنگەوەنەچوونی ئەرکی دەوڵەتداریی و دیبلۆماسی، دیسانەوە خەڵک دەگەیەنێتە ئاستی ناڕازی و بێزاریی. ناڕازیی بوون و ڕەخنەی کەڵەکە بوو، دەبێتە هۆکاری بێ متمانەیی و بێ هیوایی. دەبێتە داڕزاندنی حیزب و دەسەڵات. دەبێتە بۆشایی گەورە لە نێوان کۆمەلگاو دەسەڵات. دەبێتە ئاراستەی دەسەڵات رووەو دیکتاتۆری و پێشەلکردنی مافی مرۆڤ.

زوڵمی زۆریی دەسەڵات و حیزب لە کوردستان، هانی خەلك دەدات پەنا بۆ دەورانێکی نەشیواتر لە پارتی و یەکێتی ببەن. وەک ئەو مرۆڤەی لە پێناو ڕزگار بوون لە خنکاندن، هانا بۆ چڵەدارێک دەبات.

ڕاستە پارتی و یەکێتی لەماوەی رابردوودا، داراییەکی بێشوماریی نایاساییان کۆکردۆتەوە، ئەم داراییە زۆرە، بەداخەوە، وەک چەکێک بۆ بەرەنگاریی هێزی ناوخۆ و کڕینی بیروجەستەی تاکی کورد لەپێناو بەردەوامیان لە دەسەڵات بەکارییان هێناو دەهێنن. ئەم بیرکردنەوەیە، هەمان بیرکردنەوەیە کە سەرانی لیبیاو تونس و عێراق و میسر و… هتد، بەکاریان هێناو، تیایدا توشی ئابروچونێکی بێ کۆتا بوون.

پاتی و یەکیتی ئەگەر پارەو هێزی بەرژەوەندنی ناوچەکەو جیهان نەبێت، پارێزراو نین و کۆتاییانە. ململانییەکانیان خەریکە بگاتە ئاستێک، بەغداد بیر لە کشانەوەی دەسەڵاتی هەرێم لە بوونی مووچە بکات، ئەم چەمکە پارتی و یەکێتی دەگەیەنێتە ئاستی پوکانەوەو بێ بڕوایی بەخەڵک. چوونکە ئەوەی ئەوانی زاڵ کردووە بەسەر خەڵکەوە، چاوگی قوتی خەڵکەو، جوڵەی ئابووری ناوچەکەو چیهانە لەسەر هەرێم. کە پارە لەدەستی  دەسەڵاتدارانی هەرێمدا نەما، ئەوان دەبنە گاڵتەجاری خەڵک و بێ بروایی دەوڵەتانی بەرژەوەندخوازی ناوچەکەو جیهان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت