کەمال محەمەد: مرۆڤ و ئازادی کرانەوە بەروی گەردوندا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

مرۆڤی ئازاد و ژیر ھەمیشە بەرپرسیارێتی گەورەی لەسەرشان ئەبێت و ئەبێتە ئاوێنەیەک کە خۆی و گەردونی تیادا ئەبینێت، مرۆڤ بۆ ئەوەی بە دۆخی پێناسە گرتن بگات پێویستە لە دیاردەکان بروانێت و دەست بە ناسینی خۆی بکات لە ناو کات و شوێندا کە فەلسەفەی ئەمەش قوڵایی پەیوەندیدارە بە کاتەوە و بەرفراوانیش بە شوێنەوە،کارکردنی ئەم دوانەش پێکەوە ئەرکی سەرەکی مرۆڤێکە کە خوازیاری ژیان تێگەشتنی ئازادانە بێت لە ژیان، ئازادی بیرکردنەوە بۆ مرۆڤ دەرکەوتنە لە جەھالەت و ھەنگاونانە بەرەو پێش و ھەست کردنە بە ھەڵەکان و سرەنجام کرانەوە بەروی گەردونیشە.
تێگەشتنی ھەر مرۆڤێک خودی ئازادییە، تێگەشتنیش بە ناسین و پرسیارکردنەوە دەست پێ ئەکات،گرنگی ئەمەش کرۆکی مرۆڤبونی مرۆڤە کە پرس و خاوەن پرس دیاری ئەکات، ھەر ئەم خودی ئازادییەی مرۆڤە ئەبێتە سیمایەکی ھەرە گرنگ و دیاری بێداری مرۆڤ لە سەردەمی نوێدا، ئێمەی مرۆڤ ئەگەر ئازادیمان لێ وەر بگیرێتەوە ئەبینەوە ئەو پەیکەرە فیزیکییەی کەلەگەڵ بونەوەرانی تردا ھاوبەشمان ئەکات، ئێمەی مرۆڤ ئەگەر ببینە بونیادی راستینەیی ھەر رابونێک ئەبێت لەسەر دوانەی بەرپرسیارەتی و ئازادی پێ بگەیەنرێین.
“جان پوڵ سارتەر فەیلەسوفی ئازادی فەرەنسی پێی وایە مرۆڤ پێویستە دەرەنجامی ھەمو کردار و بیرکردنەوەکانی ھەڵگرێت و بەھەمو ئیرادەیەکەوە ئازادی ھەڵبژێرێت و وەک بەرپرسیارێتیەکی گەورە بیگرێتە ئەستۆ”، ئازادی ئێمەی مرۆڤ بریتییە لە توانای سەرنجدان تاقیکردنەوەو ئەنجام لێ دەرھێنانمان بۆ ناسینی خۆمان و ژیان و گەردون، ژیری و ئازادی مرۆڤ ئەتوانێ زانستی زیاتر دەربارەی ئەم جیھانە مادییەو ئەو دیوەکەشی بزانێت، ئازادی بیرکردنەوەی ئێمە بڵند کردنەوەیەو ئامانج لێی بەرزکردنەوەی مرۆڤە لە گەورەبونەوە بۆ گەورەبونێکی تر.
ئازادی و ژیری مرۆڤ ئەوەنییە کە پشت بەو ئامێرانە ببەستێت کە خۆی دروستی کردون و بگاتە مەرگی بەدەستھێنانی ناسنامەکەی، بەڵکو ئازادی بیرکردنەوە ئەوەیە زۆرترین کاریگەری و پرسیار بەسەر گەردون و عالەمی مادییەوە دابنێت، عەقڵی مرۆڤ لەبەکارھێنانیدا بریتییە لە پرۆسێسێکی فێربونی بەردەوام، تێگەشتن و بەکارھێنانی عەقڵ لەسەر ژیان و گەردون بەو واتایە دێت کە ئێمە بە بێ ھۆ فڕێ نەدراوینەتە سەر زەوی و مرۆڤ ئەتوانێ بەئاسانی بە بێ ھیچ سنوردارکردنێ دیدو تێروانینی خۆی دەر ببرێت و ئەندێشە ناوەکییەکانی ناخی بۆ گەردون و ژیان بخاتە روو، بۆیە ئازادی مرۆڤ گوزارشتکردنە لەوەی ئازاد بیت لە وتنی ئەندێشەو بیرکردنەوەکانت.
ھەر سەبارت بە ئازادی جۆرج واشنتۆن وتەیەکی جوانی ھەیە کە ئەڵێت: ئەگەر ئازادیمان لە مرۆڤ قەدەغە کرد وەک ئاژەڵی بێ دەسەڵاتی قەسابخانەکی لێ دێت. هەربۆیە چەندە مرۆڤی ئازاد و زیرەک زیاتر لە خۆی و ژیان بچێتە پێشەوە وەڵامدانەوەکانی گەردونیش زیاتر ئەبن و زیاتریش خۆی وەک دیاردە نامۆ و کەم وێنەکەی سروشت بەیان ئەکات. مرۆڤی ئازاد و ژیر توانای گۆڕینی سروشتی ھەیە لەپێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیدا، لەلایەکی تریشەوە کرانەوەی مرۆڤ بەروی ئازادی بیرکردنەوەیدا، ئەتوانێت قۆناغی دڕندانەی چینی دەسەڵاتی چەوسێنەری بەشێک لە مرۆڤەکان تێپەرێنێت و ژیانێکی شایستە بە خۆی و گەردون و ئاژەڵەکانی تریش دەستەبەر بکات. بۆیە کرانەوەی مرۆڤەکان بەروی ئازادیدا، دەتوانێت کۆتایی بە چەوسانەوە بھێنێت و ژیرانەتر درێژە بە بونی خۆی بدات.
لە راستیدا مرۆڤ پێویستە بەردەوام بڵێت لە خەیاڵ و بیرکردنەوەکانی خۆم دا بژیم نەک لە درۆی رسستینەی باوو، ئازادی بیرکردنەوەکانی وائەکات بەشداری لەو راستییە ھەنوکەییانە نەکات کە کە ژیانی راست و گەردون ناسی لە دەرەوەیدایە، بۆیە لە ئەنجامدا پەیوەندی لە نێوان خەیاڵ و واتا ھەیە. چون خەیاڵ و بیری مرۆڤ دابڕاو نییە لە ھێزی واتا و زۆربەی بیرەکانی مرۆڤ کەبۆ ژیانی ئازاد ھەیە و ھزرێکەو لە جیھانی خەیاڵدا پەیوەندیدارە بە بونیادنانیشەوە. رەنگە خەیاڵەکانی ئەمرۆمان راستی سبەینێ بێت خودی سبەینێش گەڕانەو کرانەوەیە بە تێکڕای سەردەم گەردوندا. ھەر بەدوا گەڕانێکیش دۆزینەوەی بزرکراوێک ئەگەیەنێت و باس لە گەرانەوە ئەکات بۆ ئەو شوێنەی لێی بزر بوین، بێ گومان ھەر ھزرێکیش پەیوەندیدارە بە رابردو ئێستاو داھاتووەوە، ھەر بۆیە ئازادی بیرکردنەوەکانی مرۆڤ دیارکەرە و ڕاکردن بەدوای ئەم ئازادییەش گیر نەبونە بە راستینەی و کرانەوە بەروی گەردوندا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت