بەهرۆز جەعفەر: هەرێمی کوردستان دەورەدراوە بە کۆمەڵێک هەڕەشە! ئایا هیچیان دەبن بە دەرفەت؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دۆخی ئاسایش و ئابوریی هەرێمی کوردستان، لە ناو ئەو هەڕەشە گەورانەی لە چارەکی یەکەمی 2023 دا یەک – یەک دەیانبینین لە دەوروبەردا، لە هەموویان ئاسایی تر و سەقامگیرترە. لای خوارەوە هەڕەشەکان و لێکەوتەی دیوە تاریکەکانیان لە سەر کورد بە خاڵ لە چەند ئاستێکدا دەخەمەڕوو:

یەکەم/ هەڕەشە سەرەکییەکان، لە تێکچونی ئاسایشی هەڕێمایەتییەوە دێن، وەکو تیۆرەی “ئاڵۆزیی ئاسایشی ناوچەیی-Regional Security Complex” لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و قوتابخانەی کۆبنهاگن بە ڕێبەرایەتی “باری بوزان” و هاوەڵەکانی جەختی لێ ئەکەنەوە؛ کێشە ناوچەییەکانن سەر ئێشەی جیهانی دروست دەکەن.
– هەڕەشەکانی ناوچەی قەفقاز “ئازەربایجان و ئەرمەنستان” و کێشەی ناگۆرنۆ کاراباخ ئەمجارەیان بە پاکتاوی نەژادییەوە لە لێواری دەست پێکردنەوەدایە. ڕاستەوخۆ کاریگەریی ئیتنی و ئەمنی و ئابوریی لەسەر باکورو باشوری کوردستان دەبێت. بە تایبەت لە پرسی نەوتدا، کە هێڵێکی گەرم لە نێوان ئەم ناوچەیەو هەرێمی کوردستاندا هەبووە و هەیە.
– بنیامین ناتانیاهۆ- وەک ڕاستڕەوێکی ناشناڵیستی توندڕەو کۆتا ڕۆژەکانی 2022 هاتەوە سەر کورسی دەستەڵات. دۆخی ناوخۆی ئێرانیش ( 99) رۆژە بەهۆی خۆپیشاندانەکان و ترس شکانی خەڵک لە ڕژێمە ئێرانییەکە بەردەوام دەکوڵێت.
– پەیوەندییەکانی تورکیاو ئیسرائیل گەیشتنە ئاستی ئاسایی بونەوە. دوای سێ ساڵ لە کاربەڕێکردن لە تورکیا “ئیرت لیلیان- Irit Lillian ” وەک باڵوێزی ئیسرائیل لە ئەنکەرە دەست بەکاربوو. لیلیان لەدوای پێشوازییە گەرمەکەی چانکایە، لە تویتێکدا دەڵێت؛ زۆر خاڵی ئەرێنی و بەرەوپێشچوون لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکەماندا دەبینن. هەرچەندە من لە کۆتایی کتێبەکەم “پەیوەندییەکانی تورکیاو ئیسرائیل لەسەردەمی حوکمڕانی پارتی دادوگەشەپێدانی تورکیادا ماوەی 2015- 2022” کە لە ساڵی ( 2016 ) بە کوردیی و ئینگلیزیی بڵاوبۆتەوە، دوای دڵنیاییەکی تەواو، لە سەرئەنجامدا بە تەواوی ئەوەم خستۆتە ڕوو کە تورکیاو ئیسرائیل هەمیشە زۆر کاریان هەیە پێکەوە بیکەن، بەڵام لە دوای ڕووداوەکانی 2009 و 2010 ەوە ئیسرائیلیەکان بەتەواوی تورکیایەکی بێ ئەردۆگانیان دەوێت!
– هەموو پەیوەندییەکی بەهێزی تورکیاو ئیسرائیل (ئەگەر بەهێز و سەقامگیر بێت- چونکە ئەوان متمانەیان بە ئەردۆگان نییە) مانای کارکردنێکە دژی هەژموونی ئێران لە ناوچەکەدا، هەروەها کارکردنە دژی هەژموونی کورد لە سوریاو تورکیا. لە سەدەی پێشوودا بە ناو خاکی تورکیادا لە ئازەربایجانەوە گاز بۆ ئیسرائیل ئەچوو، ئێستا وانییە، ئیسرائیل گازی خۆی هەیەو بە ژێر ئاودا ڕەوانەی ئەوروپای دەکەن لەگەڵ قوبرسدا. ئەوە تورکیایە داوای گاز و بەشذاری پرسی وزە ئەکات لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست (میدیتریانە). هەموو ئەو ژێرخانە بەهێزە سەربازییەی تورکیا هەیەتی، لە نەوەتەکانی سەدەی پێشوودا، لە میانەی پەیوەندییە دوو قۆڵییە بە‌هێزەکەیاندا ئیسرائیل پێشکەشی تورکیای کردووە.
– هەریەکە لە سوریاو تورکیاو ڕووسیا لە مۆسکۆ کۆبونەوەیان کردووە. تاکە لەمپەرێک لەبەردەم ئەوەی ئەسەد و ئەردۆگان پێکەوە کۆببنەوە ئێرانە (دوونییە ڕووبدات، چونکە دوای ئەسەد لە 2022 دا دوای دوانزە ساڵ سەردانی ئیماراتیشی کرد).
– لە نیوەی یەکەمی 2023 دا، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە تورکیا ئەنجام دەدرێت. ئەمە یەکەمین جارە دوای ( 22 ) ساڵ لە حوکمڕانی ئاکەپەو ئەردۆگان ترسیان لە خۆیان و لە دەر-نە-چونەوەیان هەیە. ئەم ترسەش لە ڕێگەی هەڕەشەکردن لەوانی ترەوە لە ناخی خۆیان دەکەنە دەرەوە. باشترین و بێوەی ترین ڕێگەیەک کە ئێران و تورکیا لەوکاتەی مەترسیی گەورە ڕوویان تێ ئەکات پەلاماری بدەن کوردە.

دووەم/ لە ئاستی گڵۆباڵ و گۆڕەپانە نێودەوڵەتییەکەدا، دەرفەتی گەورە بۆ کورد بەرچاو ئەکەوێت. چونکە سەردەمەکە جیاوازە، سەردەمی جەنگی سارد نییە. هەر خۆی سیستەمی مۆدێرن ئەتوانێت چانس بدات بە هەر تاکێک، هونەرمەندێک، ئاژانسێک، کۆمپانیایەک، نەتەوەیەک، حکومەتێک کە بەئاسانی بوونی خۆی دونیادا بسەلمێنێت. پرسی کورد پرسێکە لە ڕای گشتی جیهانی و سەرمێزی ئەوروپییەکان و ئەمریکییەکان و چینییەکاندا بوونی هەیە. نرخی نەوت و گاز بەرزە، دەرفەتی توانای ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری و پێگەیاندنی کادر لەگەڵ وڵاتانی جیهاندا کراوەیە و.. لە زۆر خاڵی دیکەدا چەرخەکە خۆی لەبارە بۆ کورد. ئەمە دەکەوێتە سەر یاریزانەکان خۆیان چۆن ئەم بوونەی خۆیان زیاتر پەرەپێ دەدەن؟! هەر بۆ نموونە؛ ئەمریکییەکان و هاوپەیمانان بەگشتی لە چەندین لاوە نەک پەیام فشار ئەکەن بۆ خێرا یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە. بوونی یەک ئەرتەشی نیشتیمانیی پۆشتەوپەرداخ لە چوارچێوەی یەک دامەزراوەی دەستوری دا زامنی پاراستنی کوردستان زیاتر ئەکات.

سێهەم/ ئاستی عێراق
ڕاستە ئێران وەک ئاوی حەیات تەماشای عێراق دەکات. بوونی ئێران لە عێراقدا زۆر بەهێزە. بەڵام هەموو بەرمیلە نەوتێک عێراق ئەیفرۆشێت پارەکەی ئەچێتە بانکی ئەمریکی.. ڕاستەوخۆ سیاسەتی نەختینەیی عێراق بەستراوە بە وەزارەتی خەزێنەی ویلایەتە یەکگرتوەکانەوە. ئایا ئەمریکا قبوڵ ئەکات ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەهلی حەق “قەیس خەزعەلی” لە یەک هەفتەدا لە ( 8 ) وەزارەتدا ( 16 ) بەڕێوەبەری گشتی دابنات و، هەوڵی ئەوەش بدات زۆربەی پۆستە ئەمنی و سەربازییە هەستیارەکانی عێراق بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە؟ ئایا تەنانەت گروپەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی ڕێگە بە زیاتر هەڵکشانی ڕۆڵی خەزعەلی لە عێراقدا ئەدەن؟ بێگومان نەخێر. پێش بەرزبونەوەی نرخی دۆلار ئەمریکییەکان دوو پەیامیان بۆ دوو شوێنی مەبەست ناردووە، یەکەمیان لە ڕێگەی نێردەی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە کە سەردانی بۆ مەرجەعیەتی نەجەف “سەید سیستانی” کرد لە 3. 12. 2022. دووەمیان لە ڕێگەی حەیدەر عەبادییەوە بۆ لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی. بەرزبونەوەی نرخی دۆلار، کە لە ئەنجامی فشاری وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکاوە بۆ کەمکردنەوەی خستنە ڕووی پارەی حەواڵە دروست بووە. چونکە دەچوون بەرەو ئێران و سوریا؛ تەماشا بکەیت لەگەڵ ئەو ڕووداوەدا 6٪ بەهای دیناری عێراقی دابەزی، بەڵام 18٪ بەهای تومەنی ئێرانی و 16٪ بەهای لیرەی سوری داگرت!
ئەوەی لێرەدا مەترسییەکە خێراتر دەکات، گروپێک ملیاردێر و سیاسیی بێ ئیشن، کە لە تیمی پێشووی حوکمڕانی عێراقدا لە پۆستە هەرە باڵاکاندا بوون؛ ئەمانە پارەو پەیوەندی و پێشینەیان هەیە. دوور نییە خەریکی هەڵکەندنی کەندو چاڵ و چۆڵی بن بۆ هەرێمی کوردستانیش! ئەمانە زیاتر وەک برۆکەر- دەڵاڵیش ئەکەونە بەرچاو، هێڵی نیشتیمانی و پرەنسیپ و هێڵی فیکرییان نییە. ئیتر بە پێی ڕۆژ لە بازاڕەکەدا دێن و ئەچن، کە قسەیەک دەکەن (ڕاستیش بێت) مەبەستییان خۆیانە نەک چاککردنی بارودۆخەکە.. بۆ نمونە؛ لە ئێستا وای باس دەکەن، ناکرێت ئەم دۆخە وا بەردەوام بێت و، ئەم گروپە چەکدارانەی عێراق هەموو ئەوەی لە عێراقدا بینا کراوە تێک بدەن و بخەنە ژێر ڕکێفی خۆیانەوە. هەرێمی کوردستان ناکرێت پابەند نەبێت بە بڕیارەکانی دادگا ! ی باڵا! ی فیدراڵ! ییەوە. دەی پێویستە ئەو کۆمپانیایانەی کاری ئۆپەرەیشن دەکەن لە هەرێمی کوردستاندا، بچن لە ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقیش گرێبەست بکەن؛ ئەوەش یانی گرێبەستەکانیان لەگەڵ هەرێم هەڵبوەشێننەوەو، هاوتای ئەوانەی عێراق بکرێت.

دەرئەنجام
لەنێو ئەو گێژەنگەی لە سەرەوەدا ئاماژەی پێکرا، هەموو ئامانجێک وەک خۆی نایەتەدی. تەنها لە ( 2022 ) دا حکومەتی هەرێم زیاتر لە ( 750 ) ملیۆن دۆلاری قەرزی کابینەکانی پێشوتری داوەتەوە. لە زۆر لایەنەوە هەنگاو بەرەو بیناکردن و بونیادنانی ژێرخانێکی بەهێز هەیە و دەبیندرێت. بەڵام هەڕەشەکان یەک و دووان نیین. مەسەلەی هەرێمی کوردستان یەک مەسەلەیە. مەسەلەی کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکانیش یەک مەسەلەیە، مەسەلەی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر و توندوتیژیش هەر یەک مەسەلەیە. چونکە ڕاستەوخۆ هەڕەشە دەکاتە سەر هەموو پارێزگاو ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان. لە ناوخۆدا زمانی زبر و هەڵچون، بۆشایی سیاسیی و ئەمنی تەوژمی ئەو ئاڵۆزییانە خێراتر دەکات تا بەرەو هەرێمی کوردستان بێن. ئەگەر کورد ئامادەیی و ئاگایی و پێکەوەیی لە بەغدا نەبێت، لە جیهاندا نەبێت؛ ئەوە هەرکاتێک ئەزانین بە دەستیسەی ئەو برۆکەر (دەڵاڵانەی لەسەرەوە وە بیر هێنراوەتەوە) حکومەتی هەرێم وەکو ساڵی (2013 ) لە ناکاو ملیارێک و 300 ملیۆن دۆلار قەرزی دێتە سەر! بۆچی! نابێت شتی وا!؟ چۆن ئەمە وا ئەبێت؟ ئەوە ئەو کات دیارە هێشتا لە لینکی نێوان نەوت و بانک و دەڵاڵە سیاسییە- ناوچەییەکان نەگەیشتوون، دیارە دامەزراوەی نیشتیمانیی بەهێز پرسەکانی ئاڕاستە نە کردووە. دیارە تا ئێستا سەیری هەندێ فیلیمتان نەکردووە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت