سەردەشت محەمەد: ئێمە کەی ئەم دەهۆڵەمان لێدا و کەی دەنگەکەیمان بیست؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

زۆرێک لەئێمە ئەو چیرۆک و بەسەرهاتەمان بیستووە کە دەڵێت: لەشەوێکی تاریکدا دزێک، سەرقاڵی شکاندنی قوفڵی دوکانێک بوو، لەوکاتەدا کەسێک بەتەنیشتیدا تێدەپەڕێ و لێی دەپرسێ خەریکی چیت؟ دزەکە دەڵێت: دەهۆڵ لێدەدەم، کابرا ئەڵێ ئەی بۆ دەنگی نایە؟ دزەکەش دەڵێت: ئەم دەهۆڵەی من لێی دەدەم سبەینێ دەنگی دێت.
ئەم چیرۆک و حەقایەتە، هەردەڵێی بۆ ئەم سەردەم و وەختەی ئێمە وتراوە، سەردەمێک کە هەرڕۆژە و بڵاوبونەوەی هەواڵێک و کورتەڤیدۆیەک لەنێو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە لەبارەی بونی دەیان و سەدان گوند و ئوتێل و یانەی شەوانەی تایبەت بە ژنانی سەماکەر و پڕ لەو پیاوانەی کە تاوەکو درەنگانێکی شەو بەدیار سەمایی ژنانی فارس و و تورک و عەرەب و کوردەوە دادەنیشن توشی شۆکمان دەکەن.
هەر ئەمڕۆ بڵاوبونەوەی کورتەڤیدۆی منداڵێک کە پارە بەسەر سەماکارێکدا هەڵدەدات کە وەک دەوترێت لەیەکێک لەیانە شەوانەکانی هەولێری پایتەختەوە تۆمارکراوە و دوێنی ڕوداوی پەلاماردانی چەند کچێک لە گەڕەکی “هوانەی” شاری سلێمانی و لەماوەکانی ڕابردوشدا داخستنی یانەشەوانەکانی گەڕەکی “سەرچنار” لە سلێمانی هەڵای نایەوە، ئەم هەڵاو هاوارە هەمووی دەرئەنجامی ئەو دەهۆڵ کوتینەیە کە دەیان ساڵە ئێمە دەپرسین ئەرێ خێرە ئەم هەرێمە پڕبووە لەوکچە فارس و تورک و عەرەب و بەناومۆدێلانەی کە لەپڕ دەبن بەخاوەن ئۆتۆمبێلی گران بەها و شوقەو باڵەخانە و دەیان دەفتەردۆلار و بزنسی تایبەت بەخۆیان؟
چەندان ساڵە مامۆستایانی ئاینی و بەشێک لەڕۆشنبیران و خەمخۆرانی کۆمەڵگا و بەشێکی کەم لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و بەرگریکارانی بەهاوئەخلاقەباڵاکانی کۆمەڵگای کوردی دەپرسن هاتنی ئەم لێشاوە کچ و ژنە چییە ڕوودەکەنە سلێمانی و هەولێر، خێرە ئەم مۆڵەتدانە بەکردنەوەی ئەم هەموو یانە شەوانەیە؟ کەچی دەسەڵاتی کوردی لەبری بەهەندوەرگرتنی قسەی ئەم هەموو خەڵکە خەمخۆرە دەیوت: دەهۆڵی کرانەوەی کۆمەڵگای کوردی بەڕوی دونیادا لێدەدەین، ئەوەتا ئێستا بەڕونی دەنگی ئەم دەهۆڵە دەبستین و دەبینین کەچی کارەساتێکی گەورەیەو بەرۆکی ئێمەی گرتووە. ئەگەر هەبونی دەیان و سەدان و بگرە هەزاران شوێنی وەک یانەشەوانەکان و باڕ و جێگاکانی بەناو مەساج و ئوتێل و گوند و قومارخانەکان، بۆ هەروڵاتێکی دیکە ئاسایبێت و سەرچاوەیەک بێت بۆ کۆکردنەوەی داهات ئەوا بۆ کۆمەڵگایەکی وەک کورد نەک ئاسایی نییە، بەڵکو یاریکردنە بەئاگر، ئاگرێک کەدواجار بەردەبێتە سەرتاپایی کۆمەڵگاو جگە لە وێرانەیەک هیچ شتێکی دیکە لەشوێن خۆی بەجێ ناهێڵێت.
هەمووان دەزانین تاوەکو ئەمڕۆ ئەم کۆمەڵگایە تاکە چەکێک بۆ بەرگریکردن لەخۆی و مانەوەی لەسەر ئەم خاکە وپارێزگریکردن لەناسنامەی کوردبونی تەنها دەستگرتنێتی بەو کەلتور و بەهائەخلاقییەوە کە سەدان ساڵە شانازیی پێوەدەکات و خۆی پێ بەدونیا دەناسێنێت، ئەگینا میللەتی کورد جگە لەپارێزگاریکردنی لە ڕەسەنایەتی خۆی کوا کەی خاوەنی چەکی ئەتۆمی و سوپایەکی زەبەلاح و ئابورییەکی ئەوەندە بەهێزە کە بتوانێت بەربەرەکانی دوژمنەکانی پێبکات؟ بەبڕوای من یەکێک لەو هۆکارە بەهێزانەی وایکردووە ئێمەی کورد سەدان ساڵە لەنێو بۆسەی ئەم هەموو دوژمنە نێوخۆی و دەرەکییەدا ڕزگارمان ببێت و کوردبونی خۆمان لەدەست نەدەین تەنها دەستگرتنمان بووە بە کەلتوری باوباپیرانمانەوە، بۆیە پشت کردنمان لەڕەسەنایەتی خۆمان هێندەی دیکە ژێردەستەو دەبەشکراو و پارچەپارچەکراوترمان دەکات.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت