عەبدوڵا کەریم مەحمود: گەنجان و چارەنووسێکی نادیار!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

گەنجان لە هەموو کۆمەڵگایەکی جیهاندا، ئەو وزە لە بن نەهاتوەن، خاوەنی تواناو چالاکی و ئیرادەیەکی بە هێزی باڵان، رۆڵیان لە هەموو بوارە جیاجیاکانی ژیانی سیاسیی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و کلتووری و دەروونیدا دیارە، رۆڵی بنەڕەتی و سەرەکی لە بنیاتنانی کۆمەڵگادا دەبینن.
بە وزەو عەشقی بێ سنوور و رەنج و ماندووبوونی گەنجان، تێروانینی نوێ و هەنگاوی نوێ، بۆ ئاراستەی پێشکەوتن و بنەمای شارستانیەت و گۆڕانکاری و داهێنان بۆ ژیانی نوێ بۆ مرۆڤ و کۆمەڵگای مرۆڤایەتی دەنرێت.
بەپێی ئەو توێژینەوەو بە دواداچوون و پێوەرە نێو دەوڵەتیانە، گەنجان ئەو تاکانەن، تەمەنیان لە نێوان 14ساڵ بۆ 24ساڵە، بەپێی ئاماری نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ بواری پەروەردەو فێرکردن، گەنجان لە 18٪ ی دانیشتوانی جیهان پێک دێنن.
لە سەردەمی دەسەڵاتی کۆماری عێراق لە 1958- 1991، لە ماوەی 33 ساڵ، دەیان گەنج بە هۆی هەڵوێستی نەتەوەیی و نیشتمانیانەوە، لە مافە سەرەتاییەکانیان بێ بەش دەکران و بەشداری خۆپیشاندانەکانیان دەکرد، ملیان بۆ داوا ناڕەواکانی دەوڵەتی عیراق کەچ نەدەکرد، دەستگیر دەکران و لە زیندانەکان ئەشکەنجەو لە سێداردەدران، لە سەرشەقام و بەردەم خوێندنگاکاندا گولە باران دەکران.
لە 8 قۆناغی ئەنفالدا زۆربەی گەنجەکان جیاکرانەوە لە عملیەی مزدوجی 24 چەکی کیمیاوییان لە سەر جەستەیان لە کۆمپانیای( سامرا و عەکاشات و تاقی کردەوە، مخابەراتی عێراق دەیان و سەدان پاکیزەی ئەنفالیان بەوڵاتانی عەربی شوین بزر کرد. زۆربەی گەنجەکان لە بیابانەکانی ناوەڕاست و خواروی عێراق بە کۆمەڵ گولەباران کرد و لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان شوێن بزرکران.
زۆربەی گەنجەکان، لە ویستگە جیاجیاکانی خەباتی رزگاری خوازی کورددا، بوون بە پێشمەرگە، دەیان و سەدان و هەزارەها یان شەهیدو بریندار و کەم ئەندام بوون.
دوای راپەرین و گۆڕانکاری 9. 4. 2003 حیزبەکان و پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان، زۆربەی گەنجەکانیان کرد بە پێشمەرگە و پاسەوانی بەردەرگاو بارەگا و موچە خۆری بێ بەرهەم، ئەوە 31 ساڵە دەیان گەنجی کوڕو کچی ئەم نیشتمانە دوای خوێندن لە بوارە جیاجیاکاندا بڕوانامەی (دبلۆم و بە کالۆریوس و ماستەر و دکتۆرا ) بەدەست دەهێن، نە لە دام و دەزگانی حکومەت، نە لە کەرتی تایبەتی دانامەزرێن.
ئەو گەنجانە هیچ بنەمایەکی بژێوی ژیانیان وەک مافی هاوڵاتی لە نیشتمانەکەیاندا نییە، ناتوانن ژیانی خێزانی دروست بکەن، بێ لانەو بێ جێگان، تەمەنیان هەڵدەکشێ، گەر ژیانی خێزانیش پێک بهێنن، بەهۆی نەداری و بێ لانەییەوە لە دادگا لە یەک جیادەبنەوە.
گەر ئەم هەموو گەنجانە ئاوا بخرێنە پەراوێزەوە، ئەم دەسەڵات دارانەی حیزب و حکومەت، لە پایزی تەمەندان، تا مردن دەست بەرداری کورسیەکانیان نابن.
ئەوە 31 ساڵە، هاوكێشەیەکی ئاڵۆزو و تەرازویەکی لا سنگ دەبینین، لەم وڵاتەدا بە دەستوورو یاسایی نا لۆژیکانە، دەسەڵاتداران هەموو وزەو توانا و چالاکی و خەونی داهێنانی گەنجەکان زیندە بەچاڵ دەکەن.
ئایا گەر گەنجەکانی ئەم نیشتمانە بخرێنە پەراوێزەوە؟، ئاراستەی دوا رۆژی ئەم میللەتە بەرەو کام هەڵدێر دەبێتەوە؟ ئەم پلان و بەرنامەو نەخشەی پەلەمان و حکومەتی هەڕێمی کوردستانە، بۆ تێکشکانی گەنجانی کورد و کەسێتی مرۆڤی کوردە، لە رووی سیاسیی و ئابووری و کۆمەڵاتی و کلتووریی و دەروونی یەوە، زۆر لە ئەنفال و جینۆسایدو گۆڕە بەکۆمەڵەکان ترسناک ترە.

سەرچاوە/ گەنجان و کۆمەڵگا ، ئامادەکردنی لیال ئەحمەد ، وەرگێڕانی/ چرا عومەر ساڵح، پێنوس.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت