عەبدوڵا کەریم مەحموود: سوپاى عێراق و زنجیرە تراژیدیاکانی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

جەعفەر عەسکەرى هەموو تواناى خستە گەڕ، بۆ دروستکردنی سوپاى عێراق، لەسەرەتا دا (9) ئەفسەرى کۆکردەوە، (5) یان کورد بوون، بە دامەزرێنەرى سوپا دادەنرێن. لە (6) ى کانوونی دووەمی (1921) دا، یەکەمین سوپای عێراقیان پێکهێنا, بەناوی فەوجی (امام موسى کاظم) ـەوە لە بەغداد.
دەوڵەتی عێراق لەلایەن بەریتانیاوە دامەزرێنرا و سوپاش بەهەمان شێوە، دواتر مەشق بە سوپاکەى کراو پەروەردەکرا، بۆئەوەى ڕۆڵى پۆلیس ببینێ، بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوەوەى عێراق و جێگیرکردنی دەسەڵاتی کاربەدەستان.
فەیسەڵى یەکەم مەلیکی عێراق، ئەو ئەرکەى لە سوپا خواست، ژمارەى سوپاى عێراق (900) کەس بوو، هاوکاریى هێزە چەکدارەکانی بەریتانیاى لە داگیرکردنی سلێمانیدا کرد، بۆ بەگژدا چوونەوەى شۆڕشی گەلی کورد بەسەرکردایەتی شێخ مەحمود(1)
بەریتانیا دەسەڵاتی سیاسی بەخشى بە کەمایەتیەکی قەومی_سوننی عەرەبی، خەڵکى چەند شارێکی دیاریى کراوبوون، عێراق نیشتمانی چەند نەتەوەیەک و چەند مەزهەبێکە لەبەر ئەوەى دەسەڵاتداران سونی بوون. سوپاکەش هەر سەربە سونی بوو، چەند کێشەیەکی مەزهەبی و نەتەوەیی سەریان هەڵداو تا ئێستاش هەر بەردەوامە.
سوپاى عێراق لەسەرەتاى دامەزراندنییەوە تا (2003 ) کە (82) ساڵە، وەک هێزێکى داگیر کەرى بێگانە، هەڵسوکەوتی کردووە، بەپێى هەلومەرجە جیاجیاکان، تەکنۆلۆژیای عەسکەریان لە کوردستاندا تاقی کردۆتەوە، بێ ڕەچاوکردنی هیچ دەستوور و یاسا و دادگاییەک، دوور لە پەیڕەوکردنی مافی نەتەوەیی و مافی مرۆڤ، هەزاران کوردیان جینۆساید کردووەو شارۆچکەکانیان بۆردومان و خاپور و سوتماک کردووە، دەیان ئەفسەرى سوپاى عێراق، لەسەردەمی دەسەڵاتە یەک لە دواى یەکەکان، پلەو پایەى دەسەڵات و مەدالیاى سەرکەوتنیان بەهۆى ڕەشەکوژى ژن و منداڵ و پیاوی کوردەوە پێ بەخشراوە.

سوپا و کۆمەڵ کوژى کورد:
* لە 1923 -1927 حەرەکاتی عەسکەرى، بە یارمەتی هێزى ئاسمانی و زەمینی بەریتانیا دژى خەباتی گەلی کورد بە سەرکردایەتی شێخ مەحمود.
* لە 1930 -1931 حەرەکاتی عەسکەرى بە یارمەتی هێزى ئاسمانی بەریتانی دژى خەباتی گەلی کورد بەسەرکردایەتی شێخ مەحمود.
* لە 1931 -1932 حەرەکاتی عەسکەری بەیارمەتی هێزی ئاسمانی بەریتانی دژی شۆڕشی بەرزانیەکان.
* لە 1942 -1947حەرەکاتی عەسکەرى بە یارمەتی هێزى ئاسمانی بەریتانی دژى خەباتی گەلی کورد بەسەرکردایەتی بارزانی.
* لە 1961 -1975حەرەکاتی عەسکەرى دژى شۆڕشی ئەیلوول
*لە1976 تا 9/ 4/ 2003 حەرەکاتی عەسکەرى دژى شۆڕشی نوێی گەلەکەمان(2)

سوپا و زنجیرە کۆدەتاکانی
سوپاى عێراق تایبەتمەندە، بە سوپایەکی کودەتاى سەربازی، دەستى دەخستە کاروبارى سیاسی وڵات،
بۆ پارێزگارى ڕژێمێکى نادیموکرات، هێنانه‌ سەر کارى دەسەڵاتێکى دیکتاتۆرى، سوپاى عێراق لەناو سەراپا سوپاى وڵاتانی عەرەبی دا یەکەم سوپایە، بە نەریتی داهێنەرانەى (إنقلاب) ناسراوە، وەکو ناسنامەیەک عێراق خاوەنی (11) هەوڵدانی سەرکەوتووە وسەرنەکەوتوی کودەتای سەربازی بووە.
* لە 1935 کودەتای سەرکەوتووی بەکر سدقی.
* لە 1936 کودەتای سەرکەوتووى ئەفسەرانی قەومی دژى بەکر سدقی.
* لە 1941کودەتای سەرنەکەوتووی (4) عەقیدە قەومیەکە بەسەرکردایەتی ڕەشید عالی گەیلانی.
* لە14ى گەلاوێژى 1958 کودەتای سەرکەوتووى عەبدولکەریم قاسم دژى ڕژێمی پاشایەتی.
* لە1959 کودەتای سەرنەکوتووى ئەفسەرانی قەومی(الشواف) دژى قاسم.
* لە8ى شوباتی 1963 کودەتاى سەرکەوتووى قەومی و بەعسیەکان دژى عەبدولکەریم قاسم بەسەرکردایەتی عەبدولسلام عارف و ئەحمەد حەسەن بەکر.
* لە 1963 کودەتای سەرکەوتووى عەبدولسلام عارف دژى بەعسیەکان.
* لە 1965 هەوڵدانی سەرنەکەوتووی عارف عەبدولڕەزاق.
*لە 1968 کودەتای سەرکەوتووی بەعسیەکان، بەسەرکردایەتی ئەحمەد حەسەن بەکر.
* لە 1969 کودەتای سەرنەکەوتووی عەبدولغەنی الراوی.
* لە 1979 کودەتای سەرنەکەوتووی باڵێکی حزبی بەعس دژى سەدام حسێن(3).
ئەمە ئەزموونی دەسەڵاتدارانی عێراقە، کەلە بوارى کودەتادا، بە پاڵپشتی سوپاى عێراق چەندان سیناریۆى پڕلە تراژیدیایان دروست کردووە، دەیان کارەساتی پڕ لە جینۆسایدیان هەڵگیرساندووە.
ئەم (11) کودەتا یەک لە دواى یەکەى سوپاى عێراق، لە ماوەى (45) ساڵ دا، بوونە هۆى سەرهەڵدانی دەیان دیاردەى سلبی،لەناو کاربەدەستە باڵادەستەکانەوە شۆڕبونەتەوە بۆ ڕێزەکانی سوپا. هیچ شتێک لە ناو سوپادا بەهای متمانە وئاسوودەیی و دڵنیایی نەدەبەخشی، سوپا ئامێرێکى نوێ بوو،بۆ کودەتا یەک لە دواى یەکەکان، بۆ جینۆساید و بێ سەروشوێن کردنی خەڵک، حکومەتەکانی عێراق کە بەپێ ی کودەتاکان دەسەڵاتیان دەگرتە دەست، هەموویان تەواوی توانای خۆیان دەخستە گەڕ بۆ گۆڕینی بارى دیموگرافی ناوچەکانی کوردستان.

سوپا و حوکمى عورفى:
لەو کاتەوەى دەوڵەتى عێراق پێکهێنرا، گەلى عێراق هەرگیز ژیانى دیموکراتى بەخۆیەوە نەبینیوە، بەهیج جۆرێک ماف و ئازادى بیروباوەڕ و ڕۆژنامەنوسین و دامەزراندنی ڕێکخراوی سیاسی و پیشەیی و خۆپیشاندان و مانگرتنى نەبووە. هەرگیز مافی ئازادی هەڵبژاردنی ئەندامانی پەرلەمانێکى نەبووە، کەنوێنەرى ڕاستەقینەى خەڵک بێت، هەرکاتێک خەباتی کۆمەڵانی خەڵک لە پێناوی مافە قانونیەکانی خۆیاندا گەیشتبێتە قۆناغێک، مەترسی بۆ سەر ڕژێم دروست کردبێت، گەر دەزگا سەرکوتکەرەکانی ئەمن و پۆلیس نەیانتوانیبێت دایبمرکێننەوە، پەنایان بردۆتە بەر بەکارهێنانی سوپا، بۆ سەرکوتکردنی خەڵک و پارێزگارى دەسەڵاتەکەیان.
* لە (1948) خەڵکى عێراق لە پێناوى ئازادی و دیموکراتی، لە دژى پەیمانی عێراق-بەریتانی ڕاپەڕین، ڕژێمی پاشایەتی سوپای بۆ دامرکاندنەوەى ڕاپەڕینەکە بەکارهێنا، سوپا کاروبارى وڵاتی گرتە دەست، حوکمی عەسکەرى ڕاگەیاند، دادگای عەسکەریى پێکهێنا، بۆ ڕاونان و گرتن و سزادانی ئازادیخوازان.
* لە 1952 دا کۆمەڵانی خەڵک مانیان گرت، خۆپیشاندانیان سازکرد، بۆ بەدەست هێنانی ئازادى و دیموکراتی، سەر لە نوێ سوپا بۆ پارێزگارى ڕژێمى پاشایەتی ڕژانە سەر جادەو کاروبارى عێراقیان کۆنترۆڵ کرد، حوکمی عەسکەریان ڕاگەیاند، ئازادیخوازانی عێراقىیان بۆ دادگاکان ڕاپێچ کردو بزووتنەوەکەیان سەرکوت کرد.
* لە 1956 خەڵکى عێراق پشتیوانیان لە میسر کرد، دژى دەست درێژى “3” قۆڵى ئیسرائیل- ئینگلیز- فەرەنسی ڕاپەڕین، بۆ بەدەست هێنانی ئازادى و دیموکراتی، سوپا خۆى هەڵقورتاند بۆ دامرکاندنەوەى ناڕەزایی گەل، حوکمی عورفی ڕاگەیاند.
* لە 1958 لە دواى کودەتاکەى عەبدولکریم قاسم، سوپای عێراق خۆى هەڵقورتاندە کاروبارى گشتی وڵات و ژیانی تایبەتی خەڵک، دادگای عەسکەرى و حاکمی عەسکەرى، توانیان کارکردن بە دەستوور و قانوون پێشێل بکەن، مافی قانوونی هاوڵاتیان ڕابگرن، ڕاونان و گرتن و سزادان و کوشتنی هاوڵاتیان لەلایەن سوپاوە بوو بەکارێکى ئاسایی ڕۆژانە، تا 9. 4. 2003هەر بەردەوام بوو، بەتایبەتی لە کوردستاندا.
ئەرکی سوپا کوشتن و بڕین و بێ سەرو شوێن کردن بووە، لەسەرەتای جینۆ سایدەوە گەیشتە ئەزموونی ئەنفالی (1988).

سه‌رچاوه/ عەبدوڵڵا کەریم مەحمود، ره‌شه‌بای ژه‌هرو ئه‌نفال، به‌رگی: دووه‌م .ل3-٧.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت